2018227.jpg

پەرلەمانی كوردستان یاسایەكی بەناوی (چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی) پەسند كرد

Feb 27, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی رۆژی 2018/2/27، پەرلەمانی كوردستان، بەسەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان دانیشتنی ژمارە (13)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.

سەرەتا جێگری سەرۆكی پەرلەمان دانیشتنەكەی كردەوە كە درێژكراوەی دانیشتنەكانی رابردوو بوو لەسەر پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین وئیمتیازاتەكان.

پاشان لەلایەن بێگەرد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، پوختەی كۆنووسی دانیشتنی پێشووی پەرلەمان خوێندرایەوە، و ناوی ئەو ئەندامانەی پەرلەمانیش خوێندرایەوە كە لەدانیشتنی پێشوو مۆڵەت بوون یاخود ئامادەی دانیشتنەكە نەبوون و ناوی ئەو ئەندامانەشی كە بۆ دانیشتنی هەمان رۆژ مۆڵەتیان وەرگرتبوو خوێندرایەوە.

دانیشتنەكە كە بەردەوامبوون بوو لەسەر گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان، هەریەك لە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری و كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و سەرۆكی دەستەی دەسپاكی و دیوانی چاودێریی داراییی هەرێم ئامادەیبوون.

لە دانیشتنەكانی پێشوو هەشت مادە لە پڕۆژە یاساكە پەسند كرابوو بۆیە گفتوگۆكردن لەسەر بەشی پێنجەم كە تایبەتە بە بواری سەربازی و هێزی ئاسایشی ناوخۆ، مادەی نۆیەم ئەمەش بە پێی راپۆرتی شەش لیژنەی پەرلەمانی كە كراوەتە بنەما بۆ گفتوگۆكردن لەسەر پڕۆژە یاساكە دەستی پێكرد، كە خۆی لە چوار بڕگە دەبینییەوە، ئەوانیش چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكان لەگەڵ هەڵوەشانەوەی یەكەكانی ژمێریاری لە گشت یەكەكانی وەزارەتی پێشمەرگە بەیەكەی ژمێریاریی هێزەكانی 70 و 80ی وەزارەتی پێشمەرگەش و خستەسەر یەكەی ژمێریاریی سەربازیی وەزارەتی پێشمەرگە و پێویستە بخرێنە ژێر وردبینیی دیوانی چاودێریی دارایی و لەلایەن وەزیری پێشمەرگەوە ئاسانكاریی تەواو بكرێت بۆ وردبینی.

بەشی شەشەمی پڕۆژە یاساكەش تایبەت بوو بە دەرماڵەكان، كە مادەی دەیەمی پڕۆژە یاساكە بوو بۆ رێكخستنەوەی سەرجەم دەرماڵەكان و راگرتنی رێنمایی و پەیڕەوەكانی بەدەر لە مەرج و پێداویستییەكانی هاتوو.

هەژماركردنی خزمەت لە بەشی حەوتەمی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە ‌و دەرماڵە ‌و بەخشین و ئیمتیازاتەكان مادەی یازدەیەم بوو ئەژماركردنی مووچەی بنەڕەتیی سەرجەم مووچەخۆران و هەڵوەشانەوەی گشت پلە و مەرتەبەی زێدەكی كە بەدەر لە یاسا كارپێكراوەكان دراوە بە مووچەخۆران لەگەڵ هەڵوەشانەوەی ساڵانی خزمەتی ئەژماركراو بۆ خزمەتی وەزیفی.

مادەی دوازدەیەم بەشی هەشتەم سێ بڕگە و ئەحكامەكانی كۆتایی بوو. مادەی سێزدەیەمی پڕۆژە یاساكەش دەڵێت، پێویستە پاشەكەوتی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان_ عێراق بخرێتە حیسابێكی بانكیی تایبەت بەهەموو مووچەخۆران بەشێوەیەك كە مامەڵە پێكردنی بە پەیڕەوێك رێكبخرێت. لە مادەی چواردەیەمی پڕۆژە یاساكە بە سێ بڕگە باس لە دامەزراندن و خانەنشینكردنی بەڕێوەبەری گشتی و سەرووی ئەو پۆستە كراوە. مادەی پازدەیەم كاراكردنی سەندوقی خانەنشینی هەرێم روونكراوەتەوە و لەمادەی شازدەیەم لە دوو بڕگە باس لە جێبەجێكردنی یاساكە و دەركردنی پەیڕەوێك لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیران كرا لەگەڵ جێبەجێكردنی لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووری و لایەنە پەیوەندیدارەكان. هەروەها لە مادەی حەڤدەیەم بە سێ بڕگە باس لە كاریگەرییەكان جێبەجێكردنی ئەم یاسایە و مافی تانە لێدانیش دراوەتە ئەو كەسانەی كە یاساكە دەیانگرێتەوە. بە پێی مادەی هەژدە هیچ كەسێك خانەنشین ناكرێت یا هەر ئیمتازاتێكی دیكەی دارایی لە ژێر هیچ پاسا و ناوونیشانێك ئەگەر پێشتر بە شایستەبوونی یاسایی لە تۆمارەكانی داتابەیسی سیستەمی بایۆمەتری پەیڕەوكار و لەلایەن حكومەتی هەرێم تۆمار نەكرابێت. لە مادەی نۆزدەیەم باس لەو بڕە پارەیە كراوە كە دەگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی و لە مادەی بیستەمیش دەڵێت، كار بە هیچ دەقێكی یاسایی یان بڕیارێكی ناكۆك ناكرێت لەگەڵ حوكمەكانی ئەم یاسایە. مادەكانی بیست و یەك، بیست و دوو، بیست و سێ ئەنجوومەنی وەزیران پەیڕەو دەردەكات بۆ ئاسانكاری لە جێبەجێكردنی لەماوەی 30 رۆژدا و لایەنە پەیوەندیدارەكان حوكمەكانی ئەم یاسایە جێبەجێ بكەن لە رێكەوتی بڵاوكردنەوەی لە رۆژنامەی فەرمیی وەقایعی كوردستان. سەرجەم ئەو مادانەی كە لەسەرەوە باس كران دوای گفتوگۆكردنیان لەلایەن ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرانی ئامادەبوو، دوای داڕشتنەوەیان لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەكانەوە بە رەچاوكردنی سەرنج و تێبینی و پێشنیازەكانی ئامادەبووان و خستنە دەنگدانیانەوە بە جیا پەسند كران.

بەمجۆرە كۆی پڕۆژە یاساكە و هۆكارەكانی دەرچوواندنی خرانە دەنگدانەوە و پەسند كران و بەمشێوەیە دانیشتنەكە كۆتایی پێهات. شایانی باسە دەركردنی ئەم یاسایە سەرباری ئەوەی موچەی بەشێك لەوانە دەبڕێت كە بەنایاسایی لەلایەن حكومەتەوە موچەیان بۆ بڕاوەتەوە، بەتایبەتی پلە بەرزەكان، و بڕێك پارە بۆ خەزێنەی گشتی دەگێڕێتەوە، بەلام لە نێو جەماوەر و رای گشتیدا ناڕەزایی زۆری لێ كەوتۆتەوە كە موچەی پلە بالاكان بە رێژەیەكی كەم كەمكراوەتەوەو موچەی هەندێك لە كەمئەندامان و زیندانیانی سیاسیش بڕاوەو بڕی موچەی خانەنشینە پلە نزمەكانیش هەرچەندە كراوە بە (300000) سێ سەد هەزار دینار بەلام گلەیی لەسەر پەرلەمانتارانە كە رازی نەبوون و دەنگیان بۆ ئەوە نەداوە وەك عیراق بكرێت بە چوار سەد هەزار.