lijne-3frin4.jpg

دەقی راپۆرتی شاندی پەرلەمان كە سەردانی عەفرینیان كردبو

Feb 19, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بۆبەڕێز/ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بابەت/

راپۆرتی شاندی سەردانی عەفرین

بەڕێزان دوای ئەوەی پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ناردنی شاندیکی،بۆ(عەفرین) دا، شاندەکە،کە پێکهاتبون،لە ( عەلی هالۆ، د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر، عباس فتاح، سوهراب میکایل، عبدولڕەحمان فارس “ئەبو کاروان”)

ڕۆژی شەممە ١٠/٢/٢٠١٨، لە تەلاری پەرلەمانی کوردستانەوە کات ١١ پێشنیوەڕۆ،بەرەو دەروازەی سمێڵکا بەڕێکەوتوین، لە دەروازەی سمێلكا بەڕێزەوە بەرێكراین و لەو بەریش ، کات ٦ ئێوارە لەلایەن ( د.عبدولکریم عومر) سەرۆکی دەستەی کاری دەرەوەی کانتۆنەکانی ڕۆژئاوا و (خاتو سەنا دهام) ی یاریدەدەری شاندێكى هاوڕێى پێشوازییان لێکردین.

رۆژی دووەم: ١١/٢/٢٠١٨ کات ٩ بەیانی بەڕیکەوتین و بەڕێگایەکی ئەفسانەییدا، کات ٩ شەو گەیشتینە عەفرین،لەناو ئاپۆرای خەڵک و پێشوازی گەرمدا، لەلایەن بەرپرسانی خۆبەڕێوەبەری عەفرین و ئەنجومەنی یاسادانان و ئاپۆڕای خەڵك و لایەنە سیاسەكان بە گەرمی و جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لە شاندەكە كرا. دوای ئەوەی لەوتەیەکدا،پەیامی پشتیوانی و هاوسۆزی پەرلەمان و خەڵکی باشوری کوردستانمان،بە خەڵکی عەفرین گەیاند،ئیدانەی داگیرکاری و لەشکرکێشی سوپای تورکیامان،بۆ عەفرین دوپاتکردەوە. چەند زانیارییەک،لەبارەی عەفرین: کانتۆنی عەفرین سێ دەسەڵاتی یاسادانان وجێبەجێکردن و دادوەری هەیە، ئەنجومەنی جێبەجێکردن،لە ١٥ دەستە ( وەزارەت ) پێکدێت،ئەنجومنەی یاسادانان لە ١٠١ ئەندام پێکدێت وسیستمی هاوسەرۆکایەتی پەیڕەودەکرێت. هەرێمی عەفرین ئابوری خۆژێنی هەیە و ئاستی ژیان و داهاتی تاک زۆرباشە وموچەی کارمەندێکی کانتۆنەکان،لە کارمەندێکی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا بەرزترە. هەرێمی عەفرین،کە لە دو کانتۆنی عەفرین و شەهبا پێک دێت،ژمارەی دانیشتوانەکەی نزیکەی ٩٠٠٠٠٠ نۆسەد هەزار کەسە. دو کەمپی ئاوارەی شەڕی سوریای تێدایە،کە نزیکەی ٤٠٠٠٠٠ چوارسەد هەزار کەسی تێدایە و کەمپی ڕوبار تا ئێستا هاوکاری پێ نەگەشتوە. ڕوبەری عەفرین ٣٨٠ کم چوارگۆشەیەو بە ٨٠ کم دەگەیتە دەریای سپی ناوەراست. نزیکەی ٢٠ ملێۆن داری زەیتون و نزیکەی ١٠ ملێۆن داری هەناری تێدایە. ٥٠٠٠٠ پەنجا هەزار خوێندکار و قوتابییان ،لە پۆلی ١_ ١٢ ئامادەیی كە ئێستا لە خوێندن دابڕاون. ٢٧٠٠ مامۆستیان هەیە. ١ زانکۆی هەیە،کە ٦ شەش بەشی تێدایە. ١٣ بەشی پەیمانگاو ٢ دو خوێندنگای تایبەتی تێدایە. ئێستا بە هۆی شەڕو لەشکرکێشی تورکیاوە،خوێندن وەستاوە و تەواوی قوتابیان و خوێندکاران ومامۆستیان،خوێندن و کارەکانیان دابڕون. ٣١ خوێندنگای گوندەکان، بەهۆی هێرشی تورکیاوە کاولکراون. شوێنەواری مێژویی ( عەندار ) پەرستگایەکە، مێژوەکەی بۆ ١٣٠٠ سال پێش زاین دەگەڕێتەوە و لە یونسکۆ تۆمارکراوە،هاوشیوەی ڕەفتارەکانی داعش بە بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا کاولکراوە. هەوڵی تێکدانی بەنداوی ( مەیدانکێ ) دراوە،کە مەترسی گەورەی،بۆ عەفرین دروست دەکرد.

ڕۆژی سێیەم: ١٢/٢/٢٠١٨ کات ١٠ بەیانی،لەتەلاری ئەنجومەنی جێبەجێکردن کۆنگرەیەکی ڕٶژنامەوانیمان ئەنجامدا و ئامانجی سەردانەکە و پەیامی پەرلەمانی کوردستانمان باسکرد و وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەوانان درایەوە. کات ١١ پێشنێوەڕۆ: بەشداری مەراسیمی بەخاکسپاردنی ١٧ شەهیدمان کرد و وتاری پەرلەمان، لەلایەن ئەبوكاروان خوێندرایەوە. کات ١ نیوەڕۆ سەردنی نەخۆشخانەمان کرد: نەخۆشخانەی ئەڤرین ١٢٠ تەختی تێدایە، هەمو جۆرە نەشتەرگەرییەکی تێدا دەکرێت و ١٤٨ کارمەندی هەیە و ٢٤ کاژێر کاردەکات و ١٠٠./ بەخۆڕاییە و ڕۆژانە ٧٠٠_ ٨٠٠ نەخۆش سەردانی دەکەن. سەردانی بریندارەکانمان کردو لەناویاندا ژن و منداڵ وکەسانی بەتەمەن هەبون، چەندین خەڵكی مەدەنیمان بینی لەوانە ژنی تەمەن 70 ساڵ و بەساڵاچوێكی تەمەن 80 ساڵ بە شێوەیەكی نامرۆڤانە لەلایەن ئەو هێزانەی پالاماری گوندەكانی عەفرینیان دابوو لێی درابوو. کات ٣ دوای نیوەڕۆ سەردانی شوێنەواری مێژویی ( عەندار) مان کرد،کە مێژوەکەی بۆ ١٣٠٠ ساڵ پێش زاین دەگەڕێتەوە و فڕۆکە کاولی کردوە. کات ٤ عەسر،سەردانی مەیدانی ناوبازاڕمان کرد و لەنزیکەوە ژیان و کاروباری ڕۆژانەی خەڵکمان بینی،کە سەرقاڵی ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بون. کات ٦ ئێوارە: لەتەلاری ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کانتۆنی عەفرین،لە گەڵ لایەنە سیاسییەکانی عەفرین کۆبوینەوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکان سەردانی شاندی پەرلەمانیان،بە گرنگ وەسفکرد و بە بەرجەستەکردنی یەکبونی نەتەوەییان دانا،بەجۆرێک دەرکەوت،کە لەکاتی لەشکرکێشی و پەلاماردا،تەنیا کورد پشتیوانی کوردە،بەواتایەکی تر دەرکەوت عەفرین،بەتەنیا نییە،بۆیە پێویستە کۆنگرەیەکی نەتەوەیی ئەنجام بدرێت و چەند هێڵێکی هاوبەشی سترایژی دابنرێت و کاری لەسەر بکرێت و ڕێگە،لە دوبارەبونەی شەنگال ومەخمور وکەرکوک وتراژیدیا و جینۆسایدی تر بگیرێت. لەگەڵ نوێنەری چەندین پارتی سیاسی هەرێمی عەفرین كۆبووینەوە. لەماوەی مانەوەمان،لە عەفرین چەندین کۆبونەوە و دیدارمان،ئەنجامدا سەردانی مەیدانی ناو شار و قسەکردنمان لەگەڵ خەڵک و ئەو ورەبەرزی و بڕوا بەخۆبون وپشت بەخۆبەستنەیان ئاماژەی دیاری سەرکەوتنیانە، تاوەكو ئێستا كە مانگێکە،جگە لە چەند گوندێکی بچوکی بلبلێ،لە هیچ سنورێکەوە پێشڕەوی نەکردوە،کە ئەویش بەشەوانپاشەکشەی پێ دەکەنەوە،بەگشتی گوندەکانی بلبلێ کاولکراون، نیوەی جندرێس کاولکراوە، مزگەوت و خوێندنگاو پرۆژەی ژێرخانی ئابوری و دەواجن و پرۆژەی بەخێوکردنی مەڕوماڵات و شوێنەواری مێژویی و ….، کاولکراون، تاکاتی سەردانی شاندەکە نزیکەی ١٦٦ کەسی مەدەنی شەهید بون و ٤٠٠ کەسیش برینداربون،کەلەناویاندا منداڵ و ژن و کەسانی بەتەمەن هەیە، سێ مامۆستا و 74 قوتابی و خوێندكار شەهید بوون، چەندین خەڵك لەم سەردەمەدا لەناو ئەشكەوت ژیان دەگوزەرێنن.

رۆژی چوارەم: ١٣/٢/ ٢٠١٨ کات ٩:٣٠ لەبارەگای ئەنجومەنی جێبەجێکردن دوا کۆبونەوەمان کرد و جگەلەوانەی سەردانمان کردبون و خۆمان بینیبومان،تەواوی دیکۆمێنت و زەروزیانەکانیان پێ داین،هەر ئەو ڕۆژە پێشنیوەڕۆ،لەناو شاری عەفرین دا،کە نزیک بارەگای ئەنجومەنی جێبەجێکردن و نەخۆشخانە بو،لەئەنجامدا هاوڵاتییەک شەهیدبو، سێ هاوڵاتیش برینداربون. هەمان ڕۆژ دوای ماڵئاوایی و بەڕێکردن،بەرەو کانتۆنی کۆبانی بەڕیکەوتین و کات ٦ ئێوارە گەیشتینە کۆبانی، لەلایەن بەرپرسانی كانتۆنەكەوە پێشوازی كراین و لەگەڵیان كۆبوونەوەیەوە.

ڕۆژی پێنجەم: ١٤/٢/٢٠١٨ سەرەتا مەنسور سەلوم،هاوسەرۆکی ئەنجومەنی فیدڕاڵی باکوری سوریا،سەردانی شاندەکەی کرد،پاشان کات ٩:٣٠ لەتەلاری ئەنجومەنی جێبەجێکردنی کانتۆنی كۆبانێ کۆبونەوەیکمان ئەنجامدا،بەئامادەبونی ئەنوەر موسلیم وبێریڤان حەسەن هاوسەرۆکانی کانتۆنی کۆبانی و ژمارەیەك بەرپرسی هەرێمی فوڕات و كانتۆنی كۆبانێ. بارودۆخی گشتی و شێوازی ئاوەدانکردنەوەی کۆبانی و ئاستی داهات و جمجوڵ و ئامانجەکانی تورکیا باسکران و دوای پشتیوانی وهاوکارییان دەکرد،لە هەمو بوارەکاندا،دروستکردنی پەیوەندی لەهەمو ئاستەکاندا. پاشان سەردنای گۆڕستانی شەهیدان و چیای مشتەنور و زانکۆی کۆبانی ومۆزەخانەی شەڕ و ناو کۆبانیمان کرد. کانتۆنی کۆبانی لە ١٤ چواردە دەستە ( وەزارەت ) پێکدێت. ئەنجومەنی یاسادانان،لە ٦١ ئەندامی هیە،هەرێمی فورات ٧١ ئەندامی هەیە. زانکۆی کۆبانی ٤ چوار بەشی تێدایە. بەگشتی سێ بەنداو،لەدەستی ڕۆژئاوادایە. کات ٢ ی دوانێوەڕۆ،بەرەو قامیشلۆ بەڕێکەوتین،هەمان شەو لە ( عامودا ) لە گەڵ عبدولکریم عومر سەرۆکی دەستەی کاری دەرەوە و بەرپرسانی تر کۆبونەوەیەکمان ئەنجامدا، لەبارەی ئەنجامی سەردانەکە و دۆخی گشتی و کارەکانی شاندکە دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان.

ڕۆژی شەشەم: ١٥/٢/٢٠١٨ کات ٩:٣٠ بەیانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێکەوتین ولەسنور عبدولکریم عومەر سەرۆکی دەستەی کاری دەرەوە و ئەندامامی پەیوەندییەکان وبەڕێوەبەری دەروازی پیشخابو مالئاواییان لەر شاندەکە کرد ، لەم بەریش لەلایەن شەوكەت محمد حەسەن، بەڕێووبەری خاڵی سنوری سمێڵكا(پیشخابور) پێشوازی لە شاندەكە كرا. کات ١٢ نیوەڕۆ،گەیشتینەوە هەرێمی کوردستان و لە دەروازەی سمێڵکا کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیمان ئەنجامدا.

پێشنیاز: پێشنیاز دەکەین، ئەم خاڵانەئەنجام بدرێت:

یەکەم: لەئاستی ناوخۆ

١- لە رێگەی سەرۆكایەتی پەرلەمان و پەیوەندیەكانی پەرلەمان سەردان و کۆبونەوە،لەگەڵ قونسوڵ و نوێنەری وڵاتان،لە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەیان،لەوەی دۆخی عەفرین وچۆنە وپێشێلکاری و کاولکاریەکانی تورکیا،لە چ ئاستێک وکام بواردا بوە، بۆئەوەی پشتیوانیان بن وڕۆڵیان هەبێت،لەسەر وڵاتەکانیان،لە کۆتاییهێنان،بەلەشکرکێشی تورکیا، بۆنمونە چوار شەممە 21/2 لەگەاَ كونسوڵی ئەڵمانیا كۆبوونەوەمان هەیە، هەفتەی داهاتووش لەگەڵ كونسوڵەكانی روسیا، فەڕەنسا … ٢_لە چوارچێوەی بڕیاری ژمارە ٢٤ سالی ٢٠١٤ پەرلەمانی کوردستان.

٢- لەسەر حکومەتی هەرێم پێوسیتە ،لە هەمو رویەکەوە هاوکاری ڕۆژئاوا بکات، لەو چوارچیوەدا،هەمو جۆرە هاوکارییەک، بۆ عەفرین پێوسیتە،مادی، مەعنەوی، دەرمان، خۆراک، پێداویستی منداڵان.

٣- كردنەوەی نوێنەرایەتیەکی فەرمی عەفرین و كانتۆنەكان لە پایتەختی هەرێمی كوردستان پێوسیتە، بۆ ئەوەی پشتیوانی بۆ عەفرین پەیدابکات. ٤_ عەفرین بکرێتە خاڵی بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی ، بۆ دانانى ستراتیژێكی نەتەوەی هاوبەش و دبلۆماسیەتێكی نەتەوەیی و رێكخستنی ناو ماڵى كورد زۆر پێوسیتە. ٥_کارئاسانی تەواو،لە دەروازەی سمێڵکا بکرێت و هەر کێشەیەک، لە بواری هاتوچۆدا هەبێت چارەسەر بکرێت، سەرەڕای ماندووبنی زۆریان سوپاسی هەردوو لایەن دەكەین، كە لەم قۆناخەدا هاوكارن.

دووەم: لەئاستی دەرەوە سەردانی پەرلەمانی ئەوروپا و وڵاتانی ئەوروپاو ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان،بۆئەوەی پشتیوانی عەفرین بن و کۆمەکی خەڵکەکەی بکەن و لە ڕودانی کارەساتی مرۆیی ڕێگە بگرن.

لە كۆتایدا سوپاسی هەریەك لە ( ئاوارە حەمید، لە راگەیاندنی پەرلەمان و باوەڕ نەوزاد و فوئاد عەبدوڵا شوفێرانی پڕۆتۆكۆڵى پەرلەمان) دەكەین كە هاوسەفەربوون و زۆر ماندووبوون.

عەلی عەلی هالۆ، د.شێرکۆ حەمەئەمین قادر، عباس فتاح، سوهراب میکایل و عبدولڕەحمان فارس ( ئەبو کاروان )

٢/١٩/ ٢٠١٨