2018222.jpg

دانیشتنەكانی پەرلەمان سەبارەت بە گفتوگۆی پرۆژە یاسای موچەو خانەنشینی بەردەوامە

Jan 12, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

پەرلەمانی كوردستان دانیشتنی ژمارە ١٠ ی ئاسای لە دوو رۆژی لە رۆژی ٢١و ٢٢/٢/٢٠١٨ بەڕێوەچوو. لە رۆژی ٢١/٢/٢٠١٨ بەر لەدەستكردن بە بەرنامەی كاری دانیشتنەكە، لەلایەن ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمانەوە پێشنیاز كرا خاڵی سێیەمی بەرنامەی كار بكرێتە خاڵی یەكەم و خاڵی حەفتەمیش بكرێتە خاڵی دووەم و خاڵی دەیەمیش بكرێتە خاڵی سێیەم و دوای خستنە دەنگدانیانەوە بەجیا هەر سێ پێشنیازەكە بە كۆی دەنگی ئەندامانی پەرلەمان پەسند كران.

خاڵی یەكەم‌ بریتی بوو لە خوێندنەوەی راپۆرتی شاندی پەرلەمان سەبارەت بە بارودۆخی عەفرین، لەلایەن پەرلەمانتار د.شێركۆ حەمەئەمین، ئەندامی شاندی پەرلەمان بۆ رۆژئاوا .

خاڵی دووەم بریتی بوو لە گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەكانی دیكە لە هەرێمی كوردستان.

كەریم سنجاری، وەزیری ناوخۆ و د.رێباز حەملان، وەزیری دارایی و مەحمود حاجی صالح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و ئامانج رەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و ژمارەیەك لە راوێژكارانی ئەنجوومەنی وەزیران و بەڕێوەبەرانی بەشەكانی سەر بەوەزراتە ناوبراوەكان ئامادەی دانیشتنەكە بوون.

لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمانەوە پێشنیازكرا كە دانیشتنەكە بە داخراوی بەڕێوەبچێت و خرایە دەنگدانەوە و بە زۆرینەی دەنگ پەسندكرا و دانیشتنەكە بە داخراوی بەڕێوەچوو و .

لە درێژەی كۆبوونەوەكەدا سەعات 10ی بەیانیی رۆژی پێنجشەمە 2018/2/22، پەرلەمانی كوردستان بەسەرۆكایەتیی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و بێگەرد دڵشاد تاڵەبانی، سكرتێری پەرلەمان، دانیشتنی ژمارە (11)ی ئاساییی خولی پاییزە، ساڵی پێنجەم لە خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.

لە دانیشتنەكەدا كە درێژەدان بوو بە گفتوگۆكردنی پڕۆژە یاسای چاكسازی لە خانەنشینی و مووچەو دەرماڵەو بەخشین و ئیمتیازاتەكان، كە هەریەك لە رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری و مەحمود حاجی صالح، وەزیری كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان و شاندێكی ئەنجوومەنی وەزیران بەشداربوون تێیدا، مادەی چوارەمی پڕۆژە یاساكە كە تایبەت بوو بە هەڵوەشانەوەی گشت بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و یەكەكانی كارگێڕی كە مووچەیان تیا خەرجدەكرێت و خستنەسەر بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی و ئابووری، ماددەی پێنجەمیش راستكردنەوەو هەڵوەشانەوەی سەرجەم خانەنشینی بوون كە بەدەر لە یاسا ئەنجامدراون، بەشی سێیەمی پڕۆژە یاساكەش كە تایبەت بوو بە رێكخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتی میراتگرانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیان و راگیراوانی سیاسی كە لە نۆ بڕگە پێكهاتبوو، دوای گفتوگۆكردنیان و سەرلەنوێ داڕشتنەوەیان بەڕەچاوكردنی سەرنج و تێبینیی ئەندامانی پەرلەمان و وەزیرانی ئامادەبوو، خستنە دەنگدانیانەوە بەجیا پەسند كران، بەمجۆرە شەش مادەی دیكەی پڕۆژە یاساكە پەسندكرا و لە دانیشتنی دوێنێشدا سێ مادەی لێ پەسندكرا.

دواتر كۆبوونەوەكە بۆ سەعات 11ی پێشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممەی داهاتوو دواخرا.