هەڵوێستی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەهێرشی سەربازی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر كانتۆنی عفرین

Jan 30, 2018  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

هەڵوێستی فەرمی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بەهێرشی سەربازی دەوڵەتی توركیا بۆ سەر كانتۆنی عفرین لە رۆژئاوای كوردستان.

پەرلەمانی كوردستان لە دانیشتنی ئاسایی ژمارە (٥)ی رۆژی ۳٠/۱/۲٠۱۸ سەبارەت بەهێرشی داگیركاری دەوڵەتی توركیا بۆ سەر كانتۆنی عفرینی رۆژئاوای كوردستان هەڵوێستی فەرمی گەلی باشوری كوردستانی بەم جۆرەی خوارەوە راگەیاند:

یەكەم_ شەرمەزارو ئیدانەی هێرشی سەربازی دەوڵەتی توركیا دەكەین بۆ سەر شاری عفرینی رۆژئاوای كوردستان.

دووەم_ داوا لەنەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵی نێودەوڵەتی دەكەین بە خێرایی بێنە سەر خەت بەمەبەستی راگرتنی هێرشی ناڕەوای توركیا بۆ سەر كانتۆنی عفرین.

سێیەم پێویستە دەوڵەتی توركیا رێز لەبنەماكانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی بگرێت و، داواش دەكەین دەستبەجێ هێرش و پەلامارەكان رابگرێت.

چوارەم_ داوا لە رێكخراوە مرۆییە نێودەوڵەتیەكان و لایەنەكانی كۆمەكبەخش دەكەی بەهانای خەڵكی مەدەنی شاری عفرینەوە بچن. لە پێشكەشكردنی هاوكاریی و دابینكردنی پێداویستیە مرۆییە سەرەتاییەكان. پێنجەم_ بەرگری رەواو قارەمانانەی ژنان و پیاوانی خەڵكی خۆڕاگری رۆژئاواو كانتۆنی عفرین بەرز دەنرخێنین و هیوای سەركەوتنیان بۆ دەخوازیین.

لەم سۆنگەیەشەوە ئەم پێشنیارانەی خوارەوە دەخەینە روو

یەك_ سنوری نێوان هەرێمی كوردستان و رۆژئاوا كراوە بێ بۆ گەیاندنی هاوكاری و كۆمەكی پێویست لە رووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵكی لێقوماوی ێ‌ری عفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی.

دوو_ پێویستە هێزو لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستان بەلەبەر چاو گرتنی مەترسیەكانی سەر ئەزموونی رۆژئاوا، ناكۆكیەكانیان بەلاوە بنێن و لە رێگای دایەلۆگ و یەكر قبوڵكردنەوە یەكڕیزی نەتەوەیی دروست بكەن و دەستكەوتەكانیان بپارێزن.

سێ_ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كوردستان لەم قۆناغە بەپێویست دەزانین بۆ راپەڕاندنی ئەركە هاوبەشە نیشتمانیەكان و، پێویستە بەرژەوەندی باڵای گەلی كوردستان بەكردار بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیە ئایدۆلۆژیی و حزبی و سیاسیەكان.

لە كۆتاییدا بەناوی پەرلەمانی كوردستان سوپاس و ستایشی هەڵوێستی بوێرانەی جەماوەری گەلی كوردستان لەباشوورو رەوەندی كوردستانی لە وڵاتانی دەرەوە دەكەین، لە پشتیوانی شاری عفرین و خەڵكی قارەمانی رۆژئاوا. هیوا خوازین ناڕەزایی و چالاكی و خۆپیشاندانەكان بۆ كۆتایی هێنان بەهێرش و پەلاماری توركیا بەردەوام بن. چونكە ئەزموونی رابردوو بۆ هەموو لایەكی سەلماندوە كێشەو ناكۆكیەكان بەهێز چارەسەر نابن و لۆژیكی گفتوگۆی ئاشتیانە كلیلی چارەسەری هەموو كێشەكانە. سەركەوتن بۆ ئیرادەی گەلەكەمان لە رۆژئاوای كوردستان سڵاوو ستایش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كوردو كوردستان.

پەرلەمانی كوردستان ۳٠/۱/۲٠۱۸