ماڵپه‌ڕی فه‌رمی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌واڵێكی بڵاوكردۆته‌وه له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی نیوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئێمه‌ش وه‌ك خۆی بڵاویده‌كه‌ینه‌وه:
له‌سه‌ر داوای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 2017/12/13، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش له نێوان سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، له هۆڵی پرۆتۆكۆل له ته‌لاری په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
شاندی په‌رله‌مانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان و ئه‌ندامییه‌تیی سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ری لیژنه‌كانی دارایی و كاروباری ئابووری و وه‌به‌رهێنان و پیشه‌سازی و وزه و سه‌رچاوه سروشتییه‌كان و كاروباری یاسایی له په‌رله‌مانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له راوێژكارانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێكهاتبوو، شاندی حكومه‌تیش به سه‌رۆكایه‌تیی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و ئه‌ندامییه‌تی مه‌ولود باوه‌موراد، وه‌زیری كاروباری په‌رله‌مان و رابه‌ر صدیق، بریكاری وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری و سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم و به‌رپرسی فه‌رمانگه‌ی یاسایی و ژماره‌یه‌ك له راوێژكارانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران پێكهاتبوو.
كۆبوونه‌وه‌كه ته‌رخان كرابوو بۆ خستنه‌ڕووی راپۆرتی وه‌زراتی دارایی و وه‌زاره‌تی سامانه سروشتییه‌كان سه‌باره‌ت به داهات و خه‌رجییه گشتییه خه‌مڵێندراوه‌كان بۆ شه‌ش مانگی یه‌كه‌می ساڵی داراییی 2018 و خستنه‌ڕووی بژارده‌كانی به‌رده‌م حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له ئه‌گه‌ری رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق یاخود رێكنه‌كه‌وتن.
به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه ته‌رخان كرابوو بۆ خستنه‌ڕووی پڕۆژه‌ی چه‌ند بڕیارێكی چاكسازی له بواری رێكخستنه‌وه‌ی كه‌رتی وه‌زیفه‌ی گشتی و خانه‌نشینی و مووچه (له كه‌رته‌كانی مه‌ده‌نی و سه‌ربازی و هێزه‌كانی ئاسایشی ناوخۆ).
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه هه‌ریه‌ك له جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی حكومه‌ت، كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به هه‌نگاوێكی ئه‌رێنی به‌ره‌و ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت وه‌سف كرد و ئاماده‌یی په‌رله‌مانیان بۆ هه‌ر هه‌نگاوێكی جدیی چاكسازیكردن له دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم ده‌ربڕی، به تایبه‌ت له نزیكه‌وه كاركردن و به‌دواداچوونی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ كاروباری وه‌زاره‌ته‌كانی حكومه‌ت.
پاشان سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم سوپاسی پێشوازیی ئاماده‌بووانی كرد و خۆشخاڵیی خۆی به ئاماده‌بوون له په‌رله‌مان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: “ئامانجمانه په‌رله‌مان له دۆخی دارایی و هه‌نگاوه‌كانی حكومه‌ت بۆ چاكسازی ئاگادار بكه‌ین دوای ئه‌و قه‌یران و دۆخه‌ی به‌سه‌ر هه‌رێمدا هات، راسته دۆخێكی تا بڵێی سه‌خت هاتۆته پێشه‌وه، به‌ڵام به ته‌نسیق و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت ده‌توانین ئه‌و دۆخه تێپه‌ڕێنین”.
جه‌ختیشی له‌سه‌ر فاكته‌ری یه‌كڕیزیی لایه‌نه سیاسییه‌كان كرده‌وه و ستایشی هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه كوردستانییه‌كانیشی كرد كه له به‌غدا به‌یه‌كهه‌ڵوێست به‌رگری له ماف و ده‌سكه‌وته‌كانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم گووتیشی: “هه‌رچه‌نده تابلۆی ئێستای په‌رله‌مان خواستراو نییه به‌ڵام سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كان خه‌مخۆری تێپه‌ڕاندنی ئه‌و دۆخه‌ن”.
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شی نێوان په‌رله‌مان و حكومه‌ت، تیشك خرایه سه‌ر ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه و له‌وباره‌یه‌وه ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، رایگەیاند: “لە کۆبوونەوەکەدا دوو بژاردە باسکراوە ئەوانیش رێكکەوتن لەگەڵ بەغدا یان رێکنەکەوتن، هەردوو ئەگەرەکەش بەوردی گفتوگۆی لەسەرکرا و هەموو ئەگەرەکانیش بۆ دابینکردنی مووچە تاووتوێ کران”.
گووتیشی: “هەناردەی نەوتی هه‌رێم بۆ نیوە کەمی کردووە و داهاتەکەشی کەمبۆتەوە بۆ نیوە، کە دوای دەرکردنی خەرجی تەنها 400 ملیار بۆ مووچە دەمێنێتەوە”.
هه‌ر له كۆنگره رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، رایگه‌یاند: “سندوقی خانەنیشنی کارادەکرێت و میکانیزمی خانەنیشنی کاری پێدەکرێت و پێداچوونەوە بەخانەنیشنی دەکرێت و لەگەڵ پەرلەمانیش یەکدەنگین لەسەر بەدەستهێنانی مافی خەڵکی کوردستان، خەڵک هەیە چەندین ساڵ خزمەتی کردووە و خەڵکیش هەیە له دامەزراوەکانی خانەنیشنی نەهاتووە، بەڵام خانەنیشن کراوەو ئێستا ناکرێت بەیەکچاو سەیریان بکرێت”.
گووتیشی: ” پێداچوونەوە بە دەرماڵەی سەرجەم وەزارەتەکان دەکرێت و هەرکەسێک شایستەی مووچە نەبێت، مووچەی پێ‌نادرێت و کاتی ئەوە هاتووە چاکسازیی گەورە و جدی لە لیستی مووچەخۆران بکرێت و نابێت خەڵکی شایستە بکرێتە قوربانی”.
سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی بەوەشکرد، کە بەمنزیکانە کۆمپانیای دیلۆت کە وردبینی لە فرۆشتن و داهاتی نەوت دەکات دێتە پەرلەمان.
سەبارەت بە ئامادە نەبوونی ئاشتی هەورامی، وەزیری سامانە سروشتییەکان لە کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گووتی: “لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران بەشداربووە، بەڵام ئەمڕۆ نەتوانرا بەشداری کۆبوونەوە بکات”.
سەبارەت بەو پڕۆژە یاسایەی كه ئەمڕۆ فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی پێشکەشی کردووە تایبەت بە چاکسازیی سیاسی و ئابووری، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران گوووتی: “پڕۆژەکە خاڵی گرنگی تێدایه”.
باسی لەوەشکرد، ئەو بڕەی بۆ هەرێم لە پرۆژە یاسای بودجە دیاریکراوە زۆر کەمترە لەو بڕەی ئێستا بەپاشه‌کەوتەوە دەدرێتە مووچەخۆران و رایگه‌یاند: “بەهیچ شێوەیەک باس لەوە نەکراوە هەشت سەد ملیار دینار کۆبکرێتەوەو ئینجا مووچە دابەشبکرێت و کێشەی گەورە لەگەڵ بەغدا لەسەر جێبەجێنەکردنی دەستوورە یاخود دوو مانگ جارێک نیو مووچە بدرێت ئەمانە بەهیچ شێوەیەک قسەی لەسەر نەکراوه”.
هه‌ر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا شێرکۆ جەوده‌ت، ئەندامی لیژنەکانی دارایی و كاروباری ئابووری و پیشە سازی و وزە و سامانە سروشتییەکان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، رایگەیاند: “لەگەڵ شاندی حکومەت بەوردی باس لە هەموو ئەگەرێک کراوە بۆ دابینکردنی مووچە و پێویستە لەمەودوا داهات بۆ پەرلەمان روونبکرێتەوه، چونکە دۆخەکە زۆر خراپە و قۆناغی داهاتوو قۆناغی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ده‌بێت”.
گووتیشی: “پێویستە هەمووان بەیەکەوە هاوکاربین بۆ تێپەڕاندنی ئەو دۆخە، چونکە دۆخەکە زۆر هەستیارە و پێویستیی بە یەکدەنگی هەیە لە پێناو تێپەڕاندنی”.
شێركۆ جه‌وده‌ت، گووتیشی: “نابێت مووچەخۆری راستەقینە بکرێتە قوربانیی مووچەخۆری وەهمی، بەڵکو پێویستە بەوردی مووچەخۆرانی راستەقینە جیا بکرێتەوە لەو مووچەخۆرانه‌ی کە وەهمین”.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: “شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەکات و وەک دەستپێشخەرییەک بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا”.