PSHYWI-PERLEMAN29102017.jpg

ڤیدیۆی پشێوییەکانی ناو پەرلەمانی کوردستان بڵاودەکرێتەوە

Oct 29, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ئێن ئاڕ تی، ڤیدیۆی ساتی دروستبوونی پشێوی لە دانیشتەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا بڵاودەکاتەوە کە چەند پەرلەمانتارێک ناڕەزایەتی لە بارەی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆەوە دەردەبڕن.

دوای خوێندنەوەی نامەکەی بارزانی لە پەرلەمانی کوردستان پشێوی لە پەرلەمانی کوردستاندا دروستبوو، بەشێک لە پەرلەمانتارانی ناڕەزاییان لە کۆبوونەوەکەدا دەربڕی، بەو هۆیەشەوە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان بۆ ماوەی کاتژمێرێک ڕاگیرا.

سەبارەت بە گرژییەکانی پەرلەمانیش ئایدن مەعروف پەرلەمانتاری کوردستان بە ئێن ئاڕ تی وت "فراکسیۆنی گۆڕازی نەبووە بەو پرۆژە یاسایای کە بۆ دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم ئامادەکراوە و وتوویانە ئەوان ئاگاداری ئەو پرۆژە یاسایە نین".

ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی پەرلەماندا کوردستاندا نامەی بارزانی بۆ پەرلەمان خوێندرایەوە کە تێیدا داوا دەکات یاسای سەرۆکایەتی هەموار نەکەنەوە و ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمیش درێژ نەکەنەوە.

هەروەها لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسایەک دەکرێت، کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر سەرۆکى حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکى ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشدەکرێن.

بەپێی دەقی پڕۆژە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، کارکردن بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگیرێت.

لە پڕۆژە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕەتکردنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوام بوونی لە پۆستەکەیدا ئەو یاسایە دەرکراوە.

هەر لە پڕۆژە یاساکەدا ئەوەش هاتووە، کە "ئەم یاسا نوێیە پاش پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە کاری پێ دەکرێت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم و کار بە هیچ یاسایەک ناکرێت کە پێچەوانی ئەم یاسا نوێیە بێت".

https://www.facebook.com/naliatv/videos/1687683464611048/