RABUN-LYDAN.jpg

هێرشکرایە سەر ڕابوون مەعروف

Oct 29, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕابوون مەعروف بارزانی بە فەشەلهێنانی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا تۆمەتبارکرد و لەو کاتەشدا چەند کەسێک هێرشیانکردە سەر ئەو پەرلەمانتارە و ڕێگەیان نەدا کۆنفرانسە ڕۆژنامەنووسیەکەی تەواو بکات.

دواتریش چەند کەسێک ڕابوون مەعروفیان بردە ناو پەرلەمان و کۆنفرانسەکەی ڕابوون مەعروف کۆتایی پێهێندرا.

لەبارەی کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستان، ڕابوون مەعروف پەرلەمانتاری کوردستان ڕايگەیاند، بارزانی لەکاتێکدا دەسەڵاتەکانی دابەش دەکات کە هیچ کەسێک نەماوە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، دەشڵێت "بارزانی و دەسەڵاتەکەی ئەم میللەتەی ئێمەیان تووشی شكست کرد".

بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی کوردستاندا دوای خوێندنەوەی نامەکەی بارزانی،  گفتوگۆ لەسەر پرۆژەیاسایەک بکرێت، کە دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم، تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان بەسەر سەرۆکى حکومەت و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکى ئەنجومەنی دادوەریدا دابەشدەکرێن.

بەپێی دەقی پڕۆژە یاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم کە دەست ئێن ئاڕ تی کەوتووە، کارکردن بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ڕادەگیرێت.

لە پڕۆژە یاساکەدا ئاماژە بەوەکراوە، بەهۆی درێژکردنەوەی ماوەی یاسایی خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان و ڕەتکردنەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەردەوام بوونی لە پۆستەکەیدا ئەو یاسایە دەرکراوە.

هەر لە پڕۆژە یاساکەدا ئەوەش هاتووە، کە "ئەم یاسا نوێیە پاش پەسەندکردنی لەلایەن پەرلەمانەوە کاری پێ دەکرێت تا ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم و کار بە هیچ یاسایەک ناکرێت کە پێچەوانی ئەم یاسا نوێیە بێت".