پڕۆژەیاسای دابەشکردنی دەسەڵاتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم

Oct 29, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

 

بەپێی پڕۆژە یاسایەکە کە لە چوار ماددە پێکدێت، پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە حوکمی ماددەکانی یەکەم و دووەم، هەروەها بڕگەکانی (دوو، شەش، دە، یازدە، پازدە، هەژدە، نۆزدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو لەلایەن سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت.

ئەو دەسەڵاتانەى دراوەتە سەرۆک وەزیران بریتییە لە :.
لە مادەى یەکەمى یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم دا هاتووە " هەرێمی کوردستانى عێراق سەرۆکێکی هەیە  و سەرۆکایەتی باڵای دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە هەرێم دەکات".

هەروەها لە مادەى دووەمدا هاتووە " سەرۆکی هەرێم وەک وتەبێژ و دەمڕاستى  گەلی هەرێمى کورستان لە ناوەوە و دەرەوەى هەرێمەکە قسە دەکات و بەرپرسە لە هەماهەنگی نێوان دەسەڵاتی فیدراڵی و هەرێم".

هەروەها لە بڕگەکانى مادەی دەى یاساکەدا کە دراوە بە  سەرۆک وەزیران،  هاتووە ، (دەرکردنى لێبوردنی گشتى ، ڕێگەنەدان بە هاتنەناوەوەى سوپای فیدراڵی بۆ هەرێم بە بێ ڕەزامەندى پەرلەمان ، دەرکردنى مەرسوم بۆ لێسەندنەوەى متمانە لە ئەنجومەنى وەزیران یاخود وەزیر ، پلەبەرزکردنەوەى ئەفسەرانی هێزە چەکدارەکان و دەرکردن و خانەنشینکردنیان بە پێی یاسا )

هەروەها پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە بڕگەکانی (سێ، چوار، پێنج، حەوت، هەشت، حەڤدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەبێت.

هاوکات پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە بڕگەکانی (یەکەم ٢، چواردە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو لەلایەن سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە دەبێت.

بە پێی پڕۆژە یاساکە ئەم سێ دەسەڵاتەى هەرێم دراوە بە پەرلەمانى کوردستان

بڕگەى یەک لە مادەى ١٠ی یاسایی سەرۆکایەتى هەرێم بریتییە لە " واژۆ و دەرکردنى ئەو یاسایانەى  کە لەلایەن پەرلەمانی هەرێمەوە دادەڕێژرێت و لە ماوەى ١٠ ڕۆژدا  و  هەروەها مافی تانەلێدانی گشتى و بەشی هەیە و دەتوانێت جارێکى تر بیگەڕێنێتەوە بۆ پەرلەمان ".

هەروەها  بڕگەی دووەم لە هەمان مادە دەڵێت " دەرکردنى مەرسوم بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردنى پەرلەمانى لە هەرێم لە کاتی تەواوبوونى ماوەی پەرلەماندا".

بڕگەی ١٤ی مادەکە  تیایدا هاتووە " دامەزراندنى سەرۆک و دادوەرەکان و سەرۆکی داواکاری گشتى دواى ئەوەى لە لایەن ئەنجومەنی دادوەریوە کاندید دەکرێن".

پیادەکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکانی هاتوو لە بڕگەکانی (دوازدە، سیازدە، شازدە) لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان-عێراق ژمارە (١)ی ساڵی ٢٠٠٥ی هەموارکراو لەلایەن ئەنجومەنی دادوەری دەبێت.

بە پێی پڕۆژە یاساکە ئەم سێ دەسەڵاتەى هەرێم دراوە بە ئەنجومەنى دادوەری

بڕگەى ١٢ی مادەکە کە تیایدا هاتووە " دەرکردنى مەرسوم بۆ قبوڵکردنى نامەى دەستلەکارێشانەوەى  ئەنجومەن و یاخود وەزیر و ڕاسپاردنیان بۆ  بە بەردەوامى لەکارەکەیان تا ئەو کاتەى ئەنجومەنێکى نوێ یاخود وەزیرێکى نوێ دەستبەکاردەبێت".

هەروەها. لە بڕگەى ١٣ داهاتووە  " دامەزراندنى پلە تایبەتەکان لە سەر بنەمای ئەو داواکارییەى وەزیری تایبەتمەندی بوارەکە یاخود ئەنجومەنى وەزیران داوای دەکات".

بڕگەى ١٦ تیادا هاتووە "بەخشینى مەدالیا و خەڵاتی تایبەت بە پێی یاسا بە کارەکان".

لە پڕۆژەیاساکەدا هاتووە، کارکردن بە یاسای سەرۆکایەتی هەرێم ڕادەگیرێت تا هەڵبژاردنەکانی سەرۆکی هەرێم و خولی پێنجەمی پەرلەمان.