DJI-DRYJKRDNEWE.jpg

ژمارەیەك پەرلەمانتاری یەكێتی دەنگیان بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەدا

Oct 24, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ژمارەیەك پەرلەمانتارێكی یەكێتی لەپەرلەمانی كوردستان دەنگیان بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەداو بایكۆتی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانیانكرد.
ئەمڕۆ سێشەممە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوە، بەوتەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی كە پێشتر بەخەندانی راگەیاندبوو، "هەریەكە لە فراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان رێككەوتون".

هەریەكە لە پەرلەمانتارەكانی (قادر وەتمان، گەشە دارا، مریەم سەمەد) لە فراكسیۆنی یەكێتی بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كردو لەكۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایانگەیاند، دەنیگان بە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نەداوە.

گەشە دارا لەكۆنگرەكەدا رایگەیاند، "هۆكاری شكستی هەرێمی كوردستان ئەو حكومەتەی ئێستایە كەبووەتە هۆی لەدەستدانی لەسەدا 51ی خاكی هەرێمی كوردستان و بووەتە نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان".

ئاماژەی بەوەشكرد، "سەركردایەتی سیاسی كورد بووەتە شكست  نەهامەتی بۆ خەڵكی كوردستان و ئەو حكومەتی ئێستا دۆڕاوە، پێشمان وایە درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمان نایاساییە".

گەشە دارا ئەوەشی خستەڕوو، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەماندا رێگەیان پێنەدراوە قسەبكەن و وتەكانیان لە پڕۆتۆكۆڵ تۆمارنەكراوە.

لای خۆشیەوە قادر رەزگەیی، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتی رایگەیاند، "پێویستە ئەم حكومەت دەست لەكار بكێشێتەوە و حكومەتی رزگاری نیشتمانی دروست بكرێت و  حكومەت رزگاری نیشتمانی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بكات".

ئاماژەی بەوەشكرد، "بەكردەوە كارنەكراوە بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لەكاتی خۆی بكرێت، راستە فرمان دەرچوو كە هەڵبژاردن بكرێت، بەڵام ئامادەكاری نەكراوەو كۆمسیۆنیش ئامادەكاری نەكردوە بۆ هەڵبژاردن."

رەزگەیی ئەوەشی خستەڕوو، "كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی پێشێلكاری پەیرەوی ناوخۆی كردوەو كۆمسیۆن ئێستا فرمان لە یەك كەس و یەك حزب وەردەگرێت".