iminki-wajo.jpg

پەرلەمان بۆ یەکەم جار لەبری سەرۆکی ھەرێم واژۆ لەسەر یاسا دەکات

Oct 24, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینەی دەنگ تەمەنی خۆی بۆ دوو وەرزی یاسادانان درێژکردەوە، لەیاسای درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەماندا بڕیاردراوە کە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەبری سەرۆکی ھەرێم واژۆ لەسەر یاساکە بکات.

ئەبوبەکر ھەڵەدنی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان بە رۆژنامەنوسانی راگەیاند، ئەمڕۆ دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان زۆر توند بوو، ئەو دەستەیە نەبوو کە پێشتر لە پەڕلەمانتاران دەپاڕایەوە رێگەیان بەکەس نەدا کە بە ئاشکرا بپرسن کێ ھۆکاری دواخستنی ھەڵبژاردنەکانە، حزبە سیاسیەکان، ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم، یان حکومەت.

وتیشی، ئەم یاسایە تەنھا بۆدرێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانە،  لە ھۆکارەکانی دەرچوونی یاساکەدا ھاتوە سەرۆکایەتی پەرلەمان لەماوەی ١٠ رۆژدا یاساکە واژۆبکات و لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی وەک یاسا مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

لەوەڵامی پرسیارێک لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو یاسایە تەمەنی بارزانیش لە سەرۆکایەتی ھەرێم درێژدەکاتەوە ھەڵەدنی ووتی، نەخێر یاساکە ئاماژەیەکە بۆ کۆتایی دەسەڵاتەکەی ئەو چونکە مافی واژۆکردنی یاساکەی لە سەرۆکی ھەرێم گەراندووەتەوە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان.

پەرلەمانی کوردستان، ئەمڕۆ بەدەنگی ٦٠ ئەندام، تەمەنی خۆی بۆماوەی دوو وەرز درێژکردەوە، و ھەشت ئەندامیش دەنگیان بەنەخێر دا بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمان.