perleman1245.jpg

بۆ دووەم جار كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دوواخرا

Oct 28, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بەپێی بانگهێشتی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیار بوو رۆژی پێنج شەممە كۆبوونەوەی پەرلەمان بكرێت، بەلام جاری یەكەم رۆژی (2017/10/25) لە راگەیەنراوێكدا سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ رۆژی شەممە (28/10/2017)ی دواخست، بەڵام بەر لە وادەی كۆبوونەوەكە بۆ جاری دووەم لە راگەیەنراوێكی تردا جارێكی تریش كۆبوونەوەكە بۆ كاتێكی نادیار دواخرا، هەرچەندە بیانووی سەرۆكایەتی پەرلەمان بۆ دوواخستنەكە هەروەك لەماڵپەڕە فەرمیەكەیاندا هاتووە "ناجێگیری باری تەندروستیی جێگری سەرۆكی پەرلەمانە"، بەڵام ئەوە رێی تێناچێت و بیانوویەكی لاوازەو زیاتر هۆكارەكەی ئەوەبێت بڕیاربوو بارزانی دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستی سەرۆكی هەرێم رابگەیەنێت بەڵام تا ئێستاش دەستلەكاركێشانەوەكەی رانەگەیاندووە، بەمەش ناكرێت كۆبوونەوەكە ئەنجامبدرێت چونكە بەرنامەی كۆبوونەوەكە سەبارەت بە دابەشكردنی دەسەلاتەكانی سەرۆكی هەرێمە دووای دەستلەكاركێشانەوەی. ئەمە دەقی راگەیەنراوی یەكەمی سەرۆكایەتی پەرلەمانە:

"بەپێی حوكمی بڕگە (2) لە ماددەی (17) و برگەی (1)ی ماددەی (18) لە پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی عیراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بریاریدا بە دواخستنی دانیشـتنی ژمارە (4)ی ئاسایی كە بڕیار بوو رۆژی شەممە رێكەوتی 28/10/2017 ئەنجام بدرێت.

لەگەڵ رێزدا

دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان ـ عێراق.

 

ئەمەش دەقی راگەیەنراوی دووەمی سەرۆكایەتی پەرلەمانە:
بە هۆی ناجێگريی باری تەندروستی بەڕێز جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمان، دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان بریاریدا بە دواخستنی دانیشتنی ژمارە (4)ی ئاسایی كە بڕیار بوو رۆژی شەممە رێكەوتی 28/10/2017 ئەنجام بدرێت.

بە هیوای سەلامەتی بۆ بەڕێزیان .

 نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

27/10/2017