perleman.jpg

دووای دوو جار دوواخستن ئەمڕۆ بڕیارە كۆبوونەوەكەی پەرلەمان ئەنجام بدرێت

Oct 29, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەرلەمان ئەنجامدەدرێت دوای ئەوەی كۆبوونەوەكەی پەرلەمان دوو جار دوواخرا.

بەپێی راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی پەرلەمان بڕیارە ئەمڕۆ (29/10/2017) كاتژمێر (2) پاشنیوەڕۆ كۆبوونەوەكە ئەنجام بدرێت. هەرچەندە تا ئێستاشی لەگەڵدابێت بەرنامەی كاری كۆبوونەوەكە بەسەر ئەندامانی پەرلەماندا دابەش نەكراوە كە ئەمەش كارێكی نایاساییە بەپێی پەیڕەو چونكە پێویستە (48) كاتژمێر پێش كۆبوونەوەكە بەرنامە رابگەیەنرێت.
بەپێی زانیارییەكان لەم كۆبوونەوەیەدا نامەیەكی بارزانی كە بۆ پەرلەمانی ناردووە دەخوێنرێتەوە، دواتر پرۆژە یاسایەك كە لەلایەن (یەكێتی، پارتی و یەكگرتوو)ەوە ئامادەكراوە تایبەت بە دابەشكردنی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم بەسەر هەریەك لە دامودەزگاكانی (پەرلەمان و حكومەت و دەسەلاتی دادوەری) خوێندنەوەی یەكەمی بۆ دەكرێت و دووای پشویەكی كورت لەهەمان دانیشتندا دەنگ لەسەر پرۆژەكە دەدرێت و دەكرێت بە یاسا.

شایانی باسە كە ئەم دانیشتنە كۆمەڵێك خاڵی نایاسایی تیادایە، هەر لە شێوازی راگەیاندن و بانگەشەی ئەندامانەوە تا دانەنانی بەرنامەی كار و شاردنەوەی لە ئەندامان و ئەو پەلەپروزێیەی كە لەماوەی دوو سەعاتدا خوێندنەوەی یەكەمی پرۆژە یاساو نوسینی راپۆرتی لیژنەی یاسایی و دووبارە دەنگدان لەسەری و تەنانەت خودی دەركردنی یاساش لەم قۆناغەدا لەلایەن پەرلەمانەوە.
پەی زانیویەتی كە هێشتا پرۆژەیاساكە خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكراوە كەچی لیژنەی یاسایی راپۆرتی لەسەر ئامادەكردووە.