KOMEL-LOGO.jpg

فراكسیۆنی كۆمەڵ بەشداری دانیشتنی پەرلەمان نەكرد

Oct 24, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان بەشداری دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان نەكرد، ئەندامی ئەو فراكسیۆنەش رایدەگەیەنێت، ئەوان لەگەڵ دواخستنی هەڵبژاردن نەبوون.

نەجیبە لەتیف، ئەندامی فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی لە پەرلەمانی كوردستان بە خەندان-ی راگەیاند، "لەسەرەتاوە لەگەڵ درێژكرنەوەی تەمەنی پەرلەمان و دواخستنی هەڵبژاردن نەبوون، بەڵام بەهۆی ئەو رێككەوتنەی كراوە بابەتەكەی گەیاندووەتە ئەمڕۆ".

ئاماژەی بەوەشكرد، چەندجارێك دانیشتنی پەرلەمان دواخراوە، "دەمانەویست بەشداری كۆبونەوەی پەرلەمان بكەین و قسەی جدیمان لەسەر ئەو بابەتە هەبێت كە نابێت پەرلەمان درێژ بكرێـتەوە بەتایبەت كە ئەو هەموو قەیرانە هەیە، ناكرێت درێژە بەو بارودۆخە بدرێت".

نەجیبە لەتیف ئەوەشی خستەڕوو، باشترین رێگەچارە لای ئەوان هەڵبژاردن بوو بۆ ئەوەی كابینەیەكی نوێ پێكبهێنرێت، كار بۆ چارەسەر كردنی ئەو بارودۆخە بكات، بەڵام كۆبونەوەكانیان هەردواخست تا ئەمڕۆ كە ئێستا دەڵێن هیچ مەجالنەماوە  بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.