goran-24102017.jpg

فراكسیۆنی گۆران : ئەوانەی بەرپرسیارن لەم دۆخە، پێویستە لە ھەڵبژاردنەكاندا بەر سزای گەل بكەون

Oct 24, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

فراكسیۆنی گۆڕان له‌په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، كۆبونه‌وه‌ی‌ ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ جێبه‌جێكردنی "ئه‌جێندای حزبیه‌"، ئه‌وان درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی په‌رله‌مان و دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێم بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حزبی و كه‌سی ره‌تده‌كه‌نه‌وه‌.

برزۆ مه‌جید سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند "لەپێناو چەسپاندنی مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکێشەلەسەرەکاندا، پێویستە حکومەتێکی کاتی ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆبگرێت".

وتیشی‌ "ئێمە درێژەدان و بەردەوامیدان بەم ڕەوشە نایاساییەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە، پێویستە حکومەتیکی کاتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و ئالنگارییەکانی ئەم قۆناغە و ئامادەسازی ڕاستەقینە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەسەر بنچینەی ستانداردە دیموکراتیە نێو دەوڵەتیەکان پێکبھێنرێت".

سه‌رۆكی فراكسیۆنی گۆڕان راشیگه‌یاند، "لەم بارودۆخە ناھەموارەدا لە بری داننان بەسیاسەتی ھەڵە و فەرمانڕەوایی خراپیاندا، جارێکی تر پەرلەمانیان کۆکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی حزبی، ئەگەر دوێنێ بەھۆی بڕیاری سەرەڕۆییانەی کەسی و حزبیەوە گەل و نیشتمانەکەمانیان خستە بەردەم ھەڕەشەیەکی گەورەوە، ئەمرۆش لەھەنگاوێکی نادیموکراتیدا، کودەتایەکی دیکە بەسەر شەرعیەتدا ئەنجامدەدەن و ماوەی پەرلەمان درێژ دەکەنەوە".

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فراكسیۆنی گۆران
ئەوانەی بەرپرسیارن لەم دۆخە، پێویستە لە ھەڵبژاردنەكاندا بەر سزای گەل بكەون
ھەلوێستی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
ئەمڕۆ گەلی کوردستان بە بارودۆخیکی ھەستیاردا
تێدەپەڕێت لە ئەنجامی سیاسەتی ھەڵە و حزبییانەی بەرتەسکی پارتی و یەکێتی و ھاوکارەکانیان لە پرسی ڕیفراندۆم و پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغداد دا. ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان ئیدانەی توندی پەلامار و ھێرشی سەربازی دەکەین بۆ سەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و بە ھیچ شێوەیەک پاساوی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم نابێت بکرێتە بنەما بۆ پێشێلکاری بەرامبەر مافە نەوتەوەیی و نیشتمانیەکانی گەلی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە پێداگیری دەکەین کە مافە بنەڕەتیە دەستوریەکان بەھیچ پاساوێک قابیلی سازشلێکردن نین. لەپێناو چەسپاندنی مافە دەستورییەکانی ھەرێمی کوردستان و ناوچەکێشەلەسەرەکاندا پێویستە حکومەتێکی کاتی ئەو بەرپرسیارێتییە لەئەستۆبگرێت.
ئێمە درێژەدان و بەردەوامیدان بەم ڕەوشە نایاساییەی ھەرێمی کوردستان رەتدەکەینەوە و پێویستە حکومەتیکی کاتی بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشە و ئالنگارییەکانی ئەم قۆناغە و ئامادەسازی ڕاستەقینە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان لەسەر بنچینەی ستانداردە دیموکراتیە نێو دەوڵەتیەکان پێکبھێنرێت.
ھاونیشتمانیانی خۆشەویست
لەم بارودۆخە ناھەموارەدا لە بری داننان بە سیاسەتی ھەڵە و فەرمانڕەوایی خراپیاندا، جارێکی تر پەرلەمانیان کۆکردەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەجێندایەکی حزبی، ئەگەر دوێنێ بەھۆی بڕیاری سەرەڕۆییانەی کەسی و حزبیەوە گەل و نیشتمانەکەمانیان خستە بەردەم ھەڕەشەیەکی گەورەوە، ئەمرۆش لەھەنگاوێکی نادیموکراتیدا، کودەتایەکی دیکە بەسەر شەرعیەتدا ئەنجامدەدەن و ماوەی پەرلەمان درێژ دەکەنەوە.
ئێمە وەک فراکسیۆنی گۆڕان درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان و دامەزراوەکان بۆ بەرژەوەندی حزبی و کەسی رەتدەکەینەوە. ئەم ھەوڵە قۆستنەوەی نەبونی دەستورە و پێشێلکردنی پرەنسیپی یاسایە لە پێناوی پاراستنی ماف دا و خۆحەشاردانە لە پشتی یاساوە، چونکە ئەم جۆرە درێژکردنەوانە پێشێلکردنی زەقی مافی دەنگدەرە ھەروەک لە درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان بەچەند یاسایەک لە خولەکانی ڕابردوودا و درێژکرنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی ھەرێم بەیاسای ژمارە نۆزدەی ساڵی ٢٠١٣ ئەنجام دراوە. ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان ڕایدەگەیەنین، ئەم رەوشە ھەستیارەی ئێستا نەک ھەر پاساونیە بۆ بەردەوامیدان بە دۆخی نایاسایی و پڕ لە پێشێلکاری مافەکان لە ھەرێم، تەواو بە پێچەوانەوە، بە کاتی بەخۆداچونەوە و دورکەوتنەوە و دەست لەکار کێشانەوەی ھەموو ئەوانەی دەزانین کە بە ھۆی ھەڵپەی دەسەڵاتخوازییانەوە کوردستانیان بەم بارودۆخە گەیاندوەو پێویستە لە ھەڵبژاردنێکی بێگەرد دا بەر سزای میللەت بکەون.
ھەمو ئەوانەی ئەمڕۆ دەنگیاندەدەن بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پەرلەمان دیسان بەشداریئەکەنەوە لە جوڵەیەکی زیانبەخش بۆ ئەزمونەکەمان و بازدانێکی ترە بەسەر شەرعیەتی دیموکراتییانەی پەرلەمان و مافی دەنگدەرانی کوردستان.
ھەموو ئەزانین لەم کاتەدا ھەڵبژاردنەکان ئەنجامنادرێن، بەڵام پێویستە کۆمەڵانی خەڵک ئاگاداربن ئەوە پارتی و یەکێتی و ھاوکارەکانی ئەمڕۆیانن لەم دانیشتنەی پەرلەمان دۆخێکی وەھایان دروستکرد کە نەتوانرێت ھەڵبژاردنەکانی تێدا ئەنجامبدرێت. ئەگەرنا بەرنامەی دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمان ھەمان بەرنامەی پێش ڕووداوەکانی کەرکوک و دووز و ناوچەکانی دیکەیە.
ئەوەی ئێستا لەپەرلەمان دەگوزەرێت ئەو راستییەی سەلماند کە ئێمە لە پازدەی نۆ رامانگەیاند، ئەم جۆرە کاراکردنەوەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و بژێوی خەڵک نییە و تەنیا ھەوڵێکە بۆ رەوایەتیدان بە ئەجێندا و بەرژەوەندییە حزبییەکان.
ئێمە لە فراکسیۆنی گۆڕان ئیدانەی ئەو کارە نایاساییە دەکەین و بەڵێن بە خەڵکی کورستان و دەنگدەرانمان دەدەین وەک ھەمیشە پارێزەرێکی ڕاستەقینەی ماف و
داواکاریەکانتان دەبین.
فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان
٢٤/١٠/٢٠١٧