YEKGRTW.jpg

بەیاننامەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان

Oct 18, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

 

هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان...
ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە شانمان دایە ژێر بەرپرسیاریەتی كاراكردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەبوو ئەم پەرلەمانە لە پرسە چارەنوسسازەكان رۆڵی یەكلاكەروە ببینێت بۆ ئەوەی لێرەوە بژێوی و ژیانی هاوڵاتیان چاكبكرێت و كۆتایی بە سیستمی نا ڕەوای پاشەكەوتی موچە بهێنرێت بۆ ئەوە بوو ئەو پەرلەمانە لەسەر كارەسات و رووداوەكان بڕیاری بوێرانەی خۆی بدات، بۆیە لە كاتێكدا بە رێككەوتنی ژێر بەژێری و گوماناوی خاكی كوردستان هەرزان فرۆشكراوەو ناپاكی و خیانەت لە خوێنی 2 هەزار شەهید و خەباتی نەتەوەیەك كراوە، شكۆی گەلێك شكێنراوە هەزاران پێشمەرگەی گیان فیدا دڵشكاون و سەنگەرەكانی بەرگریان پێ چۆڵكراوە .
لە جیاتی ئەوەی پەرلەمانی كوردستان لێپرسینەوە بكات لە كەمتەرخەم و سەبەبكارانی ئەم دۆخە پڕ ناسۆر و شلەژاوە و تاساوە كە بۆتە هۆی ئەوەی كە هەموو ماڵێكی كوردستان لە هەر چوار پارچە ئازیزەكە و هەموو شوێنێكی تری دونیا خەفت بار و تازیە بار بن .
لە لایەكی تر لە جیاتی فریاكەوتنی ئاوارەو لێقەوماوانی كەركوك و دووزخورماتوو و ناوچە كوردستانیەكانی تر كە سەرەڕای دەیان شەهید و بریندار لە پێشمەرگە و هاوڵاتیان و خۆبەخشەكان وە سوتاندنی سەدان ماڵی كورد و ژێر پێ خستنی ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە لایەن ناحەزانی گەلەكەمانەوە نەك پەرلەمان و پەرلەمانتاران و فراكسیۆنەكان گفتوگۆ لەم دۆخە مەترسیدارە ناكەن بەڵكو سەرقاڵدەكرێن بە بابەتی دواخستنی هەڵبژاردنەكان لە كاتێكدا كە كۆمسیۆن رایگەیاندوە ئاستنگی یاسایی و ماددی و لۆجستی لە بەردەم پرۆسەكەدا هەیە ، بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بایكۆتی كۆبونەوەی ئەمرۆی پەرلەمان دەكەین كە پێمان وابوو بابەتی زیندوو و گرنگی ئەمڕۆی پەرلەمان دەبوایە گفتوگۆكردن بوایە لەسەر دۆخی شلەژاو و نادیاری هەرێم .
لە كۆتاییدا هاوڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان دەبێ لەو ڕاستیە دڵنیابن كە هەوری ڕەشی نا ئومێدی دەڕەوێتەوە و ئیرادەی خەڵكی كوردستان لە سەربەخۆیی و ئازادی و دادپەروەری بەرجەستە دەبێت و گەلی ئێمە هەرگیز تەسلیم بە نا ئومێدی نەبووە وە لە لایەكی تر یەكڕیزی نیشتیمانی بە تاكە زامنی پارستنی دەستكەوتەكانمان دەزانین وە ئەوەی لەدەستمان داوە دەبیًَ لەسەری راوەستین و پەند و وانەی لێوەرگرین وە ئەوەی كە ماوە رزگاری بكەین .
فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان
18/10/2017