WELAMI-BEXA.jpg

پەرلەمانی کوردستان وەڵامی بەغدای دایەوە

Oct 1, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

بەبەشداری ٦٢ ئەندامی پەرلەمان کۆبونەوەی پەرلەمانی کوردستان تاوەکو کاتژمێر ٨:٣٠ خولەکی ئەمشەو بەردەوام بوو و لەبەرامبەر بڕیارەکانی بەغدا کۆمەڵێک بڕیاری دەرکرد و لەکۆتایشدا داوای گفتوگۆ لەمەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکاتەوە و پێشوازی لەھەر دەست پێشخەریەکیش دەکات کە بۆ گفتوگۆی ئاشتیانە پێشکەش دەکرێن، بەپێی ناوەرۆکی بڕیارەکانی ئەمرۆی پەرلەمانی کوردستان ھاتوە:

١. پەرلەمانی کوردستان دەستخۆشی و پیرۆزبایی سەرکەوتنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی لە گەلی کوردستان دەکات، کە لە پرۆسەیەکی دیموکراسی و مەدەنیدا خواستی خۆی بەجیھان نیشاندا، بە پشتبەستن بە بنەماو یاسا و رێسا نێودەوڵەتییەکان و دەستووری عێراق، ھاوکات دەسەڵاتە فەرمییەکانی ھەرێمی کوردستان رادەسپێرێت بۆ جێبەجێکردنی ئەنجامەکانی ریفراندۆم کە لە ٢٥-٩-٢٠١٧ ئەنجامدراوە.

٢. پەرلەمانی کوردستان پەسند و پشتگیری دەقی راگەیێندراوی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دەکات، کە لە کۆبوونەوەی ژمارە ٣١ لە رێککەوتی ٢٨-٩-٢٠١٧ وەک بەشێک لە وەڵامی پەرلەمانی کوردستان بۆ بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ، جەخت دەکاتەوە لەوەی دەبێت حکومەت کار بە یاسا و بڕیارە بەرکارەکانی ھەرێمی کوردستان بکات.

٣. داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دەکەین رێز لە بڕیاری گەلی کوردستان بگرن، سەبارەت بە پیادەکردنی مافی چارەی خۆنووسین. پەرلەمانی کوردستان وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە دڵنیادەکاتەوە کە ریفراندۆمی کوردستانی عێراق بەھیچ شێوەیەک ھەڕەشە نییە بۆسەر ئاسایشی نەتەوەیی ھیچ وڵاتێک، ھەرێم فاکتەری ئارامی و سەقامگیری ناوچەکە بووە و دەبێت.

٤. یاسا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەپێی بڕگەی دووەم لە ماددەی ١٢١ لە دەستووری عێراق و بڕیاری ژمارە ١١ی ساڵی ١٩٩٢ی پەرلەمانی کوردستان، بەھیچ شێوەیەک قابیلی جێبەجێکردن نین لە ھەرێمی کوردستان، تاوەکو لەلایەن پەرلەمانی کوردستان بڕیاری جێبەجێکردنیان بۆ دەردەچێت.

٥. پەرلەمانی کوردستان بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقی فیدراڵ لە کۆبوونەوەی ژمارە ٢٣ ی رۆژی ٢٧-٩-٢٠١٧ کە تایبەت بوو بە کاردانەوە لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم لەنێو ھەرێم و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم رەتدەکاتەوە، دووپاتیشی دەکاتەوە کە بڕیارەکە نادەستووری و نایاساییە بە پشتبەستن بەم خاڵانەی خوارەوە.

یەکەم. لە برگەی ١ی بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەراندا ھاتووە، بەتەواوەتی پێچەوانەی سیستەمی فیدراڵی و بنەمای دیموکراسییە کە لە ماددەی ١ی دەستووردا چەسپێندراوە، پێچەوانەی ماددەی ٨ی دەستوورە کە تێیدا ھاتووە (عێراق رێز لە پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی دەگرێت)، بڕیاری گەلی کوردستان لە ریفراندۆمی ٢٥-٩-٢٠١٧ پاڵپشت بووە بە دەستووری عێراق و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و ھەردوو پەیماننامەی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٦٦ کە عیراق پەسندی کردوون بە یاسای ژمارە ١٩٣ی ساڵی ١٩٧٠.

دووەم. بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم لە کوردستانی عێراق لە ٢٥-٩-٢٠١٧ پاڵپشت بووە بە رێسای مافی چارەی خۆنووسین کە رێسایەکی بەرفەرمانە، واتە (ئامیرەیە) لەسەر ئاستی یاسای نێودەوڵەتی بە شێوەیەک کە ھیچ دەوڵەتێک بۆی نییە دژی ئەو رێسایە بووەستێتەوە، چجای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق مافی چارەی خۆنووسین لەلایەن ھاووڵاتیانی کوردستان بە تاوان لەقەڵەم بدات و داوای بەدواداچوونی قەزائی بکات بۆ ئەوانەی لە پرۆسەکەدا بەشداربوونە.

سێیەم: سەبارەت بە پابەندکردنی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان بۆ بڵاوەپێکردنی ھێزە فیدراڵییەکان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم، پێچەوانەی بڕگەی یەکە لە ماددەی ٩ی دەستوور کە ناکرێت ھێزە چەکدارەکانی عێراق و ھێزەکانی ئاسایش دژی پێکھاتەکانی گەلی عێراق بۆ یەکلاکردنەوەی ناکۆکییە سیاسییەکان بەکاربھێندرێن، ئەمە جگە لەوەی ماددەی ١٤٠ ی دەستووری ھەمیشەیی عێراق، مافی یەکلاکردنەوەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێمی بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە داوە لەڕێگەی راپرسییەوە، نەک فەرمانکردن بە بەکارھێنانی ھێز بۆ دەستبەسەرداگرتنی ئەو ناوچانە. وە فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی ھەرێمی کوردستان سەرپشک دەکەین بۆ گرتنەبەری ھەر رێکارێکی پێویست بۆ پاراستن و پارێزگاریکردن لەو ناوچانە و بەرقەراربوونی ئارامی تێیاندا.

چوارەم: بڕیارە وزارییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی عێراقی فیدراڵ کە لە بڕگەی ٣ی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی نوێنەران ئاماژی پێدراوە، ھیچ پابەندییەکیان نییە لەسەر کوردستانی عێراق و لە دەرەوەی دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدراڵە، لەھەمانکاتیشدا ھەرێمی کوردستان بەپێی یاسای ژمارە ٤ی ساڵی ٢٠١١ خاوەنی ئەنجوومەنی ئاسایشی خۆیەتی.

پێنجەم: بڕیاری داخستنی دەروازە سنوورییەکان لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵ نییە و بەھیچ جۆرێک لە ماددەی ١١٠ ی دەستووردا ئاماژی پێنەدراوە، بەپێی ماددە ١١٥ لە دەستوور ھەر بابەتێک کە لە چوارچێوەی دەسەڵاتە تایبەتییەکانی حکومەتی فیدراڵ نەھاتبێت دەسەڵاتی ھەرێمەکانە.

شەشەم: سەبارەت بە کێڵگە نەوتییەکان کە دەکەونە چوارچێوەی سیاسەتی نەوت و گاز ئەویش لە ماددەی ١١٠ی دەستووری عێراقی فیدراڵدا نەھاتووە، بەڵکو لەچوارچێوەی ماددە ١١٢ چارەسەرکراوە، بۆیە ئەمەش دەسەڵاتی تایبەتی حکومەتی فیدراڵ نییە.

حەوتەم: سەبارەت بە داخستنی نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتییەکان لە ھەرێمی کوردستان، ئەو مافە مافێکی دەستووری و یاسایی بەدەستھاتووە بۆ ھەرێمی کوردستان و ھەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی کردنەوەی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگە نێودەوڵەتیانە، بەبێ ئەوەی ھەرێمی کوردستان کەموکوڕی ھەبووبێت لە پێوەر و رێنماییەکانی کارکردنی ئەو نوێنەرایەتی و نووسینگانە، بە ناڕەواییکردن لە بەکارھێنانی دەسەڵاتدا ھەژماردەکرێت، سەرەڕای ئەوەی ئەم بابەتە دەکەوێتە چوارچێوەی یاسای گشتیی نێودەوڵەتی و بەپێی رێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسی و کونسوڵگەرییەکانی ساڵی ١٩٦٣ کاری کونسوڵ و دیپلۆماتکاران رێکخراوە.

٦. پەرلەمانی کوردستان تێکڕای ئەو بڕیارانەی دەسەڵاتەکانی یاسادانان و راپەڕاندن و دادوەری عێراقی فیدراڵ رەتدەکاتەوە، کە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆم دراون.

لە کۆتاییدا پەرلەمانی کوردستان لە روانگەی باوەڕبوونی بە پرەنسیپی ئاشتەوایی نێوان گەلان دراوسێیەتی باش جەخت لە رێگاچارەسەری ئاشتیانە بۆ سەرجەم کێشەکان دەکاتەوە و لەوپێناوەش لایەنە پەیوەندیدارەکان سەرپشک دەکات بۆ دەستپێکردنی گفوگۆی بنیاتنەرانە، ھاوکات پەرلەمانی کوردستان داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و لە دۆستانی گەلەکەمان دەکات کە بە نیگەرانییەوە لە بڕیارەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ بڕوانن و ھەڵوێستیان ھەبێت بۆ رووبەڕووبوونەوەیان، چونکە لە روانگەی پەرلەمانی کوردستانەوە ئەو بڕیارانە سزادانی بەکۆمەڵی خەڵکی کوردستانن و دژی گەلی کوردستانن بە ھەموو پێکھاتەکانییەوە، ھەروەھا پەرلەمانی کوردستان دەستپێشخەرییەکەی مەرجەعی باڵای شیعە بەڕێز ئایەتوڵڵا سیستانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەکان بەرزدەنرخێنێت و پێشوازی لە ھەر ھەوڵێکی نێودەوڵەتی یان کەسی دەکات بۆ دەستپێکردنی دانوستاندن و گفتوگۆ.