راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە

Sep 20, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ئا: سه‌لام حسین

سەعات ١١ی پێشنیوەرۆی ئەمرۆ چوراشەممە ٢٠١٧/٩/٢٠ كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان هەردوو سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان و حكومەتی هەرێم و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و لیژنە پەیوەندیدارەكان ئەنجامدرا.

كۆبوونەوەكە تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوت و پرسی دەستەبەری شەفافییەت لەداهاتی نەوت و ئامادەكردنی كاندیدانی ئەنجومەنی سندوقی داهاتە نەوت وگازییەكان و لەگەڵ ژمارەیەك پرسی دیكەی  پەیوەندیدار.
دوای تەواوبوونی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە، سەرۆكایەتی پەرلەمان لەبارەی دەرئەنجامی گفتوگۆكان بەیاننامەییەكی چوار خاڵی بڵاوكردەوە، كەتێیدا هاتووە:
یەكەم: كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدرێت لەنێوان حكومەت و لیژنە پەیوەندیدارەكان بەمەبەستی زووتر گەڵاڵەكردنی سیستەمی نوێی مووچە كە حكومەت بنەماكانی دارشتووە.
دووەم: ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان.
سێیەم: هەماهەنگی تەواو هەبێت لەنێوان حكومەت و پەرلەمان بۆ ئەو پرسانەی باسكراون.
چوارەم: پەرلەمانی كوردستان، دوای تەواو بوونی ئەم رێككارانە، دانیشتنێكی تایبەت ئەنجامدەدات بۆ ئەم پرسانە.

20 9 2017