ryfrandom.jpg

پەرلەمان بەدەنگی ٦٥ پەرلەمانتار كۆمسیۆنی راسپارد بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم

Sep 15, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی پەرلەمانی كوردستان، بەبەشداری هەریەكە لەفراكسیۆنەكانی پارتی و یەكێتی و یەكگرتوو و شیوعی و سۆشیالیست كۆبووەوە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم راسپارد، كە لەهەرێمی كوردستان و سەرجەم ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم راپرسی بۆ پرسی سەربەخۆیی ئەنجام بدات.

لەكۆبوونەوەكەدا پەرلەمانی كوردستان، هەموو ئەو رێكارانە پەسەندكرد كە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و راپرسی و گشت لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ سەرخستنی ریفراندۆم گرتویانەتە بەر.

كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی سەبارەت بەمیكانزمە یاساییەكانی بەرێوەبردنی پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆی كوردستان پشت دەبەستێت بەیاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان یاسی ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی هەمواركراو و هەروەها یاسایی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی ژمارە ٤ی ساڵی٢٠١٤ و هەریاسایەكی دیكەی پەیوەندیدار.

پەرلەمانی كوردستان لایەنەپەیوەندیدارەكان سەرپشك دەكات بۆگرتنە بەری هەر رێكار و بڕیارێك بۆ دەستەبەری مافی چارەنوس و تەواوی مافەكانی گەلی كوردستان و بەجۆرێك لەپرسە چارەنوسسازەكاندا بگەرێنەوە بۆ پەرلەمانی كوردستان.