د.سەروەر عه‌بدوڕه‌حمان سەرۆکی ئینیستیتیوتی پەی و ئه‌ندامی خولی پێشووی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند، مەبەستی پارتی و یەکێتی کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە تا كاره‌كانی خۆی ئه‌نجام بدات، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێت له‌و رێگه‌یه‌وه هه‌ندێ كار بكرێت كه خۆیان ده‌یانه‌وێت.
سەروەر عه‌بدوڕه‌حمان له‌لێدوانێكیدا بۆ خه‌ندان دەربارەی کاراکردنەوەی پەرلەمان وتی "لە ئەسڵدا نەدەبوو پەرلەمان لەکاربخرێت، لەکارخستنەکەی کارێکی خراپ بوو بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە رۆژێک زووتر کارابکرێتەوە ئەوەیش بەڕێکكەوتنی هەموو لایەنەکان بە شێوازێکی یاسایی".
جه‌ختیشیكرده‌وه، کاراکردنەوەی پەرلەمان بریتیە لە دەرکردنی یاسا، چاودێریکردنی حکومەت، به‌ڵام وتی كه پێیوانییه ئه‌و كارانه بكرێن ئه‌گەر هەندێ گرفتی دیکە چارەسه‌ر نەکرێن.
سەروەر عه‌بدوڕه‌حمان رونیكرده‌وه یه‌كێك له گرفتە یاساییەکانی بەردەم کاراکردنەوەی پەرلەمان ئەوەیە كه ناتوانێت یاسا دەربکات، "چونکە بە پێی یاسا ئەم هەرێمە سەرۆکی نییە، مەسعود بارزانی تەنها سەرۆکی ئەمری واقیعه، بە پێی یاسا شەرعیەتی نەماوەو ویلایەتەکەی کۆتایی هاتوەو بەسەرچوە ناتوانێ واژو لەسەر هیچ یاسایەک بکات، بەپێی پەیڕەوی پەرلەمانیش دەبێ سەرۆک واژۆ لەسەر یاساکان بکات، ئەمەیە ئیشکالیەتی پەرلەمانه بۆ دەرکردنی یاسا".
به‌وته‌ی سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان، هه‌روه‌ها پەرلەمان ناتوانێت چاودێری حکومەت بکات، چونكه ئه‌و پڕۆسه‌یه بریتی یه له بانگهێشتكردنی وه‌زیرو گرتنه‌به‌ری رێكاره‌كان به‌رانبه‌ری تا لێسەندنەوەی متمانە "ئەم خاڵەش پێویستی بە دەرکردنی مەرسومی سەرۆکی هەرێمە کە دیسان هەرێم سەرۆکی نیە واتە پەرلەمان ناتوانێ چاودێری حکومەتیش بکات".
بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و گرفتانه، سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان به‌پێویستی ده‌زانێت سەرەتا گرفتی سەرۆکایەتی هەرێم چارەسەر بكرێت "دەبێت ئەم هەرێمە سەرۆکی هەبێت یان ئەوەتا پەرلەمان دەبێت بڕگەو مادەکان هەموار بکات کەپێویست نەکات یاسا دەرچوون پێویستی بە ئیمزای سەرۆک بێت".
هه‌روه‌ها پێیوایه، مەبەستی ئەم حیزبانە بە تایبەت پارتی و یەکێتی کاراکردنەوەی پەرلەمان نییە، به‌ڵكو ئەوەیە پەرلەمانی کوردستان کۆبێتەوەو بڕیارێک لەسەر ریفراندۆم بدات، هه‌روه‌ها تەمەنی خۆی و ویلایه‌تی سه‌رۆكایه‌تی درێژبکاتەوە.
به‌وته‌ی سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان، مه‌به‌ستێكی دیكه‌ی پارتی و یه‌كێتی ئه‌وه‌یه، یاسای هەڵبژاردن هەموار بکەن لە لیستی کراوەوە بیکەنە داخراو، " ئەگینا پەرلەمان بەم شێوازە کاراش بکرێتەوە ناتوانێ کارێک بکات وە زۆر کاری نایاسایش بەدیدەکرێت لە شێوازی کاراکردنەوەی ".
دەربارەی ڕێکنەکەوتنی لایەنەکان، سه‌روه‌ر عه‌بدوره‌حمان ده‌ڵێت "یەکێتی و پارتی هەڵەن گەر بیانەوێ حساب بۆ لایەنەکانی تر نەکەن، لایەنەکانی تریش هەڵەن گەر بیانەوێت تەنها پەیامێکی پۆپۆلیستیان هه‌بێت و خەریکی موزایەدەکردن بن و واقیع لەبەرچاو نەگرن، دەکرێت وەسەتێک ببینرێتەوەو ئەو خەڵکە دەربازبن و ئێمەش وەک میللەتانی تر پەرلەمانمان هەبێت و کارەکانی خۆی بکات".