سەرۆکی پەرلەمان داوای هەڵبژاردن دەکات و کاتی ریفراندۆمیش دیاریکرا

Jun 8, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

رۆژی چوار شەمە لایەنە سیاسیەکانی کوردستان جگە لە بزووتنەوەی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی، لەسەر داوای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پیرمام کۆبوونەوە، و لەراگەیاندراوی کۆبوونەوەکەدا هاتووە ڕۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا، و پاش ئەوە نوسراوی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکرایەوە، لە نوسراوەکەدا کە ئاڕاستەی ئەنجومەنی کۆمسیاران کراوە، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە کۆمسیۆن کرد کە ئامادەکاری بکات بۆ ئەنجام دانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێم و ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە یەک کاتدا.

بە پێی نوسراوەکە، سەرۆکی پەرلەمان ڕایگەیاندوە، لەبەر ئەوەی کە پۆستی سەرۆکی هەرێم کێشەی شەرعیەتی یاسایی هەیە، لە ڕوانگەی بەرپرسیارێتی نیشتیمانی و وەزیفیمان لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان و، وەک پابەند بون بە بەها جێگیرەکانمان، داواتان لێدەکەین کە: ئامادە کاری بکەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێم پێش ٦/ ١١/ ٢٠١٧ و، ئامادەکاریش بکەن بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی کوردستان لە هەمان کاتی هەڵبژاردنە گشتیەکانی پەرلەمان و سەرۆکی هەرێم ئەگەر تا ئەو کاتە بە یاسایەک شێوازی ئەنجامدانی ریفراندۆم لە پەرلەمانی کوردستانەوە، رێکخرا، بە شێوەیەک کە بتوانرێت ڕاپرسی لە کەرکوک و ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمیش ئەنجام بدرێت.

19029725_1563316503713230_1275613570294406027_n    18892899_1563316553713225_3300018690174480933_n

دەقی راگەیاندراوی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم :

ڕۆژی چوارشەممە 7ـی 6ـی 2017 لە سەلاحەدین نوێنەرە باڵاكانی پارتە سیاسییەكانی ناو پارلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆكی هەرێم و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆك و جێگری كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی كوردستان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كۆبوونەوە.

لە كۆبوونەكەدا بە تێروتەسەلی بابەتی ڕیفراندۆم و هەڵبژاردنی پارلەمانی كوردستان و كێشە سیاسییەكانی ناوخۆی هەرێم و بارودۆخی ناوچەیی و جیهانی تاوتوێ كرا و ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بیروبۆچوونی خۆیان لەسەر پێویستیی ڕیفراندۆم و چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێم و بارودۆخی زاتی و مەوزووعیی هەرێمی كوردستان خستەڕوو.

هەر لەم كۆبوونەوەیەدا ئامادەبووانی كۆبوونەوەكە بە تێكڕای دەنگ لەسەر ئەم خاڵانە ڕێككەوتن:

یەكەم: ڕۆژی بیست و پێنجی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.

دووەم: هەر لە ڕۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە هەتا كاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پارلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگیی نیشتیمانی.

سێیەم: جەخت لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتیانی كوردستان و مووچەخۆر و چینوتوێژەكان و خەڵكی كەمدەرامەت كرایەوە.

چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بەڕێز مەسعود بارزانی. هەروەها بڕیار درا هەتا ڕێككەوتی 12ـی 6ـی 2017 پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.

پارتی دیموكراتی كوردستان

یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان

یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان

بزووتنەوەی ئیسلامیی كوردستان

حزبی شیوعیی كوردستان

حزبی سوسیالیست دیموكراتی كوردستان

حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان

پارتی كرێكاران و ڕەنجدەرانی كوردستان

پاتی چاكسازیی پێشكەوتووی كوردستان

لیستی هەولێری توركمانی

بەرەی توركمانیی عێراق

پارتی گەشەپێدانی توركمانآ

لیستی ئەرمەن لە پارلەمانی كوردستان

بزووتنەوەی دیموكراتی ئاشووری

ئەنجوومەنی گەلی كلدانی سریانی ئاشووری