4-7izb.jpg

رووداوەكەی پردی فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی دەكات بە دووبەشەوە

Jan 10, 2017  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

شەوی سێ شەممە رێگری لە دوو ئەندامی پەرلەمانی كوردستان كرا، و بەو هۆیەشەوە فراكسیۆنەكانی(گۆران، یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی) بەیاننامەیەكی نارەزایەتیان بڵاوكردەوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجی ئینستتیوتی پەی ە، كەلەئاست ئەو پێشێلكارییەدا ژمارەیەك لە فراكسیۆنەكانی و ئەندامانی پەرلەمان هیچ هەڵویستیكیان لەسەر ئەم رووداوە نەبووە، كە بەرای ئێمە ئەو رووداوە شكاندنی شكۆی هەموو ئەندامان و پەرلەمانی كوردستانە.

لە كۆی (17) فراكسیۆنی پەرلەمانی كوردستان، تەنها پێنج فراكسیۆن بەیاننامەیان لەسەر ئەو رووداوە بڵاوكردۆتەوە و ئیدانەی ئەو كارەیان كردووە ئەویش فراكسیۆنەكانی( گۆران، یەكگرتوو، كۆمەڵی ئیسلامی، بزووتنەوەی ئیسلامی) پێكەوە و فراكسیۆنی ئازادیش بە تەنها بەیاننامەیەكی بڵاوكردۆتەوە.

لەسەر ئاستی ئەندامانی پەرلەمانیش جگە لە ئەندامانی ئەو پینج فراكسیۆنە، هەریەك لە (گەشە دارا، گۆران ئازاد، سالار مەحمود لە فراكسیۆنی یەكێتی) هەروەها ( ئاری هەرسین لە فراكسیۆنی پارتی ) لە تۆری كۆمەڵایەتی نارەزایەتیان لەسەر ئەو رووداوە بڵاوكردۆتەوە.

ئەمانەی خوارەوە دەقی بەیاننامە و نوسینی ئەندامانی پەرلەمانە لەسەر رووداوەكە:

رونكردنەوەیەك فراكسیۆنەكانی(گۆران، یەكگرتوو، كۆمەڵ، بزووتنەوە)

لەسەر ڕێگری كردن لە پەرلەمانتاران سۆران عومەر و عەلی حەمەصالح

بەداخەوە شەوی سێ شەممە (2017/1/10) لەبازگەی پردی لە شاری هەولیر ڕێگری كرا لەدوو پەڕلەمانتاری كوردستان، پاش ئەوەی بەفەرمانی حزبی ڕێ لەسەرۆكی پەڕلەمان گیرا لەهەمان بازگە كەتا ئێستا ئەم برینە ساڕێژ نەكراوە برینێكی تریشیان خستە جەستەی پەڕلەمانی كوردستان بەبێ ڕێزی كردن بە دوو پەڕلەمانتاری كوردستان لە فڕاكسیۆنی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی. ئێمە لەفراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان بەتوندی ئەم كارە ئیدانە دەكەین ئەمە لەكاتێك دایە كە لایەنە سیاسیەكان دەست بەدانیشتن دەكەنەوه بۆ چارەسەركردنی ئەم بارە نالەبارەی كوردستان. لەكاتێكدا ئەندامی پەرلەمان مافی یاسایی خۆی هەیە و پارێزبەندی بەیاسا رێكخراوە ونابێت بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ دا بكرێت. بۆیە داواكارین لایەنی پەیوەند دار رونكردنەوە بدات و پۆزش بۆ دوو پەرلەمانتارەكە بهێنێتەوەو بەڵێنی دوبارە نەبونەوەی بدات.

فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان

1-فراكسیۆنی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان

2- فركسیۆنی گۆران

3-فراكسیۆنی یەكگرتوو

4-فراكسیۆنی بزوتنەوەی ئیسلامی

 

راگەیاندراویك لە فراكسیۆنی ئازادیەوە

جەماوەری گەلەكەمان ، هێز و لایەنە سیاسیەكان لە كاتێكدا هەوڵەكان بۆ چارەسەركردنی قەیرانی سیاسی لە هەرێمەكەمان لە ئارادایە . دوای ئەوەی گەڕی یەكەمی كۆبونەوەكان لەگەڵ لایەنە سیاسیەكان بە ئیجابی بەڕێوەچوون وە چاوەڕوانی بەشی دووەمی كۆبونەوەكان بووین بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و گۆڕانكاری لە حكومەت و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ پرسی یاسا و سەرۆكایەتی هەرێم بەداخەوە جارێكی دیكە لە بازگەی پردێ ڕێگە لە دوو ئەندام پەرلەمان دەگیرێت( علی حمەصالح و سۆران عمر) كە بچنە هەولێری پایتەختەوە كە ئەمە پێچەوانەی سادەترین مافی هاووڵاتیانی بوونە و پێشێلكردنی مافی مرۆڤە ، چ جای ئەو بەڕێزانە ئەندامی پەرلەمانی كوردستانن و مافی پارێزبەندیان هەیە ئەم كارە نەشیاو نەخوازراوە بەبۆچوونی ئێمە پرۆسەی ئاشتی و پێكەوەژیان ئاڵۆزدەكات و خزمەت بە پرۆسەكە ناكات و هەر تێڕوانینێك كە هەبێت لەسەر هەركەسێك پێویستە ڕێكاری یاسایی بگیرێتەبەر نەك پەنا بردن بۆ ڕێگری و توندوتیژی كە ئەمەش پێچەوانەی بنەماكانی دیموكراسی و ئازادی تاك و سەرەتاكانی مافی مرۆڤە ئەم كارە نەخوازراوانە سەركۆنە و ئیدانە دەكەین و نابێت ببێتە نەریت هیوادارین هەموو لایەنەكان بە بەرپرسیارێتی قۆناغەكە لەم مەسەلە بڕوانن و كار بۆ چارەسەری بكەن.

  ابوكاروان

فراكسیۆنی ئازادی لەپەرلەمانی كوردستان

٢٠١٧/١/١١

 

لەم بارەیەوە (گەشە دارا حەفید) لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی :

"ئەگەر نووزەیەك هەبووبێ بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی خەڵك و قسەكردن لەسەر مافەكانی پەرلەمان بوو بەهەر كەم وكوڕی یەكیش بووبێ،بەڵام هێدی هێدی پەرلەمان وا بچوك دەكرێتەوە كە سبەی تەنها خەڵكانێك پێی ڕازی ببن كاری تیادا بكەن كە خۆی بیر نەكاتەوە بەڵكو بیری بۆ بكرێتەوە و ئە و تە نها جێبە جێكار بێ.. ببێت بە مەجلیس تەشریعیەكەی سەددام. ئەو ڕووداوەی دوێنێ لە هاوكارانمان ( علی حمە صالح وسوران عمر ) ڕووی دا شكاندنی پەرلەمان و پشاندانی ئەوەیە زیاتر كە لە ووڵاتدا یاساو دیموكراسی درۆیەكی شاخدارە.. ئینجا شكاندنی هە ر ١٠٩ پەرلەمانتارەكەی تریشە بە فراكسیۆ نە كانیشیانە وە..تكایە دەسەڵاتی دیموكراسی یە سەیروسەمەرەكەی هەرێم ئەم عەقڵیەتە نە نیشتمان پەروەری یە نە مێژووش لەكۆڵت ئەبێتەوە كە وەسفت بكا چ نموونەیەكی سەیرو سەمەرەی دیموكراسی بووی!!!"

  سالار مەحمودیش لە تۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویەتی: "چ مەهزەلەیەكە لە ئەم هەرێمەی ئێمە!!! هەرچییەكتان هەبێ پێویستە بە رێگای ئسوڵی بێت نەك رێگای نا ئسوڵی،، راگرتنی هەردوو پەرلەمانتاری كوردستان كاك عەلی و كاك سۆران مەحكوم دەكەم. لەكوێی دونییا رویداوە برادەرانی پارتی؟!؟ لایەنەكان ئاشتەوایی بەم جۆرە دروست دەبێت!!!؟بەداخەوە".

 

گۆران ئازادیش، ئەندامی فراكسیۆنی یەكێتی بە كەناڵی (NRT) راگەیاند: ئەم كارە ئیدانە دەكەم، ئەمە پێشیێلی یاسایە و پەرلەمانتار حەسانەی هەیەو ئەگەر تۆمەتباریش بێت نابێت بەو شیوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەو رووداوە لەسەر هەر شتێك بووبێت پێشێلی زەقێ مافی پەرلەمانتارە و كارێكی زۆر خراپە .
وتیش لایەنی بەرپرس لەم جۆرە رووداوانە ، لایەنی سیاسی باڵا دەستی ئەو ناوچانایە كە ئەم جۆرە رووداوانە لێ روودەدات .


وتەی ئاری هەرسین لەتۆری كۆمەڵایەتی فەیسبووك : بە توندی ڕێگریكردن لە هەردوو پارلەمانتاری بەڕێز (سۆران عومەر و عەلی حەمە ساڵح) دوێنێ ئێوارە لە بازگەی پردێ مەحكوم دەكەم. هەولێر پایتەختی هەرێمی كوردستانە و تاپۆكەی لەسەر هیچ لایەنێكمان نیە بە تەنیا. ئەم كردەوەیە ڕوخسارێكی زۆر ناشارستانی پێوە دیارە وسنوردار كردنی ژیانی شەخسیە و، هەروەها ناشرینكردنی ڕوی گەشی كارمەندانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی كوردستانە كە بە شەو و بەڕۆژ و بە سەرماو گەرما پارێزەری ئاسایشی سەرو ماڵی هاوڵاتیانن. هیوادارم لایەنە پەیوەندیدارەكان لێكۆڵینەوەی پێویست لەسەر ئەم ڕوداوە نەخوازراوە بكەن و، هەر كارمەندێكیش كە لەم سەرپێچیەوە گلابێت ڕوبەڕوی دادگا بكرێتەوە. دواجار كارمەندی ئەمنی خاوەن ئەزمون توانای جیاكردنەوەی ئەندام پارلەمان و پیاوخراپ و تیرۆریستی هەیە لە یەكتر...! كە بەداخەوە لەم حاڵەتەدا لەوە ناچێت.
ئاری محەمەد هەرسین٢٠١٧/١/١١