راگەیاندنی سەرۆكایەتی پەرلەمان لەسەر دەستگیركردنی هاوسەرۆكەكانی (HDP)

Nov 4, 2016  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

شەوی رابردوو هاوسەرۆكەكانی پارتی دیمۆكراتی گەلان (HDP) "سەلاحەدین دەمیرتاش" و "فیگەن یوكسەكداغ" و ژمارەیەك لە پەرلەمانتارانی ئەو پارتە لەلایەن هێزی پۆلیسی توركیاوە دەستگیران كران.

ئەم رێكارە جێگای نیگەرانی ئێمەیە، چونكە پێچەوانەی پرنسیپ و میكانیزمەكانی دیمۆكراسییە و خزمەتی پرۆسەی ئاشتی و چارەسەری دیمۆكراسی و سەقامگیری و پێكەوەژیانی سیاسی  لەو وڵاتە ناكات بەڵكو دەبێتە هۆی زیارتر ئاڵۆزبوون كێشەكان.

   داوا دەكەین هەر چی زووترە هاوسەرۆكەكانی (HDP) و پەرلەمانتارانی ئەو پارتە ئازادبكرێن و هەمیشە ئەو رێكارانە بگرێنەبەر كە لە بەرژەوەندی  چارەسەركرنی كێشە سیاسییەكان و بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی و دیمۆكراسی لە وڵاتی توركیادا بن.
سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

4/11/2016