١٢ ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٦، ساڵێك تێپەڕبوو بەسەر رێگری كردن لە (د.یوسف محەمەد، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان) لە بازگەی پردی لەلایەن هێزێكی سەر بەپارتی دیموكراتی كوردستانەوە .
لە ساڵ رۆژی ئەو یادەدا هەریەك لەسەرۆك و جێگر و سكرتێری پەرلەمانی كوردستان بەجیا رای خۆیان لەسەر ئەو رووداوە دەربڕی، روانگەی پەی وەك خۆی رای دەستەی سەرۆكایەتی بڵاودەكاتەوە.
ده‌قی وتاری د. یوسف محەمەد لە ساڵیادی ١٢ی ئۆکتۆبەر:
هاوڵاتیانی بەڕێز، کوردستانیانی ئازیز
سڵاوتان لێبێت،
سڵاوی تایبەتیمان بۆ پێشمەرگە و گیانفیداکانی نیشتیمان لە تەواوی خاکی کوردستان، سلاو بۆ دایک و باوک و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی خۆڕاگریی و بەرخۆدان بەرامبەر هێزی تێرۆر و تاریکیی داعش و سەرجەم شەهیدانی کوردستان. لەبەردەم خۆڕاگریی پێشمەرگە و هاوڵاتیانی دیل و بارمتە و ڕفێندراو، بە تایبەت کەسوکارمان لە ناو پێکهاتەی ئێزیدی کە تا ئێستا بە سەدانیان لە دەستی ئەم گروپە تێرۆریستیە رزگاریان نەبوە، سەری ڕێز دادەنەوێنین.
بەڕێزان..
ئەمڕۆ ساڵێک بە سەر پەکخستنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت.
رۆژی ١٢ی ئۆکتۆبەر بۆ هەرێمی کوردستان، رۆژێکی شوم بوو. لەم رۆژەدا، بە زەبری چەک، بە بڕیاری زۆرەملێ و تاکلایەنانەی حیزبێکی سیاسی، پەرلەمان و شەرعیەتی دیمۆکراتی بە ئامانج گیران و، چەند وەزیرێکیش هەر بە بڕیاری حیزبی و بەدەر لە ئیرادەی پەرلەمان، لە هەنگاوێکی کودەتائامێزدا، ڕێیان لێ‌گیرا کە بچنە سەر کارەکانیان.
لە راستیدا ئەم رووداوە گەڕاندنەوەی هەرێمی کوردستان بوو بۆ دواوە. بۆ چوارگۆشەکانی سەرەتا. پەکخستنی پەرلەمان، روداوێکە لە مێژوی کوردستاندا کە پێویستە وەک تاوانێک تەماشابکرێت، تاوانێک کە نابێت دوبارە بێتەوە. ئەم تاوانە تاوانی هێزێکە بەرامبەر بە ئیرادەی دیمۆکراتییانەی نەتەوەیەک، بەرامبەر بە پرۆسەی بونیادنانی دەزگا و سیستم و بەشداریکردنی تاکەکانی نەتەوە لە بەڕێوەبردنی وڵات‌دا.
لە ماوەی ئەم ساڵەدا دۆخی کوردستان لە هەمو ئاستەکاندا رو لە خراپی بووە. جگە لە رووە سیاسییە ناسروشتییەکەی، کە پەکخستنی پەرلەمانە، ژیان و گوزەرانی هەموو توێژەکانی کۆمەڵگا و سێکتەرە جیاجیاکان، بە تایبەتی موچە خۆران وە زۆر بە تایبەتیش توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران، رۆژ دوای رۆژ روو لە ناهەمواریی زیاتر کردووە.
بەڕێزان،
ئەمڕۆ وایلێهاتووە، ئیتر دەتوانین بڵێین ئەم دۆخە سیاسی و ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستانی پێدا گوزەر دەکات، نەک هەر بۆ ئەمڕۆمان لە رووی سیاسیی و ژیان و گوزەرانی خەڵکەوە ناهەموارە، بەڵکو دۆخی ئەمڕۆ مەترسییەکی جددیشە لەسەر سبەینێ و داهاتووی سیاسیمان. چونکە لە کاتێکدا ناوچەکەی ئێمە بە گۆڕانکاری قوڵ و هەمەلایەن و چارەنوسسازدا تێپەڕ دەبێ، ئێمە لە ناو خۆماندا دووچاری پەرتەوازەیی سیاسی و پەرلەمانێکی پەکخراو و شەرعیەتێکی دیمۆکراسی لەکەدار و ئیفلیجکراوین. جێی نیگەرانییەکی قوڵە کە لە کاتێکدا نەیارانمان دەست لەناودەستی یەک دەنێن و، پیلان دژ بە ئیرادەی گەلەکەمان دادەڕێژن، ئێمە هێشتا بە لۆژیکی دوژمنایەتی ڕوبەڕوی یەکدەبینەوە و هەوڵی سڕینەوەی یەکتر ئەدەین! هەرچەندە دەبوو پەندمان لە مێژوی نەگریسی شەڕی براکوژی وەرگرتایە و فێربوینایە کە هیچ لایەکمان بە هێز ناتوانێت ئەوی تر بسڕێتەوە..
هاونیشتمانیانی ئازیز
لە مێژووی نوێ‌دا، بەردەوام خەڵكی کوردستان لە لایەن داگیركه‌رانیەوە بێدەنگکراوە، پەراوێزخراوە و رێز لە ئیرادەکەی نەگیراوە و مافەکانی پێشێلکراون. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ پەکخستنی پەرلەمان و زۆربۆهێان و بێدەنگکردنی خەڵک، دیاردەیەکی خۆکردە. ئەم دیاردەی بێدەنگکردن و رێزی مرۆڤ شکاندنە، دەرهاوێشتەی حاڵەتێکی ناتەندروستە کە تیایدا حزب جێگەی دامەزراوە دیمۆکراتییەکانی گرتۆتەوە، وە بەکاربردنی هێزی چەکدار و زۆر بۆ هێنانی جۆاروجۆر و تۆقاندن و ترساندن، جێگەی دیالۆگی شارستانییانە و پرۆسە دیمۆکراتییەکانی گرتۆتەوە.
ڕاستیەک کە دەبێت هەمومان بیزانین ئەوەیە کە تەنها و تەنها لە رێگای دیموکراسی ڕاستەقینەوە دەتوانین حکومرانیی و فەرمانڕەواییەک بکەین کە تیایدا خەڵک، تاکەکانی کۆمەڵگا، بەها مرۆییەکان، پێگەی کۆمەڵایەتی مرۆڤەکان، بەشداری سیاسییانە و رادەربڕینی ئازادانەی هەمووان، پارێزراو بێت.
جگە لەمەش، تەنها لە رێگای حکومداریەکی وەهاوە دەتوانین لە دونیادا رێز و متمانە و رەواییەتی و پشتگیریی نێودەوڵەتی بۆ ئامانجە بەدی نەهاتوەکانمان، بەدەست بهێنین.
بەڕێزان،
پێگەو خواستی ئێمە، نە پێگە و خواستێکی شەخسی بو، نە تاکە حیزبیش، بەڵكو ئەمە پێگەو بەرپرسیارێتیەک بو کە خەڵک پێی بەخشیوین، ئەمە خواستی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بوو.
خەمخۆری ئیمە بەردەوام ئەوە بووە کە پەرلەمان وەک پێویست بە ئەرک و کارەکانی خۆی هەڵسێ، وە لە پێش هەمووشیانەوە ئەرکی یاسادانان و چاودێری کردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
دەمەوێ بە راشکاوی بڵێم کە پەرلەمان بەر لە ١٢ی ئۆکتۆبەری پار بە هەموو دەنگ و ڕەنگ و فراکسیۆنەکانیەوە، چالاک بوو، بەرهەمداربوو، دەیخواست پەرلەمانێکی راستەقینە و خاوەن پێگەی راستەقینەی خۆی بێت. پەرلەمان نوێنەرایەتی خەڵكی دەکرد، پەرلەمان ئامانجی ئەوەبو ببێتە باڵاترین ناوەندی بڕیاردان، جێگای کۆکردنەوەی جیاوازییەکان بێت، چارەسەرکردنی کێشەکان لە رێگای دانوستان و یاساوە بکرێت.
ئەمڕۆ، ئێمەی خەڵکی کوردستان هیچ بژاردەیەکی ترمان لەبەر دەست نییە تەنها ئەوە نەبێت کە بەردەوام بین لە هەوڵ و خەباتمان بۆ بەگەرخستنەوەی پەرلەمان و چەسپاندنی شەرعییەتی دیمۆکراتی. ئەم دۆخەی ئێستامان، بە هەموو رەهەندە ئابووری سیاسی و نێونەتەوەییەکانیەوە، بە هیچ جۆرێک هی ئەوە نییە لەبەرامبەریدا دەستەوەستان بین. خەڵکی کوردستان تەنها بە بوونی پەرلەمانێکی کارا و چالاک، کە هەموو ئەرکەکانی خۆی وەک پێویست جێبەجێ کردبێ، له پەرتبون و پەرتەوازەیی و جۆرەها هەڕەشەی تر پارێزراو دەبێ. ئەو کاتەی کە تیایدا پەرلەمان کارا و چالاک بوو، هەموو ململانێکانمان بە بەرگێکی جوان داپۆشرابوو، بەرگی دیالۆگ و گفتۆگۆی مەدەنیانە و، رێکەوتن لەسەر یاساکان لە ناو پەرلەمانی کوردستان. ئەو کاتە پەرلەمان ماڵی هەمووان بوو، خاوەنی شکۆیەک بوو کە هەمووان شانازییان پێوە دەکرد!
بەڕێزان، پەرلەمانێکی کارا دەمانپارێزێ لە سڕینەوەی ئەوی دیکە بە زۆرەملێیی وە دەمانپارێزی لە نەفەسکورتیی سیاسیی و لە هێڕشکردنە سەر یەکتر. بە پەرلەمانێکی کارا، لە ناوخۆدا دەبینە نەتەوەیەک کە لە رێگای حوکمرانیەکی دروست و تەندروستەوە هەتادێت زیاتر بەهێز و دەوڵەمەند دەبین، ئەزمون کەڵەکە دەکەین، بەرژەوەندی گشتی و سەروەری تاکەکان دەپارێزین؛ ڕێز لە جیاوازیەکانی نێوانمان ئەگرین و ئەیکەینە مایەی بەهێز بونمان.
دونیا ئەمرۆ ڕەنگە بە هۆی شەڕی داعشەوە چاوپۆشی لەم دۆخە سیاسییە ناتەندروستەی هەرێمی کوردستان بکات. بەڵام مەترسی و دودڵییەکی جددی هەیە کە پاش داعش، وڵاتانی دیموکراتی درێژە بە پشتیوانیەکانیان نەدەن، لە کاتێکدا شەرعیەت بونی نەبێت و ئەم دۆخەی ئێستای پەککەوتنی دامەزراوە شەرعییەکان بەردەوام بێت.
ئێمە هەمیشە لە دیدارە دیپلۆماسیەکانماندا دوپاتی پشتیوانیمان بۆ خەڵكی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی قارەمان و، تەنانەت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان لە پارچەکانی تری کوردستانیش، کردوەتەوە. کۆمەڵگای نێودەوڵەتیشمان ئاگادارکردووەتەوە لە مەترسی ئەوەی کە لە ژێر هەر بیانویەکدا بێت دوای داعش پشت لە پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان بکەن و، هاوکارییەکانیانان تەنها لە شێوەی سەربازیدا بێت. بەڵام پەیامی دونیا لەم ڕوەوە زۆر ڕونە: ئەوە لە دەستی خۆماندایە، بەو مانایەی کە هەتا درەنگ نەکەوتووین، شەرعیەت بۆ دەسەڵاتی خۆماڵیمان بگەڕێنینەوە، کێشەکانمان چارەسەر بکەین. چونکە هەر ئەمە باشترین رێگایە بۆ بەرەوروبوونەی هەر پێشهاتێک بە تایبەتی لە قۆناغی مەترسیداری دوای داعشدا… ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ئەوەی ئێمەی کوردیش کارەکتەرێکی سەرەکیی دروست کردنی سیاسەت و بڕیار و داڕشتنەوەی نەخشەی قۆناخی دوای داعش بین، ئەمەش بەرپرسیاریەتی هەموومانە. بە پێچەوانەشەوە گەر ناو ماڵی خۆمان ڕێک نەخەینەوە، ئەبینە کارەکتەرێکی بەکارهێنراوی لاوازی دەستبەتاڵ.
ئێمە لە لای خۆمانەوە لە پەرۆشیی بەردەوامماندا، بۆ ئێستا و داهاتوی گەڵەکەمان، هەوڵە ناوخۆیی و دەرەکییەکانمان چڕ کردۆتەوە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان. لەم پێناوەدا، لە ناوخۆدا هەمیشە جەختمان لەسەر رێکارە شەرعی و یاساییەکان و پڕۆسە پەرلەمانییەکان کردۆتەوە، لە پێش هەمووشیانەوە رێزدانان بۆ یاساکان و پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان لە هەر هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی شەرعیەت.
بەڕێزان،
وا ئێستا ئیرادەیەکی پەرلەمانیی بەهێز، لە ناو ئەندامانی پەرلەمان و لە فراکسیۆنە جیاوازەکانەوە، بەردەوام لە زیندوبونەوە و گەشەکردندایە. بە تەواوی پشتگیری لەم هەوڵانە ئەکەین و، لە نزیکترین کاتدا و دوای کۆبونەوە لەگەڵ سەرۆکی فراکسیۆنەکان، هەنگاوی کردەیی بۆ بەگەڕخستنەوەی پەرلەمان و سەرپێخستنی هەوڵەکانی پەرلەمانتاران، ئەگرینەبەر.
هەروەها دەمانەوێ لەم دەرفەتەدا ئەوە بە بیر بنێنینەوە کە درێژەکێشانی زیاتری ئەم دۆخە ناهەموارە، دەبێتە هۆی بێ هیوابون و متمانە لەدەستانی خەڵک روو لە دەزگا و نوێنەرایەتییە دیموکراتییەکان و سیاسەت بە گشتی. لە ئاکامیشدا لەوانەیە پەنا بردن بۆ توندوتیژی ببێتە بژارەی ناچاریی هەندێ لەوانەی نا‌ئومێد دەبن لە ئاڵوگۆڕ و گۆڕانکاریی دیموکراسی و ئاشتیانە. ئەمەش هەرگیز نابێ رووبدات. خەڵکی کوردستان، بە پێچەوانەی زۆرێک لە دەسەڵاتدارانی، تا ئێستا بە هوشیارییەوە ناڕەزایەتییەکانی بە شێوازێکی مەدەنی و لە چوارچێوەی بایکۆت و گردبونەوە و، خۆپیشاندانی دور لە توندوتیژی، دەردەبڕێت. پێویستە وەڵامی شیاو بدرێنەوە تا کار لە کار نەترازاوە.
هاوڵاتیانی بەڕێز،
خەڵکی کوردستان باجی زۆر و خوێنی زۆری داوە لە پێناو ئازادی‌دا، وڵاتی ئێمە مێژویەکی سەختی پڕ لە قوربانیی هەیە، هەر لەبەر ئەوەشە کە ئەم خەڵکە لەخۆبوردووە، شایستەی سیستمێکی سیاسییە کە پڕ بە پێستی خەون و ئامانجەکانی بێت، وەڵامدەرەوەی قوربانییەکانی بێت؛ سیستمێک بێت کە خەڵکی کوردستان لە رووی دەرەوەدا شانازیی پێوە بکات وە لە رێگایەوە باڵای نەتەوەیی خۆی لە نێو نەتەوەکانی تردا بەرز راگرێت.
ئەمڕۆ، بەرپرسیاریەتیێکی مێژوویی لەبەر دەرگای هەموومانە وە پێویستە هەمووشمان بەو پەڕی بەرپرسیاریەتییەوە هەوڵ بدەین ئەم قۆناغە سەختە تێپەڕێنین، ئەم چرکە ساتە مێژووییە تێپەڕینین کە پڕە لە تەحەددا بەڵام بە دەرفەتێکی زۆریشەوە. بێگومان بەرپرسیارێتیی ئەو هێزانەش زیاترە کە جومگەکانی دەسەڵاتیان کۆنترۆڵ کردوە.
هاونیشتیمانیانی ئازیز، ئێوە شایستەی رۆژێکی باشترن لەوەی کە هەیە!
هەر شاد بن.
١٢-١٠-٢٠١٦
دەقی وتارەكەی د.یوسف محمەد بە ڤیدیۆ
د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆکی پەرلەمان ،هیچ راگەیەندراویكی رەسمی بڵاونەكرۆتەوە دەربارەی ١٢ی ئۆكتۆبەر بەڵام راگەیاندنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەم لێدوانەی جێگری سەرۆكی پەرلەمانیان بڵاوكردەوە ئیمەش وەك خۆی بڵاوی دەكەینەوە :
“جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان(د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی) رایگه‌یاند، ئه‌وانه‌ی په‌رله‌مانیان په‌ك خست، مه‌به‌ستیان ڕێگری بوو له ئاماده‌سازی بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان.
(د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی)، له یادی تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر هێرشكردنه سه‌ر باره‌گاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان له سنووری سلێمانی و گه‌رمیان، باوه‌ڕی وایه كه، هه‌موو ئه‌و هه‌وڵانه بۆ له‌باربردنی یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورد بوو له باشووری كوردستان.
(ئێمینكی) بۆ كوردستان تی ڤی هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ”راستییه‌كه‌ی وابوو كه، له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كاندا قسه‌مان كرد كه پێویسته له‌م بارودۆخه‌دا، كه ده‌رفه‌تێكی شای‌و و گونجاوه هه‌نگاوه‌كانی به‌ره‌وسه‌ربه‌خۆیی خێراتر بنێین، ئیدی كاتێ زانییان كه ئێمه له‌سه‌ر ئه‌م پرسه جیددین، ئه‌وان كارێكیان كرد شیرازه‌ی نێوماڵه‌كه‌مان تێك بچێ و په‌رله‌مانه‌كه‌یشیان بۆیه به‌و ده‌رده برد.”
جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ڕوونی كرده‌وه، ”ئه‌وان كه ده‌ڵێن ئێمه له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌خۆییداین، ڕاستییه‌كه‌ی هه‌ر قسه‌یه و جیددی نین، چونكه خه‌ڵكیشیان وا بار هێناوه كه، ئه‌گه‌ر بێت و ئێمه سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نین، ئیدی ده‌رگاكان به‌ڕووماندا داده‌خرێن، خه‌ڵك له‌به‌رسان ده‌نرێ، خۆی وا نییه و مه‌به‌سته‌كه ئه‌جێندایه‌ك بوو بۆ ڕێگری له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان كه ئاوات و مافی هه‌ر كوردێكه.”
ده‌قی وتاری فەخرەدین قادر سكرتێری پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی ١٢ی ئۆکتۆبەر:
ساڵێك پێش ئه‌مرۆ له 12-10-2015 دا هێزه ئه‌منییه‌كانى سه‌ر به پارتى دیمو‌كراتى كوردستان له بازگه‌ى پردێ ڕێگریان كرد له سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان بچێته‌وه باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مان له هه‌ولێرو دواتر په‌رله‌مانیان په‌كخست، وه‌كو سكرتێرى په‌رله‌مان هه‌ر ئه‌و ڕۆژه هه‌ڵوێستى خۆمم له‌و كاره نایاساییه ڕاگه‌یاندو ئێستایش جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كه‌م ده‌كه‌مه‌وه‌و به ده‌نگێكى به‌رزو زوڵاڵ ده‌ڵێم : (نا بۆ په‌كخستنى په‌رله‌مان، نا بۆ كوده‌تا به‌سه‌ر ئیراده‌ى خه‌ڵكى كوردستان، نا بۆ پاوانخوازى و نادادپه‌روه‌رى، به‌ڵێ بۆ ژیانێكى شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ى خه‌ڵكى كوردستان، به‌ڵێ بۆ دامه‌زراوه‌یى كردنى حكومڕانى و دادگه‌رى و شه‌فافیه‌ت و سه‌روه‌رى یاسا…..)
ئه‌مه‌ش ده‌قى ڕاگه‌یانراوه‌كه‌یه كه له 12-10-2015 دا بڵاوم كردبویه‌وه :
((ڕونكردنه‌وه‌یەك له سكرتێرى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه ……………….
په‌رله‌مانى كوردستان باڵاترین ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان و شه‌رعییه‌تی یاسایی له‌هاوڵاتیانه‌وه وه‌رگرتووه, به‌هه‌مان شێوه ده‌سته‌ى سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان شه‌رعییه‌تى یاسایی له ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه وه‌رگرتووه, له‌م سۆنگه‌یه‌وه هه‌ركارێكی نه‌خوازراو به‌رامبه‌ر به‌په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌ى بكرێت بێ ڕێزییه به‌رامبه‌ر به‌خه‌ڵكی كوردستان. له‌كاتێكدا هه‌رێمی كوردستان ده‌ناڵێنێت به‌ده‌ست ئه‌م هه‌موو قه‌یرانانه‌ى كه له‌ده‌ره‌نجامى ئه‌زموونى خراپی حوكمرانی دروست بووه, میلله‌ته‌كه‌مان چاوه‌ڕوانى چاره‌سه‌رو به ووریاییه‌وه مامه‌ڵه‌كردن ده‌كات . زۆر به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ 12-10-2015 له‌بازگه‌ى پردێ ڕێگرى له به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كرێت كه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ په‌رله‌مانی كوردستان . كه ئه‌مه پێشێلكردنی یاسا‌و هه‌موو به‌هایه‌كی مرۆڤایه‌تییه , بۆیه زۆر به‌توندی ئیدانه‌ى ئه‌م كاره ده‌كه‌م و منیش دواى ئه‌وه‌ى چوومه په‌رله‌مانى كوردستان و ئاگاداركرامه‌وه له‌م كاره نه‌خوازراوه په‌رله‌مانم جێهێشت . هیوادارم پارتی دیمو‌كراتى كوردستان چاو به‌و هه‌ڵوێسته‌ى بخشێنێته‌وه، چونكه به‌دڵنیاییه‌وه نه خزمه‌ت به‌پارتی و نه‌خزمه‌ت به‌هاوڵاتیان ده‌گه‌یێنێت، به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی نێوخۆ‌و نێو ده‌وڵه‌تیشدا زۆر خراپ له‌سه‌رى ده‌كه‌وێت، بۆیه پێویسته له‌م كاته‌دا به‌گیانێكی به‌رپرسانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ل و مه‌رجی ئێستاى كوردستان بكرێت و په‌رله‌مان جێگاى یه‌كلایی كردنه‌وه‌ى ململانێكان بێت به‌یاسا نه‌ك به‌بڕیارى حزبی هیوادارم كلتورى خراپی ڕۆژه ره‌شه‌كانى شه‌رى ناوخۆ دووباره نه‌كرێته‌وه‌و گیانی پاوان خوازى و نادیده گرتنى یه‌كتر بگۆڕدرێت بۆ خزمه‌ت و دادپه‌روه‌رى هه‌موومان پێكه‌وه شانبه‌شانی پێشمه‌رگه قارمانه‌كانى كوردستان پارێزگارى له هه‌رێمه‌كه‌مان بكه‌ین.
فەخرەدین قادر عارف
سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان
12-10-2015 ))