5fraksion.jpg

راگەیەندراوی پینج فراكسیۆنی پەرلەمان سەبارەت بە ١٢ی ئۆكتۆبەر

Oct 12, 2016  |   هەواڵەکانی پەرلەمان 

دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سەبارەت بە ڕووداوی ١٢ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥

جەماوەری خۆشەویستی كوردستان

ساڵێك بەر لە ئێستا لەپێناو پاراستنی ئاساییش و سەقامگیریی كوردستان و ڕێگەگرتن لە گواستنەوەی فەوزا و پشێوی، ڕێگە بە یوسف محەمەد نەدرا كە بێتە شاری هەولێر و دواتریش وەزیرەكانی بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر كار لا دران.

ئەو ڕووداوە لە دەرئەنجامی ڕەفتار و هەڵسوكەوتی نابەرپرسیارانەی سەرۆكی ئەو كاتی پارلەمان بوو. لەبری ئەوەی پارلەمان شوێنی چارەسەركردنی گرفتە سیاسییەكان و یاسادانان و بەرگریكردن لە داواكارییەكانی خەڵك بێت، یوسف محەمەد و حزبەكەی پارلەمانیان كردە شوێنی تێكدانی تەوافوق و دروستكردنی كێشە و پیلانگێڕی لەدژی سەقامگیریی وڵات و بەلاڕێدابردنی پڕۆسەی سیاسی و كاریان بۆ دوژمنكاریی سیاسی كرد. لە هەمانكاتدا فڕاكسیۆنەكەمان لە هەوڵی بەردەوامدابوو كە یەكڕیزیی نیشتیمانی بپارێزرێت و ئەو تەوافوقە تێكنەدرێت كە حكوومەت و پارلەمانی لەسەر دامەزرابوو.

تێكدانی تەوافوق و پیلانگێڕی لەدژی یەكڕیزیی نیشتیمانی لەكاتێكدابوو كە كوردستان بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر لەگەڵ دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی لە شەڕی مان و نەماندابوو. بەڵام ئەوان بێ ئەوەی قوربانیدانی پێشمەرگە و بارودۆخی هەستیاری كوردستان لەبەرچاو بگرن پەلاماری بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستانیان دا و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید كرد، بۆیە دەبێ باجی تاوانەكانیان بدەن. یوسف محەمەد و حزبەكەی دەیانەویست فەوزا و سووتاندن و كوشتنی خەڵك بگوازنەوە بۆ هەولێر بۆیە ڕێگەی لێ گیرا و پیلانەكانیان سەری نەگرت.

ئێستا كە ساڵێك بەسەر ئەو ڕووداوە تێپەڕیوە ئەوانەی فرمێسكی تیمساح بۆ پارلەمان دەڕێژن با گلەیی لە خۆیان و جۆری بیركردنەوەی سیاسیی خۆیان و كۆدەتاكەیان بكەن كە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان بەم ڕۆژە گەیاند و چیتر بە بیانووی جۆراوجۆر و قسەی بێبنەما پاساو بۆ هەڵە سیاسییەكانیان نەهێننەوە. دەبێ یوسف محەمەد و فڕاكسیۆنی گۆڕان دان بەوەدا بنێن كە سەرەڕۆیانە پیرۆزیی پارلەمانیان پێشێل كرد و یوسف محەمەدیش نەیتوانی ببێتە سەرۆكێكی بێلایەنی پارلەمان بەڵكو بووە سەرچاوەی ئاشوب و فیتنەگێڕی. ئەو كە بە تەوافوق و بە دەنگی فڕاكسیۆنەكەمان بووە سەرۆكی پارلەمان لەجیاتی ئەوەی نوێنەرایەتیی هەموو لایەنەكان بكات بووە ئامرازێك بۆ جێبەجێكردنی مەرام و پیلانێكی مەترسیدار.

ڕێگەچارەی كاراكردنەوەی پارلەمانیش ئەوەیە كە سەرۆكایەتییەكی تازە بۆ پارلەمان هەڵبژێردرێت و پارلەمان ببێتە پارلەمانی كوردستان و مەرجەعی چارەسەركردنی كێشەكان.

فڕاكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان

لە پارلەمانی كوردستان

12ـی 10ـی 2016

 
دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی گۆڕان، سەبارەت بە ڕووداوی ١٢ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥

مێژووی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان ھەر وەکچۆن خاڵی پڕشنگدارو   سەرکەوتنی تێدایە،‌ ئاوھاش خاڵی نیە لەنوشوست و پەڵەی ناوخۆیی لەبیر نەکراو، بەڵام دوای ڕاپەڕین جگە لەپرۆسەی ھەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی حکومەتی ھەرێم کەخاڵی پڕشنگدارن، لەو کاتەوە تا ئێستا،  گەندەڵی, کەموکورتی, پێشێلکردنی یاسا، نەپاراستنی مافی مرۆڤ، سەرکوتکردنی ئازادییەکان و ساختەکردن لەھەڵبژاردنەکان تەواوی جو‌مگەکانی ئەم ھەرێمەی داگیر کردووە.

سەرباری ئەم خراپەکاریانە، ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابوردو، بووە ڕۆژێکی تر لە ڕۆژە رەشەکانی مێژووی حوکمڕانی دوای راپەڕین، بەو پێیەی یاساو دیموکراتی لەم رۆژەدا، تا دوا ئەندازەی خۆی ئەتک کرا.

پارتی دیموکراتی کوردستان بەبڕیارێکی حزبی تاکڕەوانەی خۆی، رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان کردو وەزیرەکانی گۆڕانی لە حکومەت دوورخستەوە، بەم شێوەیە پەرلەمانی پەکخست و حکومەتی ئیفلیج کرد،‌ بۆیە ١٢ ی ئۆکتۆبەر جگە لە کودەتا ھیچ پێناسەیەکی تر ھەڵناگرێت.

ھەڵەیەکی گەورەیە ئەگەر پارتی بیەوێت لەڕێگەی ئەم ھەڵسوکەوتە ناجۆرانەی خۆیەوە، سیستم و عەقڵی داسەپێنراوی حزبەکەی خۆی بەسەر کۆمەڵگەی کوردستاندا بسەپێنێت، چونکە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان و زۆرینەی خەڵکی کوردستان، نە لەڕابردوو ئەمەیان قبوڵکردوە، نە لەئێستاو داھاتوشدا قبوڵی دەکەن، ئەگەر پارتی باوەڕی بەپەرلەمان و کاری دامەزراوەکان نییە، مانای ئەوە نییە کەبتوانێ ئەم باوەڕەی خۆی بەسەر حزبە سیاسییەکان و خەڵکانی دیکەدا بسەپێنێت.

خەڵکی خەباتگێڕو ماندوو نەناسی کوردستان

ھۆکارە بنەڕ‌ەتییەکانی ئەم کودەتایەی پارتی بریتیە لە:

یەکەم: ھەر لەسەرەتاوە پارتی بەپێکھاتەو کارەکانی ئەم خولە سەغڵەت  بوو، چونکە نەیدەتوانی وەک خولەکانی تر زۆرینە دروست بکات و ھەرچی بیەوێت بەویستی خۆی لەپەرلەمان تێی بپەڕێنێ.

دوەم: جۆرێتی ئەو یاساو بڕیارانەی ئەم خولە دەریدەکردن و چالاکتر بونی کاری پەرلەمانی لەڕوی چاودێری و زۆری ژمارەی پرسیارو یاداشتەکان بۆ حکومەت، دەستبردن بۆ مەلەفەکانی گەندەڵی، نەوت  و بونی نیەتی جدی بۆ چاکسازی.

سێیەم: لەسەروو ھەموو ئەمانەوە، ئەم خولەی پەرلەمان دەستی بۆ یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم برد، کەبووە ھۆی ھەڵماڵینی ڕوی ڕاستەقینەی پارتی سەبارەت بەسەروەری یاساو ئاڵوگۆڕی ئاشتییانەی دەسەڵات، بۆیە پارتی ئەم خولەی پەرلەمانی بەمەترسی دادەنا بۆ سەر یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکی پارتی.

ھاونیشتمانیانی خۆشەویست

ئەم کودەتایە چەندین دەرھاویشتەو کاریگەری خراپی  لێکەوتەوە:

یەکەم: تێکدانی ئاشتەوایی نیشتمانی و یەکڕیزی نێو ماڵی کورد.

دوەم: دەست ئاوەڵابونی ئەم حکومەتە ئیفلیجە بۆ چەندین کاری نایاسایی، لە دیارترینیان دەستبردن بۆ موچەو قوتی خەڵک لەداھێنانێکی ناوازەدا کەناویان لێ نا سیستمی پاشەکەوتی موچە.

سێیە‌م: بێ بەھاکردن و بێ حورمەتیکردن بەدەنگی ھاوڵاتیان و لەکەدارکردنی دیموکراسی و سەروەری یاساو خودی پرۆسەی ھەڵبژاردن لەھەرێمی کوردستاندا.

چوارەم: پساندنی پردی  پەیوەندی نێوان ھاونیشتمانیان و حکومەت بۆ بەرگریکردن و گەیاندنی داوا ڕەواکانیان، کەسەرەنجام ئەو بێ متمانەیی و ناڕەزایەتییەی لێکەوتۆتەوە کەڕۆژانە لێرەو لەوێ لەڕێگەی خۆپیشاندانەکانەوە بەگوێی ئەم دەسەڵاتە بێباکەدا دەدرێت.

پێنجەم: لەباربردنی دانانی چەند یاساو بڕیارێک لەبەرژەوەندی خەڵکی ھەرێمی کوردستان کە لەسەرو بەندی دەرکردندابون.

شەشەم: زیادبونی ناڕونی و مامەڵەی نادامەزراوەیی لەپەیوەندیەکانی ھەرێم و بەغدا.

ھاونیشتمانیانی بەڕێز

لەئێستادا بژێوی خەڵک و موچەکەی لەخراپترین دۆخیدایە،‌ قەیرانی سیاسی و دارایی دروستکراو بەردەوامە، کێشەو بۆشایی یاسایی سەرۆکایەتی ھەرێم بێ چارەسەر ماوەتەوەو لەھەمان کاتدا شەڕی داعش بەرۆکی گرتوین و پێشمەرگە قارەمانەکان لەسەنگەری بەرگری و قوربانیدان، بۆیە  لەپێناوی بەرزڕاگرتنی خوێنی شەھیدان، قوربانیدانی پێشمەرگە، سەروەربونی یاساو چاککردنی بژێوی خەڵک، ئەرکی ھەموو ھێزو لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکانیانە کەھەوڵی ڕۆشنترو جدیتر بۆ ئەنجامدانی کۆبونەوەی پەرلەمان و بەگەڕخستنەوەی بدەن.

فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان

١٢/١٠/٢٠١٦

 

دەقی بەیاننامەی فراکسیۆنی يەكێتی نیشتیمانی كوردستان، سەبارەت بە ڕووداوی ١٢ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥

لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە بەھۆی ململانێی نێوان لایەنە سیاسییەکان پەرلەمانی کوردستان بەبڕیارێکی سیاسی پەکخرا، ھەوڵە ناوخۆیی و ئیقلیمی و نێدەوڵەتییەکانیش، لەبەرامبەر کاراکردنەوەی گەورەترین دەزگای شەرعی ھەرێمی کوردستان بێ ئاکام بووە.
بەوبۆنەیەشەوە فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی لەپەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، لەراگەیەندراوەکەی فراکسیۆنی یەکێتیدا ھاتووە، دوای ململانێیەکی زۆر لەسەروبەندی ھەمواری یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا کێشەکانی نێوان ھێزو لایەنە سیاسیەکان بە ئاستێک گەیشت دەرئەنجام پەکخستنی پەرلەمانی کوردستانی لێکەوتەوە، ھەروەھا گەیشتن بەم قۆناغە گەڕانەوەیە بۆ چوارگۆشەکانی سەرەتایی کاری حوکمڕانی.
فراکسیۆنی یەکێتی لەراگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوەکان بەرەو پتەوکردنی بنەماکانی کاری مەدەنی و دیموکراسی پەکدەخات، لەبەرئەوەی دوای ساڵێک لە پەکخستنی پەرلەمان، ئاسۆیەکی روون و ھەوڵی جدی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان نابینن.
ئاماژەی بەوەشکردووە، گەرچی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەسەرەتای کێشەکانەوە تائێستا لەھەوڵی ھێورکردنەوەی دۆخەکەو کۆتایھێنان بەکێشەکان بووە، بەڵام ئەم بابەتە درێژەی کێشاو چارە نەکرا.
لەکۆتایی راگەیەندراوەکەیدا فراکسیۆنی یەکێتی داوا لە ھەموو لایەنەکان دەکات دانوستانی راستەقینە بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بنەڕەتی دەست پێ بکەن.

 

دەقی بەیاننامەكەی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، سەبارەت بە ڕووداوی ١٢ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥
هاوڵاتیانی خۆڕاگری كوردستان
ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان
ئەمڕۆ ساڵێك تێپەڕ دەبێت بەسەر پەكخستنی ناڕەوای پەرلەمانی كوردستان، كەبە یەكێك لە ڕووداوە تاڵ و هەرگیز لە یاد نەچووەكانی مێژووی گەلەكەمان دادەنرێت و هیچی كەمتر نەبوو لە ڕوداوەكانی شەڕی ناوخۆ و هەموو ئەو هەڵوێستانەی بە دڕێژایی مێژوو گەلەكەمان باجی ڕوودانی دەدەن.
پەكخستنی تاكە دامەزراوەی یاسادانانی شەرعی لە هەرێمدا هاوكات بوو لە گەڵ دۆخێكی هەستیار كە تەواوی ناوچەكە ڕوبەڕوی بوەتەوە و هەموو زلهێزەكان سەرگەرمی داڕشتنەوەی هاوكێشەكانن ، لە هەمان كاتدا هەرێمەكەمان دوچاری قەیرانێكی گەورەی سیاسی و ئابوری بوەتەوە كە سەر ترۆپكی كێشەكان لە پەكخستنی پەرلەمانی كوردستاندا خۆی دەبینێتەوە،بەهۆی پەكخستنی پەرلەمانیشەوە كێشەكان دە هێندەكران و پرۆسەی یاسادانان و چاودێریكردنی حكومەت گورزێكی كوشندەی بەركەوت.
دوای ساڵێك لە پەكخستنی گەورەترین دامەزراوەی شەرعی هەرێمی كوردستان،بە داخەوە كێشەكان بە شەخسەنە كراوە،بۆیە ئێمە لە فراكسیۆنی یەكگرتوو ئەوكات و ئێستاش ئەو شێوازە لە مامەڵكردن لەگەڵ پەرلەمان و سەرۆكی پەرلەمان ڕەت دەكەینەوە و پێمان وایە كۆی دام و دەزگای پەرلەمان و كەسێتی پەرلەمانتاران و گەلەكەمان بە ئامانج گیراوە.
ئێمە وەك فراكسیۆنی یەكگرتوو دوپاتی دەكەینەوە، دوای ساڵێك لە پەكخستنی پەرلەمان و بە بنبەستگەشتنی هەوڵەكان بۆ كاراكردنەوەی ، چارەسەر لای پەرلەمانتارانە و سازكردنی ڕێپێوانێكی سەرجەم پەرلەمانتاران بۆ بینای پەرلەمان بە بژاردەیەكی دروست دەزانین .
وەك لە بەلاغی فراكسیۆنی یەكگرتوودا لە 9/10/2016 دا دوپاتمانكردەوە كە هەموو ئامادەییەكمان هەیە بۆ بەگەڕخستنەوە و دەستپێكردنەوەی دانیشتنەكانی پەرلەمان و بە ئەركێكی مێژویی و بەرپرسیاریەتی نیشتیمانی و نەتەوەیی ئەم قۆناغەی دەزانین و كاتی ئەوە هاتووە كە پەرلەمانتاران گوشارەكانی خۆیان چڕ بكەنەوە بۆ كۆتایی هێنان بەم چەقبەستووەی ئێستای هەرێمەكەمان پێیدا دەگوزرەرێ كە كلیلی چارەسەری ڕاستەقینەی كۆی كێشە هەڵپەسێردراوەكان لە كاراكردنەوەی پەرلەمانەوە دەسپێدەكات و بەدوایدا گرفتەكانی تر بەرەوچارەسەر دەڕوات .

فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان/ پەرلەمانی كوردستان
12/10/2016

 

دەقی بەیاننامەکەی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی، سەبارەت بە ڕووداوی ١٢ ی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٥
دەربارەی پەکخستنی پەرلەمان
پاش تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر پەکخستنی پەرلەمانی کوردستان لەلایە پارتی دیموکراتی کوردستانەوە بەھێزی چەکداری حزبی، لەسەر پرسی یاسایی کۆتاییھاتنی ویلایەتی درێژکراوەی سەرۆکی ھەرێم مەرگەساتی حوکمڕانی بەدوواداھات، ئەوەی ئەنجامدرا لەسەر پەرلەمان کودەتا بوو بەسەر شەرعیەتی دەنگی گەل دا. بەڵام بەداخەوە دۆخی خەڵک و موچەخۆران بەرەو خراپتر دەڕوا لەسایەی حکومەتێکی ناشەفاف و گەندەڵ دا.
لەھیچ شوێنێکی دونیا دەسەڵاتێک بوونی نییە پەرلەمانەکەی پەکخستبێ، تەنانەت سیستمە دیکتاتۆرەکانیش پەرلەمانیان ھەیە وەلەو کارتۆنیە، بۆیە ئەم دۆخە مەترسیدارەو ژیانی خەڵک بەرەو خراپتر دەڕوا، لەئێستادا لایەنەکان بەتایبەتی چوارلایەنەکە لەھەمووکات زیاتر پێویستە یەکڕیزو یەکدەنگ بن لەپێناو باشتر کردنی ژیانی خەڵک.

فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامی لەپەرلەمانی کوردستان

١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٦