د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت “ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بە هاوکاری فراکسیۆنە جیاوازەکان هەوڵماندا دەرگای پەرلەمان بەڕووی ڕاگەیاندنەکاندا کراوە بێت، تاڕادەیەکی زۆریش شەفافییەت لەکارەکانماندا هەبێت و بانکی زانیاریمان دامەزراند، بۆ بەخشینی زانیاریی لەبارەی کارەکانی پەرلەمان بە ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان .”
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمان لەکاتی وەرگرتنی ڕاپۆرتی هەڵسەنگاندنی شەش مانگی ڕابردووی کارەکانی پەرلەمانی کوردستاندا هات، ئەمڕۆ ٤ شەممە ١١-١١ لەلایەن ئینستیوتی پهی بۆ پهروهردهو گهشهپێدان پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کرا. لە کۆبوونەوەیەکدا، د.سەروەر عەبدولڕەحمان سەرپەرشتیاریی ڕاپۆرتەکە وتی “ئەم راپۆرتە ئینستیوتەکەمان بەشێوەیەکی پیشەییانە و بێلایەنانە پێی هەڵساوین، ڕاپۆرتە بە هەردوو زمانی عەرەبی و کوردی بڵاو دەکەینەوە، کارەکانی شەش مانگی ڕابردووی پەرلەمانی کوردستانمان لەڕووی یاسادان و چاودێرییەوە هەڵسەنگاندووە.”
لەبارەی ڕووداوەکەی ١٢ی مانگی ڕابردووش، لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەوە پێشێلکاریی یاساییە و شکاندنی شکۆی گەورەترین دەزگای یاسادانانە لە کوردستان.”
دواتریش سەرۆکی پەرلەمان، وتی “هەر لەسەرەتای دەستبەکاربونمانەوە لەگەڵ ئەوەدابووین دەزگاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕۆژنامەنووسان و هاوڵاتیان، چاودێری وردی کارەکانی پەرلەمان بن، لەهەر شوێنێکدا کەموکورتی هەبێت ئاگادارمان بکەنەوە، بۆ ئەوەی بە هەمو لایەکەوە هەوڵی چاکسازی بنەڕەتی لە ڕێگەی پەرلەمانەوە بدەین.”
لینكى ههواڵهكه: