Xandan.jpg

جێگری سه‌رۆكی په‌له‌مان: راپۆرته‌كه‌ی رێكخراوی په‌ی مه‌رامی سیاسی‌ له‌ پشته‌وه‌یه‌

Nov 12, 2015  |   هەواڵەکانی پەی 

خه‌ندان- 

نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌له‌مانی‌ كوردستان راپۆرته‌كه‌ی‌ رێكخراوی‌ په‌ی‌ ره‌تده‌كاته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت ئه‌و راپۆرته‌ راستییه‌كانی‌ شێواندووه‌ و له‌پێنان مه‌رام و بۆچوونێكی‌ سیاسی‌ دیاریكراو نووسراوه‌ته‌وه‌.

له‌ روونكردنه‌وه‌یه‌كدا كه‌ وێنه‌یه‌كی‌ بۆ خه‌ندان نێردراوه‌، نووسینگه‌ی‌ جێگری‌ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كه‌ "ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان له‌ 9ی ئه‌م مانگه‌دا گوایه‌ راپۆرتێكی چاودێری له‌سه‌ر كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و راپۆرته‌ شێواندنی راستییه‌كان و لادانه‌ له‌ كاری راسته‌قینه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان نیو ئه‌وه‌نده‌ پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرۆكی باسه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی پرسه‌كه‌ نه‌كردووه‌".

ئه‌وه‌ش هاتووه‌ "ئه‌و رێكخراوه‌ له‌پێناو به‌جێگه‌یاندنی مه‌رامێكی سیاسی هه‌موو بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاری رێكخراوه‌ییان فه‌رامۆش كردووه‌".

 ده‌قی‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی نووسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌له‌مان له‌باره‌ی دوا راپۆرتی رێكخراوی په‌ی ..

ئینستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌ و گه‌شه‌پێدان له‌ 9ی ئه‌م مانگه‌دا گوایه‌ راپۆرتێكی چاودێری له‌سه‌ر كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و راپۆرته‌ شێواندنی راستییه‌كان و لادانه‌ له‌ كاری راسته‌قینه‌ی رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان نیو ئه‌وه‌نده‌ پیشه‌ییانه‌ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ كرۆكی باسه‌كه‌ و لێكۆڵینه‌وه‌ی زانستی پرسه‌كه‌ نه‌كردووه‌ و ته‌نانه‌ی ده‌سه‌ڵات و چوارچێوه‌ی كاری رێكخراوه‌یی به‌زاندووه‌ و له‌پێناو به‌جێگه‌یاندنی مه‌رامێكی سیاسی هه‌موو بنه‌ما پیشه‌ییه‌كانی كاری رێكخراوه‌یی فه‌رامۆش كردووه‌.

ئه‌و رێكخراوه‌ له‌بری ئه‌وه‌ی كار له‌ سنووری یاسادانان و چاودێری بكات كه‌ كرۆكی بابه‌ته‌كه‌یه‌ و بۆچوون و شیكار و ته‌نانه‌ت ره‌خنه‌كانیشی به‌دیار بخات، هاتووه‌ خۆی له‌ پرسی ئیداریی و كارگێڕی په‌رله‌مان هه‌ڵقورتاندووه‌ كه‌ له‌ هه‌موو دنیادا ئه‌و پرسه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كاری په‌رله‌مان نه‌وه‌ك ئه‌و جۆره‌ رێكخراوانه‌.

بابه‌تی كۆبوونه‌وه‌ی فراكسیۆنه‌كان و دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و هه‌وڵدان بۆ بچوككردنه‌وه‌ و بایه‌خی په‌رله‌مان هه‌وڵدانه‌ بۆ خزمه‌تكردنی مه‌رامێكی سیاسی دیاریكراو به‌تایبه‌ت كه‌ رێكخراوی په‌ی ئاماژه‌ به‌ رووداوه‌كانی دوای 12ی تشرینی یه‌كه‌م ده‌كات بێ ئه‌وه‌ی بێت و په‌ی به‌ راستییه‌كان ببات و رۆژه‌ڤی ره‌وتی رووداوه‌كانی به‌ر له‌و مێژووه‌ وه‌ك خۆی هه‌ڵداته‌وه‌ و راپۆرته‌كه‌شی له‌ سلێمانی نیشانی سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان دابوو به‌بیانووی ئه‌وه‌ی  دوو له‌ سێ ئه‌ندامی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان واژووی بكه‌ن، 

به‌ڵام سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌ دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌گه‌ر رووی له‌ نووسینگه‌كه‌مان بكردایه‌ نه‌وه‌ك هه‌ر راپۆرته‌كه‌ی لێ وه‌رنه‌ده‌گیرا، به‌ڵكو پێشوازیش له‌ خاوه‌نه‌كه‌ی نه‌ده‌كرا، چونكه‌ نه‌فه‌سی نووسینه‌وه‌ی راپۆرته‌كه‌ و ئامانج و شێوازی كاركردنی خاوه‌نه‌كه‌ی له‌سه‌ری وه‌ك رۆژی روون دیاره‌ كه‌ چه‌ند سیاسییه‌ و له‌ خزمه‌ت مه‌رام و بۆچوونێكی سیاسی دایه‌ و هه‌رگیز پیشه‌یی بوونی خۆی له‌م راپۆرته‌ نه‌سه‌لماندووه‌. 

 هه‌ر بۆیه‌ دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ ئه‌و راپۆرته‌ سه‌رله‌به‌ری ره‌تده‌كه‌ینه‌وه‌ و دڵنیاین گه‌لی كوردستان له‌وه‌ هۆشیارترن و نایه‌نه‌ ژێر باری ئه‌و جۆره‌ راپۆرته‌ چه‌واشه‌كاریانه‌.

نوسینگه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان
١٢/١١/٢٠١٥

خ.غ

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://archive.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=54039&Jor=1