Xandan.jpg

ئه‌نستتیوتی په‌ی، سێ راپۆرتی سه‌باره‌ت به‌ چاودێری و هه‌ڵسه‌نگاندنی كاره‌كانی په‌رله‌مان راگه‌یاند

Nov 9, 2015  |   هەواڵەکانی پەی 

خه‌ندان-

سه‌رۆكی ئه‌نستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان رایده‌گه‌یه‌نێت، رێكخراوه‌كه‌مان له‌سێ‌ بواردا كارده‌كات، چاودێری ئیش و كاره‌كانی هه‌رسێ دامه‌زراوه‌ی (وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌)،  (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا) و (په‌رله‌مانی كوردستان) ده‌كات.

د. سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی (ئه‌نستتیوتی په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان) كه‌ رێكخراوێكی ناحكومییه‌، به‌خه‌ندانی راگه‌یاند: "رێكخراوه‌كه‌مان له‌سێ‌ بواردا كارده‌كات، چاودێری ئیش ‌و كاره‌كانی هه‌رسێ دامه‌زراوه‌ی (وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌)، (وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا)و (په‌رله‌مانی كوردستان) ده‌كات، ساڵی پاریش راپۆرتێكی ترمان بڵاوكرده‌وه‌ له‌سه‌ر ئه‌دای كاری په‌رله‌مان، دیاره‌ هه‌ر خولێكی شه‌ش مانگی په‌رله‌مان ئێمه‌ راپۆرتێكمان له‌سه‌ری هه‌بووه‌".

وتیشی: "راپۆرته‌كان كه‌ پیشه‌ییانه‌و بێلایه‌نانه‌ نووسراون، وه‌ك ئه‌ركێكی سه‌رشانمان وه‌ك رێكخراوێكی كۆمه‌لی مه‌ده‌نی، كارمان له‌سه‌ر ده‌ستنیشانكردنی هه‌ڵه‌و كه‌موكوڕییه‌كانی په‌رله‌مان كردووه‌ هه‌م وه‌ك ده‌زگایه‌كی نیشتمانی و هه‌م وه‌ك پایه‌یه‌كی سه‌ره‌كی دیموكراسیه‌ت له‌پێناو به‌ره‌و پێشه‌وه‌چوونی زیاتری كۆمه‌ڵگه‌، له‌و راپۆرتانه‌دا، سه‌باره‌ت به‌بواری یاسادانان كه‌ یه‌كێك له‌پایه‌كانی په‌رله‌مانه‌، چاودێریمان كردووه‌، په‌رله‌مان چه‌ند پڕۆژه‌ یاسای ده‌ركردووه‌و چه‌ندی كردووه‌ به‌ یاساو چه‌ندیشی وه‌ك خۆی ماونه‌ته‌وه‌و كاریان له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، هه‌روه‌ها له‌باره‌ی چاودێریكردنی حكومه‌تیشه‌وه‌ كارمان كردووه‌، ئاخۆ تاچ راده‌یه‌ك په‌رله‌مان توانیوویه‌تی چاودێری كاره‌كانی حكومه‌ت بكات، ئه‌ویش به‌پێی داتا، ئاخۆ چه‌ند وه‌زیر بانگكراون، چه‌ندیان میوانداری كراون و چه‌ندیان لێپێچینه‌وه‌یان له‌گه‌ڵدا كراوه‌، چه‌ندیان چوونه‌ته‌ په‌رله‌مان و چه‌ندیان پشتگوێیان خستووه‌، هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌داتا له‌به‌رده‌ستدان".

راشیگه‌یاند: "هه‌روه‌ها باسی پرۆسه‌ی په‌سه‌ندكردنی بوودجه‌مان كردووه‌ كه‌ یه‌كێكی تره‌ له‌كاره‌كانی په‌رله‌مان، سێ‌ ساڵه‌ بوودجه‌ نه‌چووه‌ته‌ په‌رله‌مانی كوردستان. لایه‌نێكی تر كه‌ ئێمه‌ چاودێریمان كردووه‌، مه‌سه‌له‌ی ئه‌دای كاركردنی نێو په‌رله‌مانه‌، ئاخۆ تا چه‌ند په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان جێبه‌جێ كراوه‌ یان پێشێل كراوه‌".

 ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو: "دوو راپۆرتمان سه‌باره‌ت به‌ كاری ئێستای په‌رله‌مانه‌، كه‌ له‌ 1ی ئه‌یلووله‌وه‌ خوولێكی نوێی په‌رله‌مان ده‌ستیپێكردووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان په‌كیكه‌وتووه‌، كه‌ به‌هۆی رێگری له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌م ده‌زگا گرنگه‌ په‌كی خراوه‌و ئه‌مه‌ش كارێكی نایاساییه‌ به‌رانبه‌ر په‌رله‌مان كراوه‌، تیایدا بڕیاری ژماره‌ (1)ی 2005 پێشێلكراوه‌ كه‌ ده‌ڵێت په‌رله‌مان به‌رزترین ده‌زگای شه‌رعیی یاسایی و سیاسیی هه‌رێمه‌، هه‌روه‌ها یاسای ژماره‌ی 1ی ساڵی 1992ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان پێشێلكراوه‌، سه‌رباری پێشێلكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان. یه‌كه‌ یه‌كه‌ی ئه‌و مادانه‌ی كه‌ پێشێلكراون ده‌ستنیشانمان كردوون، هه‌ر له‌ رێگریكردنی له‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌وه‌ی بچێته‌ په‌رله‌مان و په‌كخستنی په‌رله‌مان و پرۆسه‌ی یاسادانان و چاودێرێكردن و پرۆسه‌ی كاری لیژنه‌كان په‌كخراوه‌، ئه‌و ئه‌نجامانه‌ش خراونه‌ته‌ روو كه‌ پێی گه‌یشتووین، دواتریش پێشنیار و راسپارده‌كانمان نوسیووه‌. دوێنێش به‌ هاوكاری یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان، ئه‌م راپۆرتانه‌مان خسته‌ڕوو و رامانگه‌یاند، له‌چه‌ند رۆژی ئاینده‌ش به‌شێوه‌یه‌كی فه‌رمی راپۆرته‌كان پێشكه‌ش به‌ به‌ڕێز سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كه‌ین".

لینكى هه‌واڵه‌كه‌:

https://archive.xendan.org/dreja.aspx?=hewal&jmara=53934&Jor=4