خەڵك- بەشی هەواڵ
ئەنیستیتۆی پەی وەڵامی جەعفەر ئیمنكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەداتەوە و لە روونكردنەوەیەكدا كە وێنەیەكی بۆ (خەڵك) نێردراوە، ئاماژە بەوە دەكات، كە مەراممان بەرزیی پەرلەمان و سەروەریی یاسایە.
دەقی روونكردنەوەكە:
كە مەراممان بەرزیی پەرلەمان و سەروەریی یاسایە
وەلامێك بۆ بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمان
ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان (PAY) ریًكخراوێكی ناحكومیی كوردستانییەو بەپێی یاسای ژمارە (1)ی ساڵی (2011)ی رێكخراوە ناحكومیەكان كەلە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە، لە (28/11/2013) بەفەرمی لە فەرمانگەی رێكخراوە ناحكومیەكان تۆمار كراوە و لە كانونی یەكەمی سالی 2013ەوە دەستی بە چالاكیەكانی كردووە.
یەكێ لە كارەكانی (PAY) لەماوەی ئەم دوو ساڵەدا پرۆژەی چاودێریكردنی پەرلەمانی كوردستان بووە، كە تا ئێستا چوار راپۆرتی بلاوكردۆتەوە، بەسوپاسەوە لەو ماوەیەدا سەرۆكایەتی پەرلەمان بەگشتی و بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان بەتایبەتی هاوكارییان كردوین لە پێدانی زانیاری و كارئاسانیان بۆ كردووین.
لە رۆژی (9/11/2015) لەمەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی یەكێتی پەرلەمانتاران و مامۆستایانی زانكۆو چالاكوانانی مەدەنی و میدیاكاران، لەهۆلی یەكێتی پەرلەمانتاران راپۆرتە تازەكانمان راگەیاند.
ئەوەی مایەی سەرنج و سەرسوڕمانە بەیاننامەیەك بەناوی بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە سەبارەت بەم چالاكیەی رێكخراوەكەمان، لە سایتی فەرمیی پەرلەمان و چەند كەناڵێكی راگەیاندندا بلاو كرایەوە، تیایدا كۆمەلێ تۆمەتی بێبنەما ئاراستەی رێكخراوەكەمان كراوە، (هیوادارین ئەم بەیانە بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمان نەینوسیبێت و ئاگاداری نەبێت، چونكە ئەم زمانەی پێی نوسراوەو ئەو بێئاگاییەی نوسەرەكەی، لە شان و شكۆی كەسێك ناوەشێتەوە كە جێگری سەرۆكی پەرلەمان بێت).
ئێمە لەنوسینی راپۆرتەكانماندا، لەخۆمان و تیمی كاری چاودێریمان دڵنیاین كە لایەنگریی هیچ حزب و لایەن و فراكسیۆنێكمان نەكردووەو نایكەین، تاكە پێوەرێك لای ئێمە لە هەلسەنگاندنی پەرلەماندا پەیڕەوی ناوخۆو یاسا پەیوەندیدارەكانن كە لەبەرچاویان دەگرین. بۆیە لە راپۆرتەكانماندا هەموو پێوەرە زانستیەكانمان لەبەرچاو گرتووەو چوارچێوەی كاری رێكخراوەیی خۆشمان دەزانین و نەمانبەزاندووەو هیچ كام لە بنەما پیشەییەكانی كاری رێكخراوەییشمان فەرامۆش نەكردووە.
بەلام بەداخەوە بەرسانی ئەم هەرێمە وەك پیشەی هەمیشەییان، كاتێك راپۆرتێكیان لەسەر بلاو دەكرێتەوەو پەردە لەڕووی كارە نایاساییەكانیان لادەدرێت، لەبری بەدواداچوون و چارەكردنی گرفتەكان، تۆمەتی ئەوەی دەخەنەپاڵ كە لەوەلامەكانیاندا دەلێن ئەمە مەرامی سیاسی لە پشتەوەیە، تاكە مەرامی ئێمە دەركەوتنی راستیەكان و سەروەریی یاسایە.
پێویست بوو بەڕێز جێگری سەرۆكی پەرلەمان لەبری ئەوەی بەزمانێكی زبر، تۆمەتی بێبنەما ئاراستەی رێكخراوەكەمان بكات، وەلامێكی لۆژیكیانەی خاڵە جەوهەرییەكانی راپۆرتەكەمانی بدایەتەوە.
ئێمە ئەدای كاری پەرلەمانمان هەلسەنگاندووە، لە پرۆسەی یاساداناندا نوسیومانە: پەرلەمان لە ماوەی دوو ساڵدا (226) پرۆژەی پێشكەشكراوەو خوێندنەوەی بۆ (155) لەو پرۆژانە كردووە، بەلام تەنها (18) یاسای دەركردووە، كە (90%)ی ئەم یاسایانەش جێبەجێنەكراون. ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە نوسیومانە: پەرلەمان لە پرۆسەی چاودێریی حكومەتدا لاوازەو لەماوەی دوو ساڵدا نزیكەی (40) جار وەك میوانداری داوای ئامادەبوونی سەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیرە جیاجیاكانی كردووە، بەلام تەنها (10) جار وەزیرەكان ئامادەبوون، هەروەها (6) جاریش وەزیرەكان بۆ پرساندن (استجواب) داوایان لێكراوە لەبەردەم پەرلەمان ئامادەبن، بەلام هیچ كامێكیان ئامادە نەبوون و وەلامی پەرلەمانیشیان نەداوەتەوە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە نوسیومانە: لەماوەی دوو ساڵدا سەرباری ئەم هەموو قەیران و گرفتەی بەرۆكی خەلكی كوردستانی گرتووە، كە (732) رۆژ دەكات، پەرلەمان تەنها نزیكەی (210) كاتژمێر كۆبۆتەوە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە نوسیومانە: لیژنەكانی پەرلەمان لەو پرۆژانەی ئاراستەیان كراوە دەبوایە تا ئێستا (362) راپۆرتیان بنوسیایە، بەلام (254) راپۆرت دواكەوتوون و نەنوسراون تەنها (108) راپۆرت نوسراوە، ئەمەش یەكێك لە هۆكارەكانی پەسەند نەكردنی یاسایە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە نوسیومانە: لیژنەكانی پەرلەمان سستن لە ئیشوكارەكانیان و لیژنە هەیە لەماوەی شەش مانگدا تەنها یەك كۆبوونەوەشی نەكردووە، رێژەی غیاباتی ئەندامان لە كۆبوونەوەكان زۆرە، ئەندام هەیە لە پەرلەمان مانگانە (500.000) دینار دەرماڵەی ئەندامێتی لیژنە وەردەگرێت بەبێئەوەی ئەندامی هیچ لیژنەیەك بێت، لیژنە هەیە لەماوەی دوو سالدا لەو هەموو پرۆژەیەی ئاراستەی كراوە تەنا یەك دێریشی لەسەر نەنوسیوە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە لەو راپۆرتەكانماندا دەیان پێشێلكاریمان دەستنیشانكردووە كە لەپەیڕەوی ناوخۆدا كراوە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
لە كاتێكدا پەرلەمان یاسا شكێنی كردبێت و لە پەیڕەو لایدابێت، بەپێی یاساو پەیرەوی ناوخۆ رەخنەمان لێگرتووەو پێشێلكاریەكانمان دەستنیشانكردووە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە پێمانوایە (پەرلەمان بەرزترین دەزگای شەرعیی یاسایی و سیاسی خەلكی هەرێمی كوردستانە)و كاتێك ئیرادەیەك لەدەرەوەی خۆی، بەنایاسایی پێشێلی مافەكانی دەكات و كارەكانی رادەگرێت، بەئەركی سەرشانی خۆمان زانیوە ئەو پێشێلكارییانەش دەستنیشان بكەین، و وەك دامەزراوەیەكی بالای خەلكی كوردستان (كە بەڕێزتان جێگری سەرۆكن تیایدا) بەرگری لێبكەین.
ئێمە لە راپۆرتەكانماندا نوسیومانە ئەو رێگرییانەی لە 12/10/2015 لە بەڕێز سەرۆكی پەرلەمان كرا، بڕیاری ژمارە (1)ی سالی 2005 پێشێلكرا، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە نوسیومانە پەكخستنی پەرلەمان پێشێلكردنی یەكەم یاسای پەرلەمانی كوردستانە كە یاسای ژمارە (1)ی سالی 1992ی هەلبژاردنی پەرلەمانی كوردستانە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟
ئێمە نوسیومانە لەهەموو ئەو هەلسوكەوتانەی بەرامبەر پەرلەمان كراون، پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان پێشێلكراوە، ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن وانیە؟ ئایا بەڕێزیان دەتوانن پێمان بلێن بەكام یاسا پەكی پەرلەمانی كوردستان كراوەو ئەو رەوشەی دەگوزەرێت یاسا شكێنی نیە؟
ئەوەی ئێمە كردوومانە لە بەجێگەیاندنی ئەركی پیشەیی خۆمان زیاتر هیچی تر نیە، پێویست بوو بەرلەوەی رێكخراوێكی كۆمەڵی مەدەنی قسەی لەسەر بكات بەڕێزیان ئەم قسانەیان بكردایە، چونكە پێشێلكاری بەرامبەر خۆشیان كراوە، دڵنیام بەڕێزیان ئەم راستیانە لە ئێمە باشتر دەزانن گەر دانی پێدا بنێن.
سەبارەت بەوەش كە ئێمە وەك (PAY) راپۆرتەكەمان بردووەو پێشكەشی بەڕێز سەرۆكی پەرلەمانمان كردووە، بێگومان ئەوە نەریتێكەو كاتێك راپۆرت لەسەر هەر دامودەزگایەك دەنوسرێت، دەبێت پێشكەشی كەسی یەكەم بكرێت، هەر لەو سۆنگەیەوە ئێمە پێشێلی نەریتمان نەكردووە، ئەگەرچی پێشێلكاریی یاساییش بەرامبەر بەڕێز (د.یوسف محمد سادق) كرابێت، بەلام تا ئێستاش هەر بەڕێزیان سەرۆكی پەرلەمانن و ئێمەش بۆیە راپۆرتەكەمان پێشكەش كرد.
لە كۆتایی بەیاننامەكەی بەناوی بەرێز جێگری سەرۆكی پەرلەماندا هاتووە گوایە سەرلەبەری ئەم راپۆرتە رەت دەكەنەوە، ئەگەر بەڕێزیان توانیان وەلامی ئەم پرسیارانەی سەرەوەمان بدەنەوەو بیسەلمێنن كە یاساشكێنی نەكراوەو پەیرەو پێشێل نەكراوە، ئەوا ئەو كاتە دەستخۆشیان لێدەكەین و با راپۆرتەكە رەت بكەنەوە.
ئەنستتیۆتی پەی نەك هەر نەیویستووە لە ئەرك و رۆلی پەرلەمان كەم بكاتەوە، بەلكو رۆڵی پەرلەمان بەرز دەنرخێنین و مەراممان ئەوەیە ئەم دەزگا گرنگە گەورە بێت و بە ئەركی یاسایی و چاودێریی خۆی هەلسێت و رەخنەو چاودێریكردنەكانیشمان لەپێناو چاككردن و بەرەو پێشەوە چوونیەتی.
لەگەل رێزدا
ئەنستتیوتی پەی بۆ پەروەردەو گەشەپێدان
13/11/2015
لینكى ههواڵهكه:
http://archive.xelk.org/xezan/dreja.aspx?Jmare=33217&Jor=1