پرۆژەی چاودێری پەرلەمان

 

بیرۆكه‌ی‌ چاودێری‌ دام و ده‌زگا گشتیه‌كان له‌ كوردستان ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ چه‌ند سالێك له‌مەوبه‌ر، به‌ڵام پێش (په‌ی‌) به‌و شێوه‌ وورد و پڕ زانیارییه‌ چاودێری‌ ده‌زگایه‌كی‌ گرنگی‌ وه‌ك په‌رله‌مان نه‌كرابوو.
پرۆژه‌ چاودێری‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئامانجی سه‌ره‌تا و كۆتایی‌ ئه‌وه‌یه‌ به‌ ده‌نگ ده‌ری‌ كوردستان بڵێت ئه‌دای‌ نوێنه‌راكانیان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان چۆنه‌، و شه‌فافیه‌ت له‌ئه‌ركی په‌رله‌مانی‌ درووست بكات، به‌ رای گشتی‌ بڵێت پایه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی‌ كاركردن وه‌ك ( یاسا دانان، چاودێری‌ كردن، په‌سه‌ندكردنی‌ بودجه‌) له‌و ده‌زگا نیشتیمانیه‌ گرنگه‌ چۆن به‌رێوه‌ ده‌چێت. ئێمه‌ له‌په‌ی‌ ده‌مانه‌وێت هاوكاری‌ په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان بین ، ئه‌ویش به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ زانیاری‌ روون و وورد له‌سه‌ر په‌رله‌مان و ئه‌دای‌ ئه‌و ده‌زگایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی په‌رله‌مانتار و لیژنه‌ی‌ چالاك و له‌وانی‌ تر جیا بكه‌ینه‌وه‌ و فشاریكی‌ مه‌ده‌نیش درووست بكه‌ین بۆ سه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی‌ كه‌ به‌ئه‌ركی‌ خۆیان وه‌ك پێویست هه‌ڵناستن .
راپۆرته‌كانی‌ چاودێری‌ په‌رله‌مان
له‌ ئیستادا ئینستتیوتی‌ په‌ی (٢١) راپۆرتی‌ بڵاو كردۆته‌وه‌، (١٨) راپۆرتیان به‌ هاوكاری‌ سندوقی‌ نیشتیمانی‌ بۆ پاڵپشتی‌ دیموكراسی‌ (NED) ئه‌مریكی‌ بووه‌ و (٣) راپۆرتیشیان خۆبه‌خشانه‌ له‌لایه‌ن ئیسنتتیوته‌وه‌ ئاماده‌كرا و دوو له‌و راپۆرتانه‌ له‌لایه‌ن یه‌كێتی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ كوردستانه‌وه‌ چاپ كراون .
به‌رده‌وامی‌ پرۆژه‌ی‌ چاودێری‌ له‌ ئێستادا بۆ ؟
ئه‌و پرسیاره‌مان ئاراسته‌ ده‌كرێت له‌ ئێستادا راپۆرته‌كانی‌ چاودێری‌ بۆ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ له‌ كاتێكدا په‌رله‌مان په‌كی كه‌وتووه‌، وه‌ڵامی ئێمه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌، پرۆسه‌ی چاودێری‌ كردن سه‌رجه‌م كاره‌كانی‌ په‌رله‌مان ده‌گرێته‌وه‌، له‌ ئێستادا دانیشتنه‌كان په‌كی كه‌وتووه‌، به‌ڵام ده‌كرا كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌كان به‌رده‌وام بێت و ئه‌و ده‌یان پرۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ له‌ لیژنه‌كان كه‌وتوون و راپۆرتیان له‌سه‌ر نه‌نوسراوه‌ ئیشیان له‌سه‌ر بكرایه‌، كه‌ مێژووی ژماره‌یه‌ك له‌و راپۆرتانه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونی خولی چوار ، ئه‌وه‌ لای ئێمه‌ پرسیاریكی جه‌وهه‌رییه‌ كه‌ بۆچی له‌ ئێستا دا په‌رله‌مانتاران ئیش له‌سه‌ر ئه‌و راپۆرتانه‌ ناكه‌ن كه‌ ئاراسته‌یان كراوه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتیكدا لای‌ هه‌موان رونه‌ له‌گه‌ڵ‌ ده‌ست به‌كار بوونی‌ ئه‌م خوله‌، په‌رله‌مان پرۆژه‌ باران كرا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانه‌وه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر په‌رله‌مانتارێكیش بیانوی نه‌مانی شه‌رعیه‌تی و په‌ك كه‌وتنی سه‌رۆكایه‌تی‌ بكاته‌ به‌هانه‌ بۆ كار نه‌كردن، وابزانم زۆر دووره‌ له‌ راستیه‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی به‌شێك له‌وانه‌ی‌ له‌ لیژنه‌كانیاندا كار ناكه‌ن ئیفاد ده‌بن بۆ ده‌ره‌وه‌ی وڵات به‌كاروباری‌ لیژنه‌كانیان، پاشان ئه‌وان هه‌موو ئیمتیازه‌كانی‌ ئه‌ندامی‌ په‌رله‌مان موماره‌سه‌ ده‌كه‌ن، كه‌واته‌ كار نه‌كردن له‌ لیژنه‌كانیان و ئه‌نجام نه‌دانی‌ ئه‌ركی سه‌رشانیان به‌ كه‌م ته‌رخه‌می ئه‌ژمار ده‌كرێت و ئیشی‌ ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وه‌ تۆمار بكه‌ین. كه‌واته‌ ئێمه‌ به‌رده‌وام ده‌بین و ئه‌و به‌رپرسیاریه‌تیه‌ جێ‌ به‌جێ‌ ده‌كه‌ین .
پێشوازی‌ پرۆژه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مان چۆنه‌ ؟
له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كاربوونی‌ خولی‌ چواره‌وه‌ پرۆژه‌ی‌ چاودێری‌ ده‌ست پێ‌ كرد و سه‌رۆكایه‌تی‌ په‌رله‌مان به‌تایبه‌ت سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مان هاوكاری ته‌وای نیشاندا و له‌سه‌ره‌تای ده‌ست به‌كار بوونی‌ پرۆژه‌كه‌ و وتی : په‌رله‌مان چاودێری‌ دام و ده‌زگا گشتیه‌كان ده‌كات ، كه‌واته‌ خۆش ده‌بێت چاودێری‌ بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی مۆفه‌ق بێت له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی‌، و پشتیوانتانم بۆ جێ‌ به‌جێكردنی‌ پرۆژه‌كه‌)، هه‌ندێك كات رێگری‌ درووستكراوه‌، به‌ڵام سه‌ره‌نجام كاروانه‌كه‌ گه‌یشتۆته‌ مه‌نزڵ‌ و توانراوه‌ كاره‌كه‌ به‌رده‌وام بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی‌ جێ‌ ی‌ نیگه‌رانی‌ ئێمه‌ بووه‌ ئه‌وه‌یه‌، هه‌ندێك له‌ په‌رله‌مانتاران نه‌ك هاوكارنه‌بوون له‌ جێ‌ به‌جێكرنی‌ پرۆژه‌كه‌ به‌ڵكو تۆمه‌تیشیان بۆ درووستكردووین و هه‌وڵی‌ ناوزراندنی‌ پرۆژه‌كه‌ و ئینستتویتان داوه‌ و له‌ ئیستادا له‌ دادگا داوامان له‌سه‌ر ئه‌ندامێكی‌ په‌رله‌مان هه‌یه‌، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدا ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ئامانجیه‌تی‌ په‌رله‌مانتار و ده‌نگده‌ر پێكه‌وه‌ ببه‌ستێته‌وه‌ و په‌یوه‌ندی‌ نێوان رای گشتی‌ و ئه‌و ده‌زگا نیشتیمانیه‌ به‌هێز بكات .

روانگه‌ی‌ په‌یئه‌مه‌ ناونیشانی‌ نوێترین به‌شی‌ پرۆژه‌كه‌ كه‌ پێك هاتووه‌ له‌ ماڵپه‌ڕێك به‌ هه‌ردوو زمانی‌ (كوردی‌ و عه‌ره‌بی) و له‌ داهاتووشدا به‌زمانی‌ ئینگلیزی‌ ده‌بێت، ئه‌م ماڵپه‌ڕه‌ ده‌بێته‌ وێستگه‌یه‌كی‌ گرنگ بۆ ده‌نگده‌ر و توێژه‌ران و میدیا كارانی‌ كوردستان، له‌م ماڵپه‌ڕه‌دا سه‌رجه‌م ئه‌و زانیارییانه‌ داخڵ‌ ده‌كرێن كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كاری‌ (یاسادانان و چاودێری‌ و په‌سه‌ند كردنی‌ بودجه‌)، هه‌روه‌ها ئه‌ژماری‌ ووردی‌ ئه‌ندامان له‌ سه‌ر سه‌رجه‌م ئه‌ركه‌كانیان داده‌نرێت، كه‌واته‌ ده‌توانین له‌م پێگه‌یه‌وه‌ بزانین نوێنه‌رانی‌ گه‌ل تا چه‌ند به‌لێنه‌كانی‌ كاتی هه‌لبژاردن جێ‌ به‌جێ‌ ده‌كه‌ن ؟ تا چه‌ند له‌ مه‌هامی كار په‌رله‌مانی‌ گه‌یشتوون و له‌ ئه‌ركه‌كانی‌ تری وه‌ك رۆژنامه‌وانی‌ جیایان كردۆته‌وه‌ ؟ كێن ئه‌وانه‌ی ئه‌ركی سه‌رشانیان له‌ بواری‌ چاودێری‌ و یاسا دانان جێ‌ به‌جێ‌ ده‌كه‌ن و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه‌، ئه‌م پێگه‌یه‌ش به‌شێكه‌ له‌ پرۆژه‌ی‌ چاودێری‌ په‌رله‌مان كه‌ له‌لایه‌ن (NED) ئه‌مریكی ه‌ وه‌ سه‌پۆرت ده‌كرێت .
له‌كۆتایدا
ئینستتیوتی‌ په‌ی بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان، به‌رده‌وام ده‌بێت له‌سه‌ر هه‌ریه‌ك له‌ پرۆژه‌كانی‌ (چاودێری په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ته‌كانی‌ په‌روه‌رده‌ و خوێندنی‌ باڵا) كه‌ به‌ درێژای‌ ته‌مه‌نی‌ خۆی كاری‌ له‌سه‌ر كردوون و هه‌وڵ‌ ده‌دات به‌شێك له‌ ئه‌ركه‌كانی‌ رێكخراوه‌كانی‌ كۆمه‌ڵی‌ مه‌ده‌نی‌ رابپه‌رێنێت و ببێته‌ وێستگه‌ك بۆ فشاری مه‌ده‌نی .

پرۆژەکانی چاودێری پەرلەمانی کوردستان