موفید محەمەد نوری
هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ لە نێوان پارتەکانی کوردستاندا سەرکەوتنی گەورەی ئایدۆلۆژیا بوو، بە تایبەتی بزووتنەوەی "گۆران"؛ هەموو لایەنەکانی تری تاساند. لەنێو بانگەشەی ساڵی ٢٠٠٩دا هەست و نەستی خەڵکی کورد بە شێوەیەکی تر بوو، بزووتنەوەی گۆڕان دەیویست لەنێو ئەو هەموو مافانەی تردا، مافی کەیبانووی ماڵ بەدەستبهێنێت، بە جۆرێک بڕێک مووچەیان بۆ دابین بکەن، وەکو وڵاتە سۆشیال دیموکراتەکانی جیهان.
لە دونیای ئەمڕۆدا دوو تەوژمی جودا هەیە، کە دەیانەوێت دەسەڵات بگرنە دەست: یەکەمیان دەیەوێت شۆڕشێکی کولتووری بکات، کە ئاڕاستەی خەڵک بەرەو جیهانێکی مۆدێرن ببات، زۆربەی خەڵکیش پشتیوانی لێ دەکات. تەوژمی دووەمیان نیو سۆشیالیزمە، واتە عەدالەتی سۆشیالیستی هەموو ئەو هێزانە لە خۆدەگرێت کە بنەمای ئایدۆلۆژی سۆشیال دیموکراسی ئەورووپی دەکەن.
هەرچی هەلومەرجی هەڵبژاردنی ٢٠٢٤ هەیە لە کوردستاندا دەیەوێت ئەو بانگەوازە بە خەڵک بدات، بەڵام هیچێک لەو پارتانە بانگەشەی ئایدۆلۆژیایان هەڵنەگرتووە و وتارێکی ئایدۆلۆژییان پێ نییە. بە پێچەوانەوە شەڕی نێوان ئەو پارتانە بەجێ هێشتنی بنەما ئایدۆلۆژییەکانە، هەر بەو جۆرە هەموو کاندیدەکانیشیان پێت دەڵێن کە «هەڵگری هیچ ئایدۆلۆژییەک نین». مافی خەڵکە بزانێت ئەو پارتانە داکۆکی لەسەر چی دەکەن، یان چیان دەوێت بۆ خەڵک.
یەکێک لە کێشەکانی خەڵک ئەمڕۆ لە کوردستاندا باجە، باج دانان لەسەر هەموو گواستنەوە و ئیش و کارەکان، بە جۆرێک ئێستا خەڵک دووجار بیردەکاتەوە لەوەی کە دەست بداتە کارێک، چونکە دەبێت بزانێت چەند بدات بە دەوڵەت؛ بە کورتییەکەی حکومەت دەبێت شەریک بێت لە گەڵیدا. هەموو توێژینەوە ئابوورییەکان ئەوەیان سەلماندووە کە باجی زۆر هەلومەرجی ئابووری هێواش دەکاتەوە. ئەگەر ئەو پارتانەی پشتیوانی خەڵکی هەژارن کوا بەرنامەیان بۆ کەمکردنەوەی باج لەسەر خەڵکێک کە کار دەکات؟!
ئاسایشی نەتەوەیی کۆڵەکەی سەقامگیری هەموو میللەتێکە، لە چەند ساڵێکی ڕابردوودا و هەتا ئەمڕۆشی لەسەر بێت خەڵکێکی زۆری بێتاوان ئەکوژرێ و دیارنامێنێت، کوان ئەو پارتانەی کە پشتیوانی لە عەدالەتی کۆمەڵایەتی و بەهێزبوونی پایەکانی دادگا و دەزگا یاساییەکان دەکەن؟
یەکێک لە هەرە دیاردە گەورەکانی سیاسەتی نیشتمانی پارتەکانی کوردستان ئەوەیە، کە بە خەڵک دەڵێن و داوایان لێ دەکەن لە بیر خۆیانی بەرنەوە، ئەگەر هەرچی خیانەتێکیان کردبێت بە خاک و ئەم نیشتیمانە. هەموو بە خەبەر هاتنەوەیەکی ئەم میللەتە لەوەدایە کە دەبینێت خاکەکەی تا ئێستا داگیرکراوە و زۆربەی سنوورەکان سوتێنراون و دێکانیش چۆڵ کراون، هیچ پارتێک بەرنامەی نییە بۆ ئەو کارەساتە و چۆن بتوانن کوردستانێکی ئارام بۆ خەڵک دابین بکەن.
هیچ پارتێک نییە لە کوردستاندا کە لە بانگەشەی خۆیدا باسی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و بنەمای سۆشیالیزمی وڵات و چاککردنی خۆشگوزەرانی و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیان بکات، هیچ بەرنامەیەکیان نییە بۆ میکانیزمەکانی خۆش کردنی ژیانی خەڵک. کەچی لە هەڵگیرسانەوەی بزووتنەوەی چەکدارییەکانی ساڵی ١٩٧٦ زۆربەی ئەو پارتانە لە مەیدانی شەڕی ڕزگاری نیشتمانی بوون، هەموو درووشمی سۆشیالیزمیان بەرزدەکردەوە، یان خۆیان بە مارکسیزمی شۆڕشگێڕ دەزانی!
لە کۆتاییدا، ئەوەی ئەمڕۆ لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٤دا بۆ پەرلەمانی کوردستان ڕەچاو دەکرێت، ئەوەیە کە ئایدۆلۆژی و دروشمەکان بە هیچ جۆرێک بوونیان نییە لە بانگەشەی ئەو پارتانەدا. کەواتە بەڕێوەچوونی ئەو پڕۆسێسە هیچ کاریگەری نابێت لەسەر عەدالەتی کۆمەڵایەتی، یەکسانی، دادپەروەری، بەهێزبوونی دەزگاکانی حکومەتی هەرێم، لەوانە: دادگاکان، زانکۆکان، پەروەردەی خوێندن، گوزەران و ئاستی ژیانی خەڵک هەتا دوایی.