sewerabdulrehman.jpg

کوردستان لە لێواری مەترسیدا

Oct 14, 2024  |   بیروڕا 

سەروەر عەبدولڕەحمان

 

سی و سێ ساڵه‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆماڵی له‌م هه‌رێمه‌دا فه‌رمانڕه‌وایی ده‌کات و ڕژێمی داگیرکه‌ری به‌عسی ڕاماڵراوه‌، سی و دوو ساڵه‌ په‌رله‌مان و حکومه‌تی خۆمان هه‌یه‌، له‌و سێ ده‌یه‌یه‌دا چه‌ندین نه‌خۆشی و ناخۆشی و نه‌هامه‌تی ڕوی تێکردین، گرانی، نه‌بوونی، هه‌ڕه‌شه‌ی به‌عس، هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌وروبه‌ر، شه‌ڕی ناوخۆ و چه‌ندانی تر، به‌ڵام هیچ کات به‌قه‌د ئێستا کوردستان لاواز نه‌بووه‌ و به‌قه‌د ئێستا له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیدا خۆی نه‌بینیوه‌ته‌وه‌.
ئه‌گه‌ر دوێنێ برسێتی ڕووی تێکردبین، به‌ڵام هه‌موومان وه‌ک یه‌ک بووین که‌چی ئه‌مڕۆ جیاواز، ئه‌گه‌ر دوێنێ هه‌ڕه‌شه‌ی ده‌ره‌کیمان له‌سه‌ر بووبێت به‌ڵام له‌ناوه‌وه‌ خۆڕاگر بووین و تاکی کوردی وه‌ک ئێستا بێ ئومێد و تێکشکاو نه‌بوو، ئه‌گه‌ر دوێنی دوژمن و نه‌یارمان زۆر بووبێت به‌ڵام خۆمان دۆستی خۆمان بووین، ئه‌گه‌ر دوێنێ شه‌ڕی نه‌گریسی ناوخۆشمان کردبێت به‌ڵام هاوپه‌یمان و پاڵپشته‌کانمان ده‌ستیان گرتین و کۆتاییان پێی هێنا.
له‌ سی و سێ ساڵی ڕابردوودا چه‌ندین جار پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی گشتی ئه‌نجامدراوه‌، پێنج خولی په‌رله‌مانی کوردستان، دوو خولی شاره‌وانیه‌کان، سێ خولی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکان، پێنج خولی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، به‌ڵام له‌ هیچ کامیاندا ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌ی ئێستا (خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی کوردستان) به‌ کێشه‌ و گرژ و ناسه‌قامگیر نه‌بوون، له‌ هیچ کام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌قه‌د ئێستا گوتاری لایه‌نه‌ سیاسیه‌کان (به‌بێ جیاوازی توند و تیژ و نا ئه‌قڵانی و نابەرپرسیارانە نه‌بوون، لە هیچ کام لە هەڵبژاردنەکاندا بەقەد ئەمجارە وادە و بەڵێنی بێبنەما بە خەڵکی نەدراوە، له‌ هیچ کام له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کاندا به‌قه‌د ئه‌مجاره‌ ئازاری ده‌روونی هاوڵاتیی ده‌نگده‌ر نه‌دراوه‌، له‌ هیچ کام له‌ سه‌رده‌می هه‌ڵبژاردنه‌کانیشدا هه‌رێمی کوردستان به‌قه‌د ئێستا له‌ لێواری مه‌ترسی و له‌به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌دا نه‌بووه‌، که‌چی بڕیاربه‌ده‌ستان وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌ بایان بینیبێت و نه‌ باران نابه‌رپرسیارانه‌ به‌رده‌وامن له‌سه‌ر هه‌ڵه‌ و عینادی و خۆپه‌رستی و خۆبه‌زلزانینه‌کانیان!
هەر بۆیە تاکە دەرچە کە لەبەر بەردەمیاندا بێت گەڕانەوەیە بۆ پرەنسیپی لێبوردەیی و بەیەکەوە ژیان و بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی،  چونکە دوا جار حوکمی مێژوو بڕیاری خۆی لەسەریان دەدات و دەبێ لەوە تێبگەن کە لە ڕابردوودا زۆری لەوان دەوڵەمەندتر و بەهێزتر و لوت بەرزتری فڕێداوەتە سەرانگوێلکی خۆیەوە!
بەداخەوە هەرێم و خەڵکەکەی لە ئێستادا لەبەردەم هەڕەشەیەکی مەترسیدار و دەرفەتێکی لاوازدایە، ئەگەر سەرکردایەتی کورد دوا تیری خۆی زانایانە نەهاوێژێت و زۆر بە ئاگا نەبێت، دوور نیە ئامانجی تیرەکە سەر سنگی خۆی بپێکێت!