image_2024-09-23_15-38-50.png

بەرنامە و پەیام و سلۆگان

Sep 24, 2024  |   بیروڕا 

سلێمان مستەفا حەسەن

لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی هەڵبژاردن چاوەرێین حزب و کاندیدان بەرنامەو پەیام و سلۆگانیان ئاشکرا بکەن بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، سلۆگان واتە دروشمی سەرەکی و باڵا کە وێنەی راستەقینەی بەرنامەو پەیام دەگرێتەوە خۆی، پەیامیش ئەو نامە کورتەیە کە حزب و کاندیدان لەبەرنامەی هەڵبژاردنەکەیان هەڵیانهێنجاوە کورت و پوخت و سەد وشەیەکە و بە دەقەیەک بۆ دوو دەقە دەگەیەنرێتە بیسەرو بینەر؛ هەرچی بەرنامەی هەڵبژاردنە خۆی لە پلان و دیدگا حزب و کاندیدان دەبێنێتەوە لەبوارو پرسە گرنگەکان، پرسە باڵاکان و ئامانج و ستراتیژ کە لەبەر ڕۆشنای جیهانبینی فکر و فەلسەفەی پەسەندکراویەوە دەیکاتە بەڵێن بۆ دەنگدەران،
هەموو پرۆسەیەکی هەڵبژاردن لەڕووی ئامادەکاری و کاری سونەتی بەمشێوەی سەرەوە ڕێکدەخرێت و دەمێنێتەوە چۆن ئەو بەرنامەو پەیامەی دەگەیەنێتە دەنگدەران، چەند رۆژێکە سلۆگانی حزبەکان بە ناڕاستەوخۆ دزەیان کردوە و لایەنەکانیش بە ناڕاستەوخۆ سڵۆگانی خۆیان ئاشکرا کردووە لە هەڵمەتێکی بێدەنگدا.
بەرێوەبردنی کەمپینی هەڵبژاردن لەماوەی دیاریکراو کە لە دەسەڵاتی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنە کاتێکی هەستیار و پڕ لە هەڵچوون و داچوون و پەتای هەڵبژاردنە؛ بەپێی یاسای هەڵبژاردن و رێنمایەکانی کۆمیسیۆن و شارەوانی پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن رێکخراوە و سەرپێچیکردنی یاسا و رێنماییەکان سزای تایبەتی بۆ دانراوە، پرۆسەی هەڵمەتی هەڵبژاردن گرنگ و باڵکێشە، چونکە حزب و کاندیدان دەکەونە کێبرکێ بۆ گەیاندن و راڤەکردنی پەیام و بەرنامەم و سلۆگانیان بە دەنگدەران، حزب و کاندیدە سەربەخۆکان لەبەر ڕۆشنای دنیابینی خۆیان و بارودۆخی هەرێم پلان و بەرنامەیان دەخەنەرڕوو بۆ پرسە هەنوکەیی و کێشەکانی هەرێم لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و ناوچەکە و جیهان،
دەنگدەران لەم پرۆسەیەدا چەقی قورساین، ئایا تا چەند گرنگی بە پەیام و بەرنامەو سلۆگانی حزبەکان دەدەن؟، ئایە لە خولی شەشەم دەنگدەران جێگۆڕکێ بە رەنگە باوەکان دەکەن؟ ئایا کاتی ئەوە هاتوە یاخود با بڵێین دەنگدەری کورد باوەڕی بە بەڵێن و بەرنامە هەیە؟ یان دەنگدەران بەگشتی دابەشبونێکی کۆنکرێتی دابەشبون و دەنگی نەگۆڕی حزبێکی دیاریکراون؟ ئایا دەنگدەری کورد لە هەرێمی کوردستان بنەمای سزا و پاداشت پەیڕەودەکات لەم خولەی هەڵبژاردن؟ ئەوانە و دیان پرسیاری تر هەیە...
لەم بارودۆخەدا دەنگدەر دەکەوێتە ژێر بارودۆخێکی پڕ کوشار و بەڵێن و لەلایەن بەرە جیاجیاکانەوە، لەوانەیە تەواوی دەنگدەران سەریان لە بازاڕی بەڵێن و سەودا سەری کەمپەینی هەڵبژاردن دەرنەچێت، بە بڕوای ئێمە دەنگدر پێویستی بە هاوکاریە بۆ ئەوەی رایەکی بێلایەن شیکاری بەرنامە و سلۆگان و پەیامی حزب و کاندیدانی بۆ بکات، گرفتە گەورەش ئەوەیە لە هەرێمی کوردستان میدیایەکی سەربەخۆی نیشتیمانی دەگمەنە، هەروەها نەبونی دامەزراوەی سیاسی و ستراتیجی و سەنتەری راپرسی سەربەخۆیە، رێکخراوەکانیش لە ڕۆڵ سەرەکی خۆیان دوور خراونەتەوە، یا خراونەتە بازنەی بەرژەوەندی حزبەکان، ئەمەش کەلەبەرێکی گەورەیە لە پرۆسەکەدا، بۆیە دەنگدەر تا رادەیەک لەژێر کاریگەری هەڵمەتێکی کلاسیکی دایە؛ بۆیە دەنگدەر لە هەرێمی کوردستان رووبەروی شەپۆلێکی هەڵمەتی هەڵبژاردنی گەرماو گەرم دەبێتەوە، لەو هەڵمەتەش جۆرەها ئامڕاز بەکاردەهێنرێت، کە بەشێکی خوازراو نییە لای هاوڵاتیان،بەڵام گەر کۆ دەنگییەک بۆ گۆڕانکاری هەبێت و رایەکی گشتی هەبێت و لای وابێت کە گرفت و ئاریشەی گەورە لە ئارادان، گەر باوەڕیان بەدیموکراسی و دەستاو دەستکردنی دەسەلات هەبێت، گەر باوەریان بە بنەمای سزا و پاداشت هەبێت، دەبێت بە گرنگیەوە لە دەنگدان بروانین و ئەو مافە سیاسی و یاساییەمان بە ئەمانەتەوە پەیرەو بکەین، بە دیتنی ئێمە لەم هەڵبژاردنە دەنگێکی زۆری دەستەبژێر هەیە هاواری بەدامەزراوەیکردنی دامەزراوە نیشتیمانیەکان دەکات، دەنگێک هەیە هاوار بۆ چارەسەرکردنی گرفتە یاساییەکان دەکات لەگەڵ حکومەتی ئیتتحادی، دەنگێک هەیە هاوار بۆ سەروەری یاسا دەکات، دەنگێک هەیە هاوار بۆ مافە سەرەتاییەکانی هاوڵاتیبوون دەکات، بەڵام ئەو دەنگانە کەمن کە هاواری ئەوە بکەن پشت لە دەنگدانی خێزانی و سۆز و خێڵ و نا عەقڵانیەت بکات، بەداخەوە هیچ راپرسیەکی دروست نییە بزانین دەنگدەری کورد لە هەرێمی کوردستان دەنگی بۆ بەرنامەیە یا دەنگی دەنگدانی خێزانییە، ئەو سلۆگانانەی بڵاو کراونەتەوە جێگای پرسیار و شیکاری و تێرامانن، ئەو سلۆگانانەی لە سۆشیال میدیا بڵاو کراونەتەوە [ یەکێتیی نیشتمانی؛ کۆتایی پێ دەهێنین، پارتی دیموکراتی؛ خۆڕاگری و ئاوەدانی، یەکگرتوو؛ ئیتر بەسە، دادگەری؛ رایان دەگرین، نەوەی نوێ؛ درۆ دەکەن، هەلوێست؛ متمانە نادۆرێنین؛ بەرەی گەل؛ بە ئێمە دەکرێت] ئیتر ئەوە دەنگدەرە هەڵسەنگاندیان بۆ دەکات و لە کۆتاییشدا هەر دەنگدەرە دەنگدەدات ئەگەر بڕیاری پێش وەختەی نەدابێت، لە رۆژانی داهاتوودا بەشێوەیەکی ئاشکرا ئاشنا دەبین بە بەرنامەو پەیام و سلۆگانی تەواوی حزب و کاندیدە سەربەخۆکان ، بۆیە دەکرێت شیکاری و راڤەی جیا جیان بۆ بکرێت لەبەر رۊشنایی یاسا بەرکارەکان و ئەرک و کاری پەرلەمان و پەرلەمانتاران ، لەگەڵ داخوایەکانی گەلی کوردستان لە هەرێمی کوردستان و ئەو بارودۆخە نەخوازراوی لە ئارادایە .