سەرتیپ وەیسی
ڕەنگە مانگرتن زۆر شت نهگۆڕێت بەڵام زۆر شت ئاشکرا دەکات.
دوای شکستی ئۆپۆزسیۆن لە ناو گۆڕهپانى سیاسیدا، دوای ئەوەی ڕۆژ بە ڕۆژ ڕۆشنبیران و چالاکوانان خۆیان بە حزب، یان بەو کەس و بهم كهس فڕۆشت، دوای کڕینی ڕۆژنامەنووسان و دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئیتر ووردە ووردە جوڵەکانی شەقام وەك پێشووتر ترس و دڵەراوكێی نەما بۆ سەر دەسەڵات.
لەو ساتەوە شهقام و ئهو ئاراستەیە کارایە ههر ههوڵێكى دابێت وەك کاری بێ ئەنجام سەیر دەکرێت. ئەم ئاراستەیەش هەم ئۆپۆزسیۆن هەم دەسەڵات دروستیان کردووە و لە بەرژەوەندیشیانه و درێژەی پێ دەدەن.
بەڵام لە کاتێکدا ئەمە لایەنێکی خەمناك و بێ ئومێدی وێنەکە دەخاتە ڕوو، دیوێکی جوان و ئومێدبەخشی هەیە: مانگرتنەکە زۆر ڕووخساری شاراوەی دەرخست، دەمامکی لابرد و پووچی و ناوبۆشى ئەو کەسانەی ئاشکرا کرد کە ڕۆژگارێك قارەمانانە دەرکەوتن.
نمونە بۆ ئەو قسانەى سهرهوه وەردەگرین:
*بەر لەهەر شتێک حیزبی سیاسی خۆی پلان و سەرکردایەتی نارازیەکان دەدات و خەڵك دوای ئاراستەکە دەکەوێت و پشتیوان دەبێت. بهڵام لە هەرێم پێچەوانەیە خەڵك سەرپەرشتی ئاڕاستەی نارازیەکان دەکات و حیزب و کەسایەتیەکان گوایه پشتیوانیان دەکەن، ئەمەش بهڵگهى ئاشکراکردنی نا جدی بوون و بێ پلانی ئەو حیزب و ئەو کەسانە ئاشکرا دەکات.
*ئەگەر ئەو مانگرتنە نەبوایە، کێ درۆی ئەو سەرکردهی ئاشکرا دەکرد کە بانگەشەی ئەوەی دەکرد "ئێوە ناڕەزایەتی دەرببڕن، منیش ڕێبەرایەتی دەکەم"؟
*گەر مانگرتوان نەبوایە کێ دەیزانی ئەو جووت برایەی سەریان لە خێمەکەدا وهك دوو نمایش کاری بێ کردارن ( فیگەری بێکردەوەن) ئەوەتا یەکێکیان لەکۆبونەوەی ئەنجومەن ناتوانێت لە بەیاننامهى حکومەت بە رستەیەك پشتیوانیان بکات، ئەوی تریش لە روخانی حکومەت و تەوتینەوە هاتوە دەڵێت چیتان پێویستە لەگەڵتانم؟!
*ئەگەر مانگرتنەکە نەبوایە، چۆن ترسی پارتی لە ناڕەزایەتییەکان بەو شێوەیە بە ڕوونی ئاشکرا دەبوو؟ ئەو حیزبەی پۆزی یەکەم بوون لێدەدات لە هەڵبژاردن کەچی لە دەنگی مامۆستا دەترسێت؟!
*مانگرتوان دەریاخست ئەوانەی دەیانگوت هەولێر لۆ هەولێریەکان وەردەگرینەوە تەنانەت نەیانتوانی مۆڵەتی ناڕەزایەتی لە پارێزگاکە لەسەر مووچەی مامۆستایان و فەرمانبەران دەستەبەر بکەن.
*هەر مانگرتن و برسییهتى مانگرتووان بوو پارێزگاری هەولێری ناچار کرد قسە بکات، ڕایگەیاند کە ڕێگە بە میوانان دەدەن بچنە ناو پایتەختەوە، بەڵام تەنها بە مەرجی بێدەنگی.
*ئەی هەر ئەو جوڵە خۆرسکە نییە ئاگری لە سهرۆكه ههڵتۆقیوهكهى جوڵانەوەی نەوەی نوێ بەرداوە و سەرۆکەکەی باوەڕی وایە خۆی نەبێت نابێت هیچ جولەیەکی تر هەبێت لە شەقام و تهخوین دهكات ؟!
ئەوە نییە ئۆپۆزسیۆن بۆتە دیکتاتۆر و هەر رۆژەی تۆمەتێك بۆ مانگرتوان دروست دەکات تەنها لە بەر ئەوەی روی راستی فشەی ئەویان دەرخست.