bekesqadr.jpg

هەڵپەساردنی پەرلەمان!

Feb 17, 2025  |   بیروڕا 

بێکەس قادر

 


    هەڵبژاردنی شەشەمین خولی پەرلەمانی كوردستان، سەرەڕای چەند جارێک دواخستنی، لە 20ی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 بەڕێوەچوو. لە 24/11/2024 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاکامی کۆتایی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی پەسەند کرد. سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 2024/11/26، فەرمانی هەرێمیی ژمارە (417)ی ساڵی 2024ی تایبەت بە گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی، دەرکرد. بەپێی فەرمانەکە، کە پاڵپشت بە حوکمی بڕگەی (3) لە ماددەی (10)ی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ژمارە (1)ی ساڵی 2005ی هەمووارکراو دەرچووە،  سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بانگهێشتی کاندیدە دەرچووەکانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانی کرد بۆ گرێدانی دانیشتنی یەکەمی خولەکە لە کاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی 2024/12/2.
رۆژی 02/12/2024، دانیشتنی (یەکەم) ی خولی پایزەی ساڵی یەکەم لە شەشەمین خولی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەچوو، کاندیدە هەڵبژێردراوەکان سوێندی یاساییان خوارد و دوای وەرگرتنی پشوویەک، دانیشتنەکە دەستی پێکردەوە، کەچی بەهۆی ئامادەنەبوونی ڕێژەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمان، دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا.
ئێستا 85رۆژ بەسەر کاتی پەسەندکردنی ئاکامی هەڵبژاردن و 77ڕۆژ بەسەر دانیشتنی یەکەمی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان تێپەڕ دەبێت، کەچی هێشتا دانیشتنەکە - کە بۆ کاتێکی نادیار هەڵگیرا-، هەروا ماوەتەوە و پەرلەمانی کوردستان بەکردەوە خولی هەڵپەساردنی بەسەر دەبات،نەک کارکردن. ئەوە لەکاتێکە کە گۆڕانکاری زۆر لە ناوچەکە و دەوروبەرمان ڕوویداوە و پێشبینی بۆ پێشهات و گۆڕانی دیکەش دەکرێت، هەرێمی کوردستان لە نێو جەرگەی جوگرافیای ئەو ڕووداوانە دایە و لێکەوتەکانی ئەم ڕەوشە کارتێکردنی لەسەر ئێستا و داهاتووی هەرێمی کوردستان دەبێت، بۆیە هەرێم پێویستی بە ڕەنگڕێژکردنی سیاسەتێکی نوێ و حکومەتێکی نوێ و پەرلەمانێکی کارایە.
      پەرلەمانی کوردستان جگە لە ئەرکی سەرەکی خۆی لە متمانە بەخشین بە کابینەیەکی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەسندکردنی بودجەی ساڵانە - کە چەندین ساڵە بودجەنابرێتە پەرلەمان - و چاودێریکردنی دامەزراوەکانی جێبەجێکردن، لەو ڕەوشە سیاسییە هەستیارەدا دەبوایە پەرلەمان دەستبەجێ کار لەسەر ئەو پرسانە بکات:
- کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی کوردستان.
- یاسایەکی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
- بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان.
- نوێکردنەوەی دەستە سەربەخۆکان.
    پێک نەهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی ئاسایی و یاسایی خۆی و درێژەدان بە کۆبوونەوەکانی لێژنەی تەکنیکی نێوان پارتی و یەکێتی، بۆ لاوازی ئاستی بەرپرسیارێتی و بێباکی ئەو دوو لایەنە دەگەڕێتەوە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و ویستی دەنگدەران.
دواخستنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەڵپەساردنی پەرلەمانی کوردستان، هیچ پاساوێکی سیاسی و یاسایی نییە، چونکە درێژەکێشانی ڕەوشەکە بەو ڕەنگە، هەنگاوێکی دروست نییە بە ئاراستەی گۆڕانکاری و بەدەنگەوەچوونی داخوازییەکانی خەڵک و بەرجەستەكردنی فۆڕمێکی نوێی حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان.