عومەر گوڵپی
لە عێراق پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران بەردەوامە، کەچی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە (٢٠١٦)ەوە پلەبەرزکردنەوەی مامۆستاو فەرمانبەرانی بە ستەم ڕاگرتووە! ئایا کاتی نەهاتووە ئەم ستەمە کۆتایی پێبهێنرێت و لیستی مووچەو شایستەی دارایی مامۆستایان و فەرمانبەران لەگەڵ بەغدا یەک بخرێت؟
ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران لە کاتێکدایە کە بە پێی یاسا ئەم مافە بۆ فەرمانبەران دابین کراوەو نە وەزارەتی دارایی و بە ئەنجومەنی وەزیران بۆیان نییە مافێک یاسا بیدات بە هیچ پاساوێک ڕایبگرن!
ڕاگرتنی پلەبەرزکردنەوە وەک لێبڕینی بەردەوامە لە مووچە، چونکە هەموو فەرمانبەران دوو تا سێ پلەیان لەلای حکومەتی هەرێمەو تا ئيستا بۆیان نەبەستراوە کە هەر پلەیەک لەنێوان (٣٠،٠٠٠ تا ١٥٠،٠٠٠) دینار دەخاتە سەر مووچە بە پێی ئاست و پلەی فەرمانبەر، واتە بەهۆی پێنەدانی دوو پلەوە هەر فەرمانبەرو مامۆستایەک مانگانە نزیکەی (٦٠،٠٠٠ تا ٣٠٠،٠٠٠) دینار کەمتر لە مووچەکەی وەردەگرێت!
لە ئێستەدا بەغدا سەرقاڵی هەموارکردنی خشتەکانی مووچەو خەرجییە لە یاسای بودجە بۆ ساڵی (٢٠٢٥) بە بەشە بودجەو مووچەی هەرێمی کوردستانیشەوە، بۆیە ئەرکی ئەو لیژنانەیە کە دەچنە بەغدا بۆ گفتوگۆی خشتەکانی مووچە کە لیستی مووچەو پارەی پێویست بۆ مووچە بە پلەبەرزکردنەوەوە جێگیر بکەن و کۆتایی بەم ستەمە بهێنن کە دە ساڵە لە مامۆستاو فەرمانبەر دەکرێت، هەروەها ئەرکی ئەندامانی کوردی ئەنجومەنی نوێنەرانیشە داکۆکی لەم ماف و شایستە داراییەی مامۆستایان و فەرمانبەران بکەن.
ئەگەرچی بەغدا پلەبەرزکردنەوەکەی ڕانەگرتووەو هەرێمی کوردستان خۆی لەو کاتەی نەوتی بەبۆری دەفرۆشت ئەم کارە نایاساییەی کرد، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران لە ساڵانی ڕابردوودا بەبێ گەڕانەوە بۆ بەغدا خۆی پلەبەرزکردنەوەی بۆ بواری سەربازی و سێ سەرۆکایەتییەکە و دادوەرەکان دەست پێکردەوە، بەڵام لە ئێستەدا کە لیستی مووچە بەپێی تێبینییەکانی بەغدا ڕێک دەخرێت، گرنگە کۆتایی بەم ستەمە بهێنرێت و ئەم دەرفەتە لە کیس نەدرێت و فەرمانبەرو مامۆستا ساڵی (٢٠٢٥)یش هاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو نەبێت بۆیان و بە پلەی جیاوازەوە مووچەکانیان وەربگرن.