gulalesdiq.jpg

فرکسیۆنی گەورە و براوەی گەورە

Oct 25, 2024  |   بیروڕا 

گوڵاڵە سدیق

 

هەڵبژاردن بۆ خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی هات و هەریەکە لە ی.ن.ک و پ.د.ک و ن.ن خۆیان بە براوەی هەڵبژاردن دەزانن و لە ژمارەی دەنگ و کورسیەکانیان ڕازین و دڵخۆشن بە ئەنجامەکەی، لەبەرامبەردا هەریەکە لە ڕەوتی هەڵوێست و بەرەی گەل و یەکگرتو و کۆمەڵ و گۆڕان خۆیان بە ستەملێکراو و دەنگ دزراو دەزانن و ناڕازین لە دۆخەکە.
پاش بڵاوکردنەوەی ئەنجامی کۆتایی لەلایەن کۆمسیۆنەوە، وە پاش پەسەندکردنی ئەنجامەکان لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە ئیتر چاوەکان دەچێتە سەر پێکهێنانی کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێم.
بەڵام کابینەی دەیەم کێ دەتوانێت پێکی بهێنێت؟ ئایا بە ئاسانی دێتە بوون؟!
ئاشکرایە ساڵانی ڕابردوو هەر لەدوای کۆتایهاتنی هەڵبژاردن بەهۆی بونی ١١ کورسی کۆتاکان و یەک بازنەیی، بێ هیچ چەند و چونێک فراکسیۆنی گەورە زۆر ڕوون و ئاشکرا بەچاو دیاربوو و هەستی پێ دەکرا، کە پ.د.ک لەگەڵ ١١ کورسی کۆتاکان دەیتوانی بێ منەتانە حکومەت پێک بهێنێت. وەک خاوەن ماڵ و خاوەن خوان بەوپەڕی منەتەوە هێزەکانی تری بانگهێشت دەکرد بۆ ناو حکومەت،  هەریەکە لە پێگە باڵاکانی وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی دادوەری و وەزارەتە گرنگەکانی دەبرد بۆ خۆی، وە ئەو وەزارەتانەی کە دەمایەوە دەیدا بە هاوبەشەکانی لەسەر ریتمی (وەریدەگریت یان وەریناگریت هەر ئەوەیە).
بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا، دۆخەکە بەتەواوەتی گۆڕاوە، راستە پ.د.ک براوەی یەکەمی هەڵبژاردنە بە ژمارەی دەنگ، بەڵام فراکسیۆنی یەکەمی هەڵبژاردن نیە و پێگەیەی جارانی لەدەست داوە بە ژمارەی کورسی.
جگە لە سۆشیالست و سێ کورسی کۆتاکانی هەولێر و دهۆک، پ.د.ک تەنها بە بەشداری ن.ن و دەتوانێت ٥٠+١ بەدەست بهێنێت کە ئەوەش مەحاڵە!
چونکە بە ئەزمون سەلمێنراوە هەر هێزێکی بەناو ناڕازی هێزەکانی تر وەلا بنێت و لە پ.د.ک نزیک ببێتەوە یان هاوپەیمانی ببەستێت لەگەڵ پ.د.ک بۆ پێکهێنانی حکومەت ئەوا بەر توڕەیی و نەفرەتی دەنگدەرانی دەکەوێت( هەروەک چۆن گۆڕان لە ١٧/٤/٢٠١٤ ڕێکەوتنی لەگەڵ پ.د.ک کرد بۆ پێکهێنانی حکومەت تەنها بە ١٣ ڕۆژ پێش هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی پارێزگاکان دەنگەکانی کەمیکرد) کە ئەم هەنگاوەش لەئێستادا ن.ن ئەستەمە خۆی بدات لە قەرەی!
ئەگەر بە هەر هۆکارێک ن.ن چوە بەرەی پ.د.ک و حکومەتیان پێکهێنا، ئەوا حکومەتێکی لاواز دەبێت و لەدێگەڵە بەملاوە هیچ ئەرزشێکی نابێت!
سەرئەنجام، پارتی بە ڕوکەش براوەی هەڵبژاردنە، بەڵام واقع پێمان دەڵێن خاوەندارێتی گەورەترین فراکسیۆنی لەدەستداوە و لەو ڕووەوە دۆڕاوە.
 هەر لەبەرئەوە چیتر ناتوانێت کابینەی دەیەم وا بە ئاسانی پێکبهێنێت، بێ منەت بێت لە بەشداریپێکردنی هێزە براوەکانی تر وەک ی.ن.ک کە جگە لەزیادبوونی دەنگەکانیان، کورسیەکانیشیان زیادیکردوە (ئەگەرچی بەژمارەیەکی کەمیش بێت)
 کەواتە هەر هەوڵ و هەنگاوێکی پ.د.ک بۆ پێکهێنانی حکومەت لەم دوو خاڵە بەدەر نیە:
١ـ بەبێ ی.ن.ک تەنها کات دەکوژێت و کابینەی دەیەمی بۆ پێک نایەت.
٢ـ بەبەشداری ی.ن.ک حکومەت پێک بهێنێت و بە زۆرینەی داواکارییەکانی ی.ن.ک ڕازی بێت، چونکە چیتر حکومەت بەتەنها لە مەتبەخی پ.د.ک ناکوڵێت و پێک نایەت!