image_2024-09-23_15-38-50.png

بەرەو هەڵبژاردنێکی جیاواز و کەمپینێک بەزمانی گوڵ و زمانی نیشتیمانی

Sep 23, 2024  |   بیروڕا 

سلێمان مستەفا حەسەن


بۆ دەبێت بەرەو ناوەندەکانی دەنگدان بڕوین و دەنگ بدەین؟ بۆ متمانەمان بە هەڵبژاردن هەبێت؟، پەرلەمان چ سود و خێرێکی هەیە؟، هەڵبژاردن چی لە ژیانمان دەگۆڕێت؟، هەڵبژاردن چی لە سیستەمی حوکمڕانی دەگۆرێت؟
دڵنیام ئێوەی خوێنەریش دەیان پرسیاری هاوشێوەتان هەیە، بەڵام گەر تۆزێک بگەڕێینە دواوە، بە هێواشی و ئەقڵانی شرۆڤە پرسیارەکان بکەین، شرۆڤەیەک دوور لە لایەنگیری ئەم و ئەو، دوور لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی، دوور لە هەڵپە و هات و هاواری پۆپۆلیستانە، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ خولی شەشەم جیاواز دەبێت بۆ یەک بە یەکی تاکی کورد و کوردستانی، لەئەنجامی ئەزموونکردنی پرنسیپەکانی دیموکراسی بەهەڵە، کۆمەڵێک پرس قوتبۆتەوە ناکرێت خۆمانی لێ نەبان بکەین و نادیدەبیگرین، بۆیە دەبێت لە پێش هەموو شتێکدا بە ڕاشکاوی دان بەهەڵەکاندا بنێین، هەڵبژاردن بکرێتەوە وێستگەی هەستانەوەو گێڕانەوەی متمانە لە نێوان حزبەکانی هەرێمی کوردستان و هاولاتیان، دەبێت گۆڕەپانی کەمپەینی هەڵبژاردن بکرێتە سەکۆی دیالۆگی پڕۆژە و دنیابینی ئەزموونی دوای 32ساڵ ئەزموون و هەڵەکردن، ئەم هەلە بکرێتە دەرفەت بۆ دەستەبەرکردنی مافە دەستوریەکان وچارەسەرکردنی کێشەو گرفتەکان لەگەل حکومەتی ئیتتحادی بۆ دەستەبەرکردنی ئاشتی کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاریە بنەڕەتیەکان و پێکەوەژیان و پێچانەوەی دۆسیە ڕەش و خۆخۆریەکان، هەڵدانەوەی لاپەرەیەکی نوێ، لاپەرەی بەئاگا هاتنەوە و بنیاتنانەوە، لاپەرەی سەروەری یاساو سەروەری مرۆڤ و کوردایەتی و سیستەم و دامەزراوە نیشتیمانیەکان .
ئەم هەڵبژاردنە جیاوازە و ئەرکی گران و جیاواز دەبێت، چونکە دوای هەڵە کوشندەکان ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامدەدرێت، دوای دروستبونی بۆشایی یاسایی و حوکمڕانی بێ ئەزمون دەکرێت.
ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت چونکە لەم هەڵبژاردنەدا کۆمەڵێ داخوازی بنەرەتی جەماوەر و حیزبەکان و رێکخراوەکان بەدیهێنراون بۆ ئەوەی بەرەو سندوقەکانی دەنگدان برۆین؛ لەوانە تۆماری بایۆمەتری دەنگدەران، بەرکاربونی کارتی نیشتیمانی، ئەژمارکردن و جیاکردنەوەی دەستی و ئەلکترۆنی لەوادەیەکی کورت دا، بۆیە دەنگدان جیاواز دەبێت، هەرێم چوار بازنەیە، هەر بازنەیەک کاندیدانی هاوشاریانی خۆی هەیە و بەدەنگی
هاوشاریان نوێنەرانیان دەنێرنە پەرلەمان، یەکسانی لە نوێنەرایەتی شارەکان دەستەبەرکراوە، دەیان حزب و سەدان کاندید بەشدارن، یۆنامی و وڵاتانی جیهان و حکومەتی ئیتتحادی بەگرنگیەوە لە هەڵبژاردنی هەرێم دەڕوانن.
بۆ ئەوانەی بە ئەنقەست و بێ پاسا و پەلاماری پەرلەمان دەدەن و بێئومێدن، بۆ ئەوانەی لە دڵسۆزی و خەمخۆرییان پەلاماری پەرلەمانی دەدەن و هەڵبژاردن بە شانۆگەری ناودەبەن، بۆ ئەوانەی بێ ئومێدبوون لە پەرلەمان و هەڵبژاردن و سیستەمی حوکمڕانی، ئەو ڕاستییە ئاشکرا بوو کە پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمان واتە بوونی قەوارەیەکی یاسایی دەستوری ڕەوا متمانە پێدراو لە لایەن گەلەوە، بۆ کۆتاییهێنانە بەهەڵەکان و دووبارە نەکردنەوەیان، بۆ ڕاستکردنەوەی هەڵەکان، دەبێت لەشکری دەنگدەران بێنە دەنگ و بەشداری دەنگدان بکەن و قسەی خۆیان بکەن، چونکە تاکە مینبەری ئەقڵانی مینبەری سندوقەکانی دەنگدانن، بەشداریکردنە لە چارەسەرکردنی پرسەکان.
بۆیە رووی دەمم دەکەمە دەنگدەران تکایە تکایە بڕۆنە سەر سنوقەکانی دەنگدان، تکایە ئەومافەتان بەکاربهێنن، با واتەوات و تۆوی بێئومێدی ساردتان نەکاتەوە، دەکرێت جەماوەر کۆدەنگ بێت لەسەر دەستپێکی قۆناغی نوێ قۆناغی یەکبوون و برایەتی و گۆڕانکاری، قۆناغی گێڕانەوەی شکۆ بۆ دامەزراوەکانی هەرێم و داماڵینیان لە پرۆسێسی سیستەمی حزبی و کەسی.
پێشنیار و پەیامی هەر هاونیشتیمانەیەک بۆ حزبەکان و کاندیدا ؛
تکایە هەڵمەتی هەڵبژاردن بە زمانی گوڵ و زمانی نیشتیمانی و هاوچەرخانە بەرێبکەن .
تکایە بە زمانی پرس و بەرنامە و دیدگا و چارەسەر لە دەرگامان بدەن.
تکایە بیرتان بێت ئێوە دەتانەوێت ماڵی یاسادانانی کوردان کارا بکەنەوە.
تکایە بیرتانبێت ئێوە دوژمنی یەکترنین ئێوە رکابەری یەکن، دوای هەڵبژاردن لەسەر مێزێک دادەنیشن و گفتوگۆ دەکەن، سەدان دۆسیە چاوەرێتانە، شەڕی مافە دەستوریەکان شەڕی چاودێری حکومەت و یاسادانانە، دەرفەتی هەستانەوەی ئەزمونی حوکمڕانی ڕەشید و ڕەوایەتی دەسەڵات و بەنیشتیمانیکردنی دامەزراوە نیشتیمانیەکانە.
لە لایەکی ترەوە، هاوڵاتیان چاویان لەسەر کار و ئەرکی رێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنییە لەم هەڵبژاردنەدا؛ تکایە چاوی نیشتیمانبن چاوی یاسا و چاوی بنیاتنانبن، چاوی متمانەو ئاکاربن، بەرچاو روونی بدەن بەدەنگدەران و چاودێر و بریکاری میللەتبن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی جیاواز و پاک و بێگەرد و دیموکراسیانە .