بێکەس قادر
هەڵبژاردن گەڕانەوەیە بۆ ڕای خەڵک، بۆ ئەوەیە پرس بە خەڵک بکرێ و بزانرێ خەڵک چی دەوێ، ئامانج ئەوەیە پڕەنسیپی گەل سەرچاوەى دەسەڵات و شەرعى بوونیەتی بەرجەستە ببێ، لە ڕێگەی دەنگدانى ڕاستەوخۆ و نهێنى خەڵک نوێنەرانی خۆی بۆ ماوەیەکی دیاریکراو بە شێوەی دیموکراسی هەڵبژێرێ، واتە شەرعیەتی حوكمڕانی لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە پێكدێت، بۆ ئەوەی ئەو شەرعیەتە لەكەدار نەبێ، دەبێ پرۆسەی هەڵبژاردن بەگشتی بەپێی یاسا ڕێك بخرێت، یاسا دەرفەتی یەكسان بۆ هەمووان وەكوو یەك دەستەبەر بكات. هەڵبژاردن بۆ دەستەبەركردنی شەرعیەتی حوكمڕانی و دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتە.بۆیە پێشلكردنی یاسای هەڵبژاردن و هەرجۆرە دەستكاریكردنێكی ئاكامی هەڵبژاردن و گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردن، پێشێلكردنی بنەماكانی هەڵبژاردن و ویستی دەنگدەران و ئیرادەی گەلە.
هەر سیستەمێك ئەگەر خەوش لە یاسا و لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردنەكەیدا هەبێ، بە سیستەمێكی دیموكراسی ناژمێردرێ. بۆ ئەوەی سیستەمی هەر هەرێم و وڵاتێك بە دیموكراسی دابنرێ، پێویستە پڕۆسەی هەڵبژاردن دیموكراسی و پاك و دادپەروەر بێ.
لە هەرێمی کوردستان دوای 32 ساڵ لە بەڕێوەچوونی یەکەمین پڕۆسەی هەڵبژاردن لە 19ی ئایاری ساڵی 1992دا، تا ئێستا هەڵبژاردن بەپێی پێوەرەکانی دیموکراسی بەڕێوەنەچووە، تا ئێستا دەرفەتی یەکسان بۆ هەمووان فەراهەم نەکراوە، تا ئێستا حکومەت بە پێی پڕەنسیپی زۆرینە پێک نەهێنراوە، دوو لایەنی باڵادەست لە هەرێم نە لە دەسڵات پێکەوە هەل دەکەن، نە بۆ خۆیان بڕوایان بە ئۆپۆزسیۆنبوون هەیە، ئەوان بڕوایان بە بردنەوە و دۆڕان لە هەڵبژاردن نییە، بۆیە زەمینەی دەستاودەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات مەیسەر نییە، هەرلایەنێک لە دەرەوەی ئەو پێوەرانە دەست بە کورسی دەسەڵاتەوە بگرێ، هەرێم بە خاک و خەڵک و هێزی پێشمەرگە و دەسەڵات و داراییەوە بەش بەش بکات، ئەوا شەرعیەتی دیموکراسی نییە، نابێ وەکوو شۆڕش، یان کۆدەتا تەماشای هەڵبژاردن بکرێ، هەڵبژاردن گەمەیەکی دیموکراسییە، ڕاستە لەو یاریەدا براوە و دۆڕاو هەیە، بەڵام دواجار براوەی سەرەکی خەڵکە، بۆیە بەبێ دەستاودەستكردنی دەسەڵات، هەڵبژاردن مانایەکی نییە.
فشار درووستکردن و بەزۆر فۆڕم پێ پڕکردنەوە، بە فەرمانبەران و کارمەندانی حکومەت لە لایەن حزبەوە، کڕینی ویژدانی هەندێک و بێ نرخ کردنی بەها بەرزەکانی کۆمەڵگە و برەودان بە هەندێ دەستەواژەی دوور لە ئیتیکی سیاسی، نەک هەر پێشێلکردنی پرەنسیپەکانی دیموکراسی و هەڵبژاردنە، بەڵکو هاندەرە بۆ لە ڕێ لادانی پرۆسەی هەڵبژاردن و بێ ئومێدکردنی خەڵک.
پەنابردن بۆ فشار و تووندوتیژی لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، لە خزمەتی خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسی نییە، مەودای لێکترازانی سیاسی فراوان دەکات، نەک هەر هەرێمی کوردستان بەرەو کەناری ئارامی نابات، بەڵکوو ئەگەری ئەوەش هەیە، لێکەوتەی مەترسیداری لێ بکەوێتەوە، بۆیە ترس لە هەڵبژاردن، ترسە لە خەڵك!