ebubekrheledni.jpg

بۆشایی یاسایی! یەکێک لەدرۆکانی دەسەڵاتی خۆسەپێن!؟

Jun 14, 2023  |   بیروڕا 

ئەبوبەکر هەڵەدنی

 

لەدوای دروست بونی یەکەم ئەزمونی پەرلەمان وحکومەتی هەرێم لەدوای ڕاپەڕینە مەزنەکەی گەلەکەمانەوە،هیچ هێز ولایەنێکی دەرەکی بەئەندازەی دەسەڵاتی خۆسەپێنی باشوور یاری بەچەمک ودەستەواژەکان نەکردوەو لە ناوەڕۆکی خۆیانی خاڵی نەکردۆتەوە(قەوارەی هەرێم،ئازادی،دیموکراسی،یاسا،دادگا،زانکۆ،هۆگری،دادپەروەری،نەتەوەو نیشتیمان).
یەکێک لەوچەمکانە بۆشایی یاساییە ،هەرکات ویستبێتیان کودەتایان بەسەر یاسا دا کردوە،خۆیان لەهەڵبژاردن دزیوەتەوە،،تەمەنی خۆیان بەنایاسایی درێژ کردۆتەوە،دام ودەزگاکانیان پەکخستوە.
گەر لەخەمی یاسادا بونایە پابەند دەبون بەجێبەجێکردنی یاساکان،گەر خەمی بۆشایی یاساییتان بوایە پابەند دەبون بە بەڕێوەچونی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا.
سیانزە ساڵ پۆستی سەرۆکی هەرێم نەبو لە١٩٩٢بۆ ٢٠٠٥ کەچی هیچ ڕوی نەدا،دواتر یەکێتی بۆئیدارەی سلێمانی ئەو پۆستەی داهێنا دواتر بەڕێکەوتنی ستراتیژی جوتحیزبەکە یاسای بۆ داتاشرا چونکە چەندین نمونەی سیستمی پەرلەمانیمان هەیە وسەرۆکی ووڵات نیە و دوانەی دەسەڵاتی جێبەجێکردن قوت نەکراوەتەوە لەنمونەی کەنەدا وئوستورالیا.
نزیکەی دووساڵی تر دوای ڕیفراندۆمە نیوەناچڵەکەی ئەیلولی ٢٠١٧ پۆستی سەرۆکی هەرێم ویاساکەی هەڵوەشێنرایەوە ودەسەڵاتەکانی دابەشکران بەسەر سێ دەسەڵاتەکەی تری یاسادانان وجێبەجێکردن ودادوەریدا کەچی هەر ئاسایی بوو،چونکە پۆستەکانتان بۆ خۆتان داتاشیوە کەی بتانەوێ دەیشەرعێنن وکەی نەتانەوێ نابوتی دەکەن.
دووساڵی تر دەرگای پەرلەمانتان کڵۆم دا فەیلەسوفەکانی حزب نەیانوت بۆشایی یاسایی دروست بوە چۆن دەبێت حکومەتێک بێ چاودێری پەرلەمان بڕوات بەڕێوە.
ئەوە نزیکی مانگێکە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی پەرلەمان هەڵوەشاوەتەوە،کەچی سێ سەرۆکایەتیەکە بێدەنگیان هەڵبژاردوە.
کەواتە ئەوەی لای ئێوە گرنگە دەسەڵاتە نەک شەرعیەتی یاسایی گرنگ ئەوەیە خۆتان بکوژ وببڕو بخۆر وبڕیاردەرن ،ئێ دەرکەوت ئەو خەبات وشۆڕشەشتان بۆ خۆتان ونەوەکانتان کرد.
ئێستا بۆکەس خۆی ناخاتە بەر بەرپرسیاری کێ هۆکاری دروست بونی بۆشایی یاسایی بوو و بۆ وەڵامتان پێ نیە بۆخەڵک وڕای گشتی ودۆست ودوژمن لەبەرامبەر ئەو ئابڕووچوونەی بەسەر دەسەڵاتی یاسادانانتانا هێنا کەلەبەغدادەوە بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی کوردستان بدرێت ئەو پەرلەمانەی چوار پارچەی کوردستان و دۆستی وەک بێشکچی و میتێران وکۆشنەر ئومێدیان لەسەر هەڵچنی ،کەچی دۆخێکتان بەسەر پەرلەمان هێنا کەس خۆزگەی پێنەخوازێت، مردن تۆ لەکوێی بۆ ڕۆژێکی وانەبێت بۆکەی باشیت...