koya.jpg

په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا "گرفت و چاره‌سه‌ر"

Dec 19, 2019  |   بڵاوکراوە - پەروەردە 

د.سه‌روه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان عومه‌ر - ئینستتیوتى په‌ى بۆ په‌روه‌رده‌و گه‌شه‌پێدان

ئه‌م توێژینه‌وه‌یه‌ له‌ رۆژى 19/12/2019 پێشكه‌شى كۆنفرانسى زانستى هاوبه‌شى زانكۆى كۆیه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى په‌روه‌رده‌ى كۆیه‌ كراوه‌ له‌ژێرناونیشانى (په‌روه‌رده‌ به‌ردى بناغه‌ى پێشكه‌وتنه‌).
توێژه‌ر له‌ پێشه‌كى توێژینه‌وه‌كه‌یدا نوسیویه‌تى:
په‌روه‌رده‌ بوارێكى فراوان و هه‌ستیار و گرنگ و پڕ گرفت و چاره‌نوسسازه‌، پێوه‌رى پێشكه‌وتنى هه‌ر كۆمه‌ڵگه‌یه‌كه‌، هه‌موو گۆڕانكارییه‌ك بێ په‌روه‌رده‌ لاسه‌نگ ده‌بێت و ماناى ته‌واو به‌ده‌سته‌وه‌ نادات. هه‌ربۆیه‌ ده‌بێ ده‌ستپێكى هه‌موو گۆڕانكارییه‌كى سه‌ركه‌وتوو له‌ په‌روه‌رده‌وه‌ ده‌ست پێ بكات و ته‌نها په‌روه‌رده‌یه‌كى دروستیش كلیلى كردنه‌وه‌ى گرێ كوێره‌ى گرفته‌كانى ترى كۆمه‌ڵه‌.
جێگه‌ى تێڕامانه‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا، به‌درێژایی 28 ساڵی ڕابردووی حوكمڕانی، وه‌ك كۆی كه‌رته‌كانی دیكه‌، نه‌ك كار بۆ پێشخستنی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ نه‌كراوه‌ به‌ڵكو ڕۆژ به‌ ڕۆژ ڕووبه‌ڕوی پاشه‌كشه‌ و مه‌ترسی گه‌وره‌ كراوه‌ته‌وه‌. نه‌ له‌ ڕابردوو نه‌ له‌ ئێستادا ئه‌م كه‌رته‌ جێگه‌ی گرنگی پێدانی حكومه‌ت نه‌بووه‌، هه‌رئه‌وه‌ش وایكردووه‌ ساڵانه‌ ئه‌و بودجه‌یه‌ی بۆ ئه‌م بواره‌ ته‌رخان ده‌كرێت زۆر له‌خواست و پێداویستییه‌ سه‌ره‌كیه‌كانی پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و فێركردن كه‌متربێت، ئه‌مه‌ش هۆكارێكی گه‌وره‌ی شكستهێنان و پاشه‌كشه‌ی كه‌رتی په‌روه‌رده‌ بووه‌.
بۆپێشخستنی ئه‌م كه‌رته‌ ده‌بێت حكومه‌ت هه‌نگاوی جدی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌و گرفته‌كانى بنێت، ئه‌گه‌ر نا، پرۆسه‌كه‌ به‌ته‌واوی به‌ره‌و هه‌ڵدێر و شكستهێنانی ته‌واوه‌تی ده‌چێت. چونكه‌ په‌روه‌رده‌و فێركردن له‌م هه‌رێمه‌دا، له‌قه‌یرانێكی قوڵدایه‌و هه‌ر كایه‌و لایه‌نێك له‌لایه‌نه‌كانی بگریت و لێیان بڕوانیت جێگای پرسیارو ڕه‌خنه‌یه‌كی زۆره‌! ئه‌وه‌ی له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا زیاتر ده‌مانه‌وێت له‌سه‌ری بوه‌ستین، ئه‌و گرفتانه‌ن كه‌ به‌رۆكى په‌روه‌رده‌یان گرتووه‌، هه‌ندێكیان بابه‌تى و هه‌ندێكیان خۆیین. به‌شێكیان په‌یوه‌ستن به‌ یاساو رێنمایی و سیسته‌مه‌وه‌، به‌شێكیان په‌یوه‌ندیدارن به‌ فه‌لسه‌فه‌و جیهانبینى و سیاسه‌تى په‌روه‌رده‌وه‌ له‌ هه‌رێمدا، به‌شێكیان په‌یوه‌ندیدارن به‌ ژێرخان و لایه‌نى بودجه‌وه‌، به‌شێكى پرۆگرام و به‌شه‌كه‌ى ترى به‌ مامۆستاو خوێندكارانه‌وه‌، ئه‌مه‌و جگه‌ له‌وانه‌ى میزاجى به‌رپرسان و به‌رژه‌وه‌ندى تایبه‌تى و حزبی و كه‌مته‌رخه‌مى هۆكاره‌كانیانن.
له‌م توێژینه‌وه‌یه‌دا، وێراى خستنه‌رووى گیروگرفته‌كانى په‌روه‌رده‌ له‌هه‌رێمى كوردستاندا كه‌ به‌سه‌ر هه‌ژده‌ ته‌وه‌ره‌دا دابه‌شكراون، له‌پێناو دۆزینه‌وه‌ى رێگه‌چاره‌دا كۆمه‌ڵێك پێشنیار و راسپارده‌ش خراونه‌ته‌ روو، به‌و هیوایه‌ى له‌پێناو حوكمڕانیه‌كى دروست و هێنانه‌كایه‌ى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى مه‌ده‌نیی كوردستانى پێشكه‌وتوودا له‌به‌رچاو بگیرێن.

بۆ خوێندنه‌وه‌ى توێژینەوەکە كلیك له‌م (pdf)ه‌، یاخود كلیك لێره‌ بكه‌...


په‌روه‌رده‌ له‌ هه‌رێمى كوردستاندا "گرفت و چاره‌سه‌ر"