بۆ جێبەجێكردنی ماددەی (46) ی یاسای ژمارە (1) ی ساڵی 1992 ی ئەنجومەنی نیشتمانیی كوردستانی عێراق ئەنجومەن بە ئامادەبوونی هەر (105) ئەندامەكەی كاتژمێر (10:30) ی بەیانی رۆژی پێنج شەممە ڕێكەوتی 4/6/1992 لە هەولێر كۆبووەوە.
بەڕێزان كاك مسعود بارزانی و مام جلال و سەركردەی حزبەكانی بەرەی كوردستانی و ژمارەیەكی دیكەی میوان و پەیامنێری خۆی وبیانیش ئامادەی دانیشتنەكە بوون, كە سەرەتا بە دەقیقەیەك ڕاوەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدانی كورد و كوردستان و بە خوێندنەوەی چەند ئایەتێك لە قورئانی پیرۆز دەستی پێكرد.
پاشانیش بە پێی ماددەی (47) ی هەمان یاسای سەرەوە بە تەمەنترین ئەندامی ئەنجومەن بەڕێز كانەبی خچر بڵباس كرا بە سەرۆكی كاتیی دانیشتنەكە بەڕێزیشیان پاش خوێندنەوەی ناوی ئەندامەكان و دڵنیابوون لە راددەی یاسایی كۆبونەوەكە ئەوسا دەقی ئەو سوێندە یاساییەی خوارد كە لە مادە(47) ی یاساكە هاتووە دەڵێ:
(بە خوای گەورە سوێند دەخۆم پارێزگاری لە یەكێتی گەل و خاكی كوردستانی عێراق و بەرژەوەندییە باڵاكانی بكەم).
لە دوای ئەویشەوە هەموو ئەندامانی ئەنجومەنی نیشتیمانی بە پێی پیتی ئەبجەدی ئەو سوێندەی سەرەوەیان خوارد.
محمد تۆفیق رحیم جوهر نامق سالم
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی سەرۆكی ئەنجومەنی نیشتمانیی
كوردستانی عێراق كوردستانی عێراق