رۆژی پێنجەشممە ١/١١/٢٠١٨ كاژێر (٢)ی دواینیوهڕۆ لە هۆڵی نالی هوتێل رامادا لە شاری سلێمانی، بە ئامادەبوونی میدیاكاران، ئینستتیوتی پهی بۆ پهروهرده و گهشهپێدان بههاوكاری رێكخراوی سندوقی پاڵپشتی دیموكراسی (NED)ی ئهمهریكی، لە چوارچێوەی پرۆژهی چاودێری و ههڵسهنگاندنی كارهكانی پهرلهمانی كوردستاندا، مەراسیمی بڵاوكردنەوەی راپۆرتی چاودێریی بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان/ راپۆرتی دووەمی دەنگدانی گشتی بڵاوكردەوە.
ئەم راپۆرتە له (٨١) لاپهڕه پێكهاتووه، كە لەلایەن تیمی ئینستتیوتی پهی لە رۆژی هەڵبژاردن لە بنكەكانی هەڵبژاردن چاودێری كرابوو، ئەو پێشێلكاریانە خرانەڕوو كە ئەندامانی ئێمە تۆماریان كردبوو.
شایانی باسە هەر لە راپۆرتەكەدا ئەو یاداشتانەش دۆكیۆمێنت كرابوون كە لەلایەن ئینستتیوتی پهی پێشكەش بە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی كرابوون لەگەڵ ئەو سكاڵایانەی كە ئینستتیوتی پهی لای دادگای تەمیز سەبارەت بە پێشلكاری و بوونی ناوی زیادە و ساختە لە تۆماری دەنگدەراندا هەبوو تۆماری كردبوو.
لە پێشەكی راپۆرتەكەدا هاتووە، دوای ساڵێك لەدواخستنی هەڵبژاردن، رۆژی ٣٠ ئەیلولی ٢٠١٨ هەڵبژاردنی بۆ خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، ئێمە لە ئینستتیوتی پەی لەسەرتای ساڵی (٢٠١٨) راپۆرتێكی پشت بەست بە زانیاری و بەڵگەمان لەسەر تۆماری دەنگدەران بڵاوكردەوە و گرفتەكانی ئەو تۆمارە و رێگە چارەكانمان دەستنیشان كرد، لە راسپاردەكانی راپۆرتەكە داوامان كرد هێزە بەشدارەكانی ناو پرۆسەكە لە پێناو هەڵبژاردن نەچنە هەڵبژاردن، و داواشمان لە كۆمسیاران كرد ئەو ئەركە مێژووییەی سەرشانیان بە هۆشیارییەكی زۆر و بە یاسایی و رێنمایی ئەنجام بدەن، بەڵام نە پارتە سیاسییە بەشدارەكان و نە كۆمسیاران لەئاست قۆناغەكەدا نەبوون، پارتە سیاسییەكان لە بەرنەبوونی ئازایەتی سیاسی و داهاتوو نەبینین و كورت خوێندنەوەیان لەمەترسی قۆناغەكە، چوونە ئەو هەڵبژاردنەوە كە ئێستا هەموان ئەنجامەكەی دەبینین و تێكراش لایەنە سیاسیەكان ناڕازین! كە ئەمەیان هەم جێگەی گاڵتەجاڕی و هەم جێگەی پرسیارە؟ چونكە نوێنەری پێنج لایەنی سیاسی خاوەن زۆرترین كورسی پەرلەمانی هەڵبژاردنەكەیان ئەنجامداوە، كۆمسیارانیش بەهۆی فشاری حزبەکان و گوێ نەگرتنیان لە خەڵكانی پسپۆڕ و رێكخراوە شارەزاكانی بوارەكە بوون بە شێك لە پرۆسەیەكی پڕ ساختەكاری.
ئەم راپۆرتەی بەردەستان دووەم (راپۆرتی ئینستتیوتی پەی )ە لەسەر هەڵبژاردنی (٣٠- ئەیلولی٢٠١٨)، لە راپۆتەكەدا كاركراوە لەسەر (هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، پرۆسەی دەنگدانی گشتی، گرفتانەكانی بەرلەپرۆسەی دەنگدان كە پەیوەندیداربوون بە(پەرلەمان، حكومەت، كۆمسیۆن)، هەروەها باس لە پێشێلكارییەكانی رۆژی دەنگدان كراوە كە تایبەت بوو بە (قەوارەكان، هێزە ئەمنیەكان، كۆمسیۆن)، پاشان ئاماژەدراوە بەرێگەكانی ساختەكاری، سەرنج لەسەر راگەیاندنی ٨٥٪ی دەنگەكان، وادەی یاسایی راگەیاندنی ئەنجامەكان، سكاڵاكان و دواتریش سەرنجەكانمان سەبارەت بە ١٠٠٪ راگەیاندنی ئەنجامە بەراییەكان.
بۆ بینینی وێنهکانی ڕۆژی بڵاوكردنهوهی راپۆرتەکە كلیك لێره بكه...
بۆ خوێندنهوهی راپۆرتهكه كلیك لهم (pdf)ه، یاخود كلیك لێرە بكه...